خەبات: ڕۆستەم خامۆش:- بە ئومێدەوە لە ئه‌ده‌بیاتی منداڵان ده‌ڕوانین و به‌ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین گرنگی زیاتری پێبده‌ین، بەجدی هه‌نگاومان بۆ ناوه تا زیاتر به‌ره‌و پێشتر بچێ و بگاته ترۆپک. سه‌باره‌ت به‌م باسه و گفتوگۆ و قسه‌ی زیاتر لەباره‌ی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان، به‌پێویستمانزانی ئه‌م دیمانه‌یه له‌گه‌ڵ (ئازاد عەبدولعەزیز) شاعیر و نووسه‌ر و مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین ساز بكەین، کە خاوەنی (هەشت) بەرهەمی چاپکراوە، سێ لەوانە تایبەتن بە منداڵان.
* لەکەیەوە شیعر بۆ زارۆکان دەنووسی؟ چۆن ئاشنای ئەدەبی منداڵان بووی؟
– من لە ساڵی (۲۰۰٠) وە شيعر و چیرۆک بۆ زارۆکان دەنووسم و لە گۆڤارەکان بڵاویاندەکەمەوە، هەر لە منداڵییەوە باوکم زۆر جار شیعر و چیرۆکی فۆلکلۆری منداڵانی بۆ دەگوتين، دوای ئەوەی لە قوتابخانە و پاشانیش تەواوکردنی بەشی کوردی، له كۆلێژی ئاداب له زانكۆی سه‌لاحه‌دین، خۆم خزاندە ناو ئەو ئەدەبیاتە، هەروەها گۆڤاری (هاوار) کە لەلایەن جەلادەت بەدرخانەوە لە ساڵی (۱۹۳۲) لە شام دەرچووە، چەندین لاپەڕەی تایبەت بۆ ئەم ئەدەبیاتە تەرخان کرد بوو، ئەمەش فاکتەرێکی دیکە بوو، کە ئاشنا بم بەم ئەدەبیاتە.
*چەند بەرهەمێکی چاپکراوت هەیە بۆ منداڵان، پێمان باشە بە وردی باسیان بکەیت؟
– به‌ڵێ چەند بەرهەمێکی چاپکراوم هه‌یه، كە ئەوانەن: (سڤۆرە و داركوك) كە چیرۆكە شیعری منداڵانە، ساڵی 2004. (سترانێن ڤارینێ) كە شیعری منداڵانە، ساڵی 2009.
( كەڤۆك) كە شیعری منداڵانە، ساڵی 2010.
* هەندێ کەس وا دەزانن نووسین بۆ منداڵان ئاسانە، بەڵام کەسانی شارەزا و ڕۆشنبیر پێیان وایە نووسین بۆ منداڵان زۆر لە بابەتی دیکەی نووسین بۆ گەورەساڵان قورسترە، ڕای بەڕێزت چییە؟
– ئه‌وه‌نده ئاسان نییه، چونكه ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بۆ منداڵان بنووسێت چ شیعر، یان چیرۆك، ياخود شانۆ… تاد، بنووسێت، ده‌بێت ئاشنایه‌تی له جیهانی منداڵان هه‌بێ له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی دهروونزانيیهوه، له‌ڕووی هه‌ڵبژاردنی بابەت و به‌كارهێنانی وشه و ڕسته، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دونیای منداڵان دونیایه‌كی تایبه‌ت و پێویسته، دەبێ زۆر به‌شاره‌زایی و وریاییه‌وه بۆیان بنووسرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤ له‌سه‌ر منداڵان دروست نه‌كات و له دواڕۆژیش كاریگه‌ريی خراپی نەبێ.
* تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چییە و چۆن لە دەقی گەورەساڵان جیا دەکرێتەوە؟
– یه‌ك له تایبه‌تمه‌ندیی شیعری منداڵان هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته، چونكه بابه‌ت زۆر گرنگه، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی وشه و زمان و ناوه‌رۆك بەشێوەیەکی سادە و ئاسان، بۆ ئەوەی منداڵان زۆر به‌ئاسانی تێیبگەن و بچێته ناو ناخ و دڵيانەوە. هه‌روه‌ها پێویستە ڕه‌چاوی ته‌مه‌ن بكرێت، چونكه تەمەنی منداڵ چەند قۆناغێکی هه‌یه، به‌پێی قۆناغەکان ده‌بێ شاعیر ڕه‌چاوی ئەو قۆناغانە بكات، په‌یڤ و ڕسته‌كان كوردییه‌كی ڕه‌وان بن، به‌پێی سه‌رده‌م بابهتهكان بگونجێن.
* لە چەند ساڵی ڕابردوو زۆربەی گۆڤارەکانی تایبەت بەمنداڵان، ڕاگیران و ئێستا چاپ و بڵاوناکرێنەوە، بەڵام چەند گۆڤارێک هێشتا بەردەوامن لە دەرچوون کە جێگەی دڵخۆشییە، بەڕێزت شیعرەکانت لە کوێ بڵاودەکەیتەوە؟
– ئه‌و ڕاگیرانه‌ی گۆڤارەکانی تايبەت بە منداڵان كاریگه‌ریی خراپی هه‌بوو، هه‌م بۆ منداڵان، هه‌میش بۆ مێژووی ڕۆژنامەگەریی و گه‌شه‌كردنی ئه‌ده‌بياتی منداڵان. من له گۆڤاری (سڤۆره) شیعرەکانم بڵاوده‌كه‌مه‌وه، هه‌ندێ جاریش له وێبسایته‌كان بڵاويان ده‌كه‌مه‌وه.
* زیاتر گرنگی بە چ بابەتێک دەدەی لە نووسین بۆ منداڵان، یان چی بە پێویست دەزانی کە لە ناوەڕۆکی شیعرەکانتدا باسی بکەی بۆ منداڵان؟
– من لە نووسینەکانم بۆ منداڵان، زیاتر گرنگی به‌لایه‌نی نیشتمانپه‌روه‌ریی دەدەم بە نمره‌ی یه‌ك، لە دوای ئه‌و، لایەنی په‌روه‌رده‌یی و بابه‌ته‌كانی، وه‌ك سروشت…هتد.
* بۆچی منداڵان حەز دەکەن لە شیعر و چیرۆکدا باسی باڵندە و ئاژەڵانی تێدا بێ؟
– ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت له هه‌موو جیهاندا بابه‌ته‌كانی منداڵان، باڵنده‌كان و ئاژه‌ڵه‌كان به‌كارده‌هێنن، به‌سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی منداڵانه‌وه، چونكه پەیوهست بوونێك هه‌یه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا، به‌تایبه‌تی لەگەڵ منداڵان، هه‌روه‌ها زۆرێك له ئاژه‌ڵان له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كان ده‌ژین، ئه‌مه‌ش وای كردووه سه‌رنجی منداڵان ڕابكشێت، بۆیه بەكاریدههێنن، هه‌روه‌ها نازكی هه‌ندێ باڵنده و ئاژه‌ڵ وای كردووه، منداڵان خۆشیان بوێن، ئه‌مه‌ش وای كردووه شاره‌زایان بۆ كاریگه‌ريی كردن له‌سه‌ر منداڵان په‌نا بۆ به‌كارهێنانی باڵنده و ئاژه‌ڵان ببه‌ن، ته‌نانه‌ت بابه‌ته فۆلكلۆرییه‌كانی منداڵانیش زۆربه‌یان ئاژه‌ڵ و باڵندەیان به‌كارهێناوە و له‌سه‌ر زمانی ئه‌وان بابهتهكان ده‌گێڕنه‌وه.
* بە دید و ڕوانینی تۆ، دەبێ شیعری منداڵان، زیاتر خەیاڵیی بن، یاخود باسی شتە ناسراوەکانی دەورووبەری خۆی بن؟
– به‌ڕای من هه‌ردووکی بێت باشە، هه‌م خەیاڵ هه‌میش واقیعی، چونكه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌ده‌بیاتی جیهان و ته‌نانه‌ت فۆلكلۆری خۆشمان بكه‌ین، ده‌بینین هه‌ردوو بابه‌ت له ناوه‌ڕۆكی شیعر و چیرۆكه‌كانی منداڵان هه‌یه، بۆیه پێم باشه بابه‌تی زانستیش هه‌بێ، چونكه ئیستا سه‌رده‌م سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیایە، بۆیه ده‌بێ ئێمه‌ش خۆمان بگونجێنین له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و هاوشانی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بڕۆین.
* چی بکرێ بۆ ئەوەی ئەدەبیاتی منداڵانی کورد بەرەو پێشتر بچێ؟
– پێویستە هاوكاری ئه‌و كه‌سانه بكرێت كه خۆیان ته‌رخان كردووه بۆ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان، وه‌ك چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان، تاوه‌كو ئه‌وانیش به‌رده‌وام بن، سارد نه‌بنه‌وه. هه‌روه‌ها گرنگی به‌و منداڵانه بدرێت كه خۆیان ئه‌م ئه‌ده‌بیاته ده‌نووسن، مه‌به‌ستم شیعر و چیرۆكه، ئه‌مەش هانده‌رێكه بۆ گه‌شه‌كردنی ئه‌و به‌هرانه، هه‌روه‌ها ده‌رچوونی بابه‌تی جۆراو جۆر له باره‌ی ئه‌م ئه‌ده‌بیاته له لایه‌ن لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه، ئه‌مه‌ش فاكته‌رێكی سه‌ره‌كییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ده‌بیاته به‌رەو پێشه‌وه بچێ.
* بۆچی لە ئەدەبی منداڵانی کورد، زیاتر ژانری شیعر نووسراوە، کەمتر ئاوڕ لە چیرۆک دراوەتەوە؟
– ڕاسته زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له بواری منداڵان ده‌نووسن و ده‌ستیان داوه‌تە قەڵەم، بۆ نووسینی ژانری شیعرە، وه‌ك له بابه‌ته‌كانی دیكه، ئه‌مه‌ش به‌ڕای من بۆ چه‌ند فاكته‌رێك ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و كه‌سانە وا تێده‌گه‌ن كه ژانری شیعر زوو پێی ده‌رده‌كه‌ون، مه‌به‌ستمان ناوبانگیانه، له نووسینی ژانری وه‌ك چیرۆك، یان هه‌ر بابه‌تێكی دیكه‌ی ئه‌ده‌بیات، هه‌روه‌ها ئاسانی نووسین، گوایه نوسینی چیرۆك زیاتر ته‌كنیكی پێویسته، هه‌روه‌ها پێویستی زیاتر به كات و دیاریكردنی كارەكته‌ر هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه واناگهیەنێت كه ژانری شیعر ته‌كنیك و هونه‌ركاریی نه‌وێت، به‌پێچه‌وانه‌وه شیعریش وه‌ك ته‌واوی بابه‌ته‌كانی دیکە شاره‌زایی و جوانكاریی و ته‌كنیكی ده‌یه‌وێت، بۆیه كه‌سه‌كان زیاتر هه‌وڵده‌ده‌ن شیعر بنووسن له بابه‌ته‌كانی دیكه.
پڕۆفایل
– ئازاد عەبدولعەزیز محەمەد, ساڵی (1975) لە گۆندی گۆیزێى دەڤەری مزوری باڵا لەدایکبووە.
– لە ساڵی(1977)گوازراونەتەوە ئۆردوگای بەحركە كە ئێستا بۆتە (ناحیە).
– خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە بەحرکە تەواوكردووە.
– ساڵی (1999) بەشی زمانی كوردی لە كۆلیژی ئادابى زانكۆى سەلاحەدین تەواوكرد.
– لە ساڵی(2000) لە دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی موكریانی تاوەكو ساڵی(2012) كاری كردووە.
– لە ساڵی(2014) بڕوانامەی ماستەری لە بواری ڕاگەیاندنی ئەلیكترۆنی لەكۆلیژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەلاحەدین بەدەستهێناوە، ئێستاش وەك مامۆستا لەو بەشە، وانە دەڵێتەوە.
– ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە.