عادل قادری

له‌ هه‌ر یادکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌نفالدا ده‌شێت پرسیاری نوێمان به‌رهه‌م هێنابێت! له‌ هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی ڕوفاتی پیرۆزی شه‌هیدانی ئه‌نفالدا ده‌شێت وه‌ڵامی نوێمان بۆ پرسیاره‌ کۆنه‌کان پێ بێت! له‌ هه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی تیۆریک و فه‌لسه‌فی له‌ سه‌ر کاره‌سات ده‌بێت ئه‌نفال له‌ سه‌رووی هه‌موو کاره‌ساته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بێت! هۆکاره‌که‌ش ئه‌مه‌یه‌ که‌ پرۆژه‌ی کوردقڕان و پاکتاوکردنی کورد له‌ ناو هاوکێشه‌یه‌کدا جێبه‌جێ کراوه‌ و هاوکات له‌ ناو دیسکۆرس و گوتارێکی میدیایی و سیاسییدا ئیشی پێ کراوه‌ که‌ قۆناغی دوای پاکتاوکردن و جینۆسایدکردنه‌که‌ خۆی ئه‌زموونێکی نوێ و تازه‌ له‌ برین لێکه‌وتن و زامچه‌شتن و که‌رامه‌تشکاندن بووه‌.

پرۆژه‌ی قڕکردنی جووه‌کان له‌ میانه‌ی جه‌نگه‌ جیهانییه‌کاندا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ بوو به‌ بنه‌مایه‌ک بۆ یه‌کانگیریی و بیچمگرتنی ناسیۆنالیزمێکی ڕزگارکه‌ر بۆ جووه‌کان بوو به‌ هه‌وێنی چه‌کداماڵین له‌ هه‌ندێ وڵات له‌وانه‌ش ئاڵمان! تاکوو هه‌م وه‌کوو په‌ند و تانه‌یه‌ک به‌ ناوچاوی که‌لتوور و کرده‌وه‌ی سیاسیی و مێژووی ئاڵمانه‌وه‌ بێت و هه‌میش مه‌ڵهه‌م و هه‌توانێکیش بێت له‌سه‌ر برینی ده‌سته‌جه‌معی و کۆیی جووه‌کان! دوای 39 ساڵ له‌ ئه‌نفالکردنی بارزانییه‌کان هێشتا ئێمه‌ به‌ دوای ئێسک و پرووسک و کاسه‌سه‌ر له‌ بیابانه‌کانی خواروی عێراقی عرووبه‌دا ده‌گه‌ڕێین! ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ به‌شداریی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌م گه‌ڕان و پشکنینه‌شدا سنوورداره‌ و هێز و گوتاری عورووبه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوار ده‌دات که‌ بچیته‌ سه‌ر لاشه‌ی خۆت! ئێسته‌ که‌ 100 ڕوفاتی شه‌هیدانی ئه‌نفال له‌ بیابانه‌کانی عێراق گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ باوه‌شی خاکی پیرۆز و خوێناوی کوردستان، ئایا ده‌بێ دیسان خۆمان بده‌ینه‌ ده‌ست ئه‌و هه‌سته‌ شینگێڕ و شیوه‌نکه‌رانه‌یه‌ی که‌ ساڵانێکه‌ برین و ئازاره‌کانی خۆمانی پێ ده‌لاوێنینه‌وه‌؟ یان نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ ئه‌خلاقی و سیاسیی و ده‌وڵه‌تدارییه‌کانی دونیا دابنێین و په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌ش بنێین به‌ نێوچاوانیانه‌وه‌؟ ئایا له‌م هۆلۆکۆست و کوردقڕانه‌دا سه‌گه‌کانی نوگره‌سه‌لمان تاوانبارن یان لایه‌نی ڕه‌ش و تاریکی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێڕنیته‌ و گه‌شپێدانی ته‌کنه‌لۆژیای ده‌سکرد و عه‌قڵییه‌تی ئامێریانه‌ و سه‌رمایه‌دارانه‌؟ دیاره‌ له‌ پشتی ئه‌م پرسیارانه‌ی من ته‌وسێک هه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ی مرۆڤی سه‌رده‌می پێشکه‌وتوو له‌ ئه‌ورووپا و ئاڵمان و شارستانییه‌تی ئه‌وان به‌ به‌رپرس ده‌زانێت له‌ پڕچه‌ککردن و به‌ته‌کنۆلۆژیاکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌ده‌ویی و بیاباننشین، قه‌ت مه‌به‌ستی به‌ده‌نگهێنانی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ نییه‌ که‌ جیهان به‌ ئه‌نجامێکی کاره‌ساتاویی خه‌لیقه‌ت ده‌زانێت و ئێش و ئازاره‌ جیهانگیره‌کان ده‌کات به‌ بیانوو و به‌ڵگه‌ی ڕۆحییه‌تێکی ئابزوێرد و نیهیلیزمانه‌! دیاره‌ ئه‌م تێڕوانینه‌ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ ئیراده‌گه‌رێتی و ئاماده‌بوونێکی ئێمه‌یه‌ له‌ پانتای بوون و مێژوودا! و ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌د ساڵ به‌رخۆدان و کۆڵنه‌دانی گه‌لی ئێمه‌دا ناگونجێت و دژی ڕاستییه‌ مێژووه‌که‌ی ئێمه‌ن! ئه‌نفال هاته‌ ئاراوه‌ چوون که‌لتووری عرووبه‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستیخوازیی کوردی پێ قووت نه‌چوو! ئه‌نفال هاته‌ ئاراوه‌ چوون فاشیزمی میشیل ئه‌فله‌ق له‌ باوکه‌ مه‌عنه‌وییه‌که‌ی واته‌ هیتله‌ر له‌ ئه‌ورووپاوه‌ گوازرایه‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و به‌ سه‌ر کورددا پراکتیزه‌ کرا! ئه‌گه‌رچی ئه‌نفال ناوی پرۆژه‌یه‌کی مه‌زنی کوردقڕان و پاکتاوکردنی کورد بوو به‌ڵام ئه‌نفالی بارزانییه‌کان به‌هۆکاری جۆراوجۆری سیاسی و حیزبی تووشی جۆرێک له‌ په‌راوێزخستن و ته‌راکه‌وته‌بوون کراوه‌! ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی ململانێی به‌رته‌سکی حیزبییه‌ که‌ کاره‌ساته‌ گشتگیر و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌ نێوان به‌رداشی خواست و کایه‌کانی خۆیاندا ده‌پلیشێننه‌وه‌ و تا ئێسته‌ش ئێمه‌ به‌ ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵینین! ئه‌م وشانه‌ زه‌مینه‌یه‌کی ساده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌ین ئه‌نفال ته‌نها وه‌کوو ڕووداوێکی بچووک که‌ به‌ سه‌ر کورددا هاتووه‌ نه‌بینین(ئه‌گه‌رچی له‌ ئه‌رزی واقیعدا له‌م ئاسته‌شدا له‌ لایه‌ن زۆرینه‌ی وڵاتانی ناوچه‌که‌ و زلهێزه‌کانی دونیا و ته‌نانه‌ت خودی عێراقیش دانی پێدا نه‌نراوه‌ و هیچ ده‌سکه‌وتێکی بۆ کورد دابین نه‌کردووه‌ ته‌نانه‌ت دوای به‌ جینۆساید ناساندنی له‌ لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق له‌ 3/5/2011) به‌ڵکوو ده‌بێت له‌ ئاسته‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ مرۆیی و وجوودییه‌که‌یدا بیبینین، بیگێڕینه‌وه‌ که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئاشتیخواز بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی ڕه‌وای خۆی و ژیانکردن له‌سه‌ر زێدی باب و باپیرانی له‌ لایه‌ن که‌لتووری عورووبه‌وه‌ ژن و منداڵ و پاکیزه‌ و گه‌نج و پیره‌کانی گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنێک هاوشێوه‌‌ی دۆزه‌خ؛‌ تۆپزاوه‌ و نوگره‌ سه‌لمان! کچانیان به‌شێکیان تا ئێسته‌ش بێسه‌روشوێنن و به‌ گوێره‌ی هه‌ندێ گێڕانه‌وه‌ گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاتی میسر و ناو مه‌کینه‌ی حه‌ز و شه‌هوه‌تی موسوڵمانانی عرووبه‌! ئایا جیهان نابێت له‌ به‌رده‌م ئه‌م ڕیسواییه‌ گه‌وره‌یه‌دا ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ئاره‌قه‌ی شه‌رم به‌ نێوچاوانیدا بێته‌ خواره‌وه‌ و هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ و ڕێبازه‌ فیکری و سیاسییه‌کان تووشی گومان و پرسیار بکات؟ تا کاتێک ئه‌نفال نه‌بێت به‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی نه‌مر و ئیلهامبه‌خش بۆ پاڵاوتن و پاککردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقیی گشتیی و هزری مرۆڤایه‌تی هیچ هیوایه‌ک له‌ به‌رده‌م ئاشتی و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن و دانوستاندا نییه‌ ئه‌گه‌ریش هه‌بێت هیوایه‌کی زۆره‌ملی و ناچارییه‌!