عەلوەیەکی گەورەی ساغکردنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی لە هەولێر دەکرێتەوە و هەلی کار بۆ زیاتر لە هەزار کەس دەڕەخسێنێت.

د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئەمڕۆ شوێنی عەلوەکەی بەسەرکردەوە و لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “عەلوەکە لەسەر رووبەری 120 هەزار مەتر دروست دەکرێت و زیاتر لە 200 دەکان لە خۆدەگرێت بۆ فرۆشتنی کەرەستەی خۆراک، گرنگی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە نزیک لە ناوچەیەکی کشتوکاڵییە، رێڕەوێکی بازرگانی گرنگە لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو عەلوەیە بەشێوەی راستەوخۆ هەلی کار بۆ زیاتر لە هەزار کەس دەڕەخسێنێت، دەبێتە دەروازەیەکی زۆر باش بۆ کەرستەی کشتوکاڵی و سەوزە و میوە، لە ئایندەدا کاریگەری دەبێت”.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، گوتیشی: “سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە بەڵێنیانداوە لە ماوەی مانگێکدا عەلوەکە تەواو دەکەن و دەکرێتەوە، کە ئەمەش دەبێتە یەکێکی دیکە لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر رەخساندنی هەلی کار بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی”.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کە لەکاتی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکە یاوەری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بوو، گوتی: “ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، جگە لەوەی هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت، کاریگەری زۆری دەبێت بۆ بەروبوومی خۆماڵی و بەستنەوەی هەولێر بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بواری بازرگانییەوە”.