خەبات: عەلی بانیشاری:- لە دوو مانگی رابردوودا نرخی هەر ئۆنسەیەك زێڕ نزیكەی 230 دۆلاری ئەمریكی دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، ئەوەش داكەوتنێكی بەرچاوە كە زێڕ لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تۆماریكردووە. بەهۆی بەرزكردنەوەی رێژی سوودی بانكی لەلایەن بانكی ناوەندیی ئەمریكا بۆ 100 خاڵ ئەگەرێكی بەهێزە كە لە دوو هەفتەی داهاتوودا نرخی زێڕ داكشاندێكی دیكەی بەخۆیەوە ببینێت و زیاتر بەهاكەی لە دەست بدات.

هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیكای زێڕنگەرانی هەولێر بە (خەبات)ـی راگەیاند: بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانكی ناوەندیی ئەمریكا و ئەگەری رێكەوتنی رووسیا و ئۆكرانیا و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر یۆرۆ و دراوەكانی دیكە نرخی زێڕ دابەزیووە. گوتیشی: لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هەر ئۆنسەیەك زێڕ 1930 دۆلاری ئەمریكی بوو، بەڵام ئێستا بۆ 1700 دۆلار دابەزیووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا یەكەمینجارە ئۆنسی زێڕ بۆ 1695-1700 دۆلاری ئەمریكی دابەزێت. زیاتر گوتی: لە دوو مانگی رابردوودا هەر مسقاڵێك زێڕ نزیكەی 30 دۆلار دابەزیووە و هەندێك كاتیش بەرزبوونەوەیەكی كەمی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام هەفتەیەكە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بەردەوامە لە دابەزین.

گوتەبێژی سەندیكای زێڕنگەرانی هەولێر پێشبینی ئەوەشیكرد، لە دوو هەفتەی داهاتوودا هەر ئۆنسەیەك زێڕ بۆ 1650-1680 دۆلاری ئەمریكی دابەزێت، چونكە بڕیار وایە لە كۆبوونەوەی داهاتووی بانكی ناوەندیی ئەمریكا رێژەی سوودی بانكی لە 0.75% ـەوە بۆ 100% بەرز بكرێتەوە.

باسیلەوەشكرد، لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ كۆمەڵێك بازرگان و كۆمپانیا زیانێكی زۆریان بەردەكەوێت و هەندێكی تریش قازانج دەكەن كە ئەوەش تاكتیكی بانكە گەورەكانی جیهانە. پرسیاری ئەوەمان لێكرد كە لە ئێستا هاووڵاتیان زێڕ بكڕن یان بیفرۆشن؟ لە وەڵامدا گوتی: ئەوەی پارەی هەیە باشترە زێڕ بكرێت، دابەزینی نرخەكەشی قازانجی خەڵكی ئاسایی تێدایە.

سندووقی ستراتیژیی زێڕ ئاشكرایكردووە، یەدەگی زێڕی سندووقەكەیان لە 1023 تۆنەوە بۆ 1021 تۆن كەمیكردووە. هەندێن وەرتی پێیوایە، فرۆشتنی زێڕ لەلایەن سندووقەكەوە یەكێكی ترە لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی ئۆنسەی زێڕ. سندوقی ستراتیژیی زێڕ گەورەترین سندووقە لە جیهاندا كە وەبەرهێنان لە زێڕدا دەكات.
سەبارەت بە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ئایندەیەكی نزیكدا؟ هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیكای زێڕنگەرانی هەولێر گوتی: بە قسەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و كۆمپانیا گەورەكانی زێڕ لە جیهاندا بێت لە 2023دا ئەگەری هەیە نرخی زێڕ جارێكی تر بەرزببێتەوە. یەك ئۆنسە زێڕ بەرامبەرە بە 31.1 گرام زێڕ.

هەرچی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان دابەزینی نرخی زێڕ كاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕ هەبووە. گۆران رۆستەم، زێڕنگەری لە شاری سلێمانی لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە (خەبات)ـی گوت: بەشێك لەوانەی پێشتر زێڕیان كڕیووە، ئێستا دەیفرۆشنەوە. گوتیشی: ئەوانەی زێڕ دەفرۆشنەوە بەسەر دوو بەشدا دابەشبوون، بەشێكیان بە هەزرانتر لە نرخی ئێستا كڕیوویانە و ترسیان لەوە هەیە زەرەرمەند ببن، بەشەكەی دیكەیان بە گرانتر لە نرخی ئێستا كڕیوویانە و دەیانەوێت بە زیانێكی كەم لێی دەرچن.

ئەمریكا پلەی یەكەمی خاوەنداریەتیكردنی زێڕی لە جیهاندا گرتووە بە 8.133 تۆن زێڕ و پاشان ئەڵمانیا لە پلەی دووەمدایە بە 3.355 تۆن زێڕ و ئیتاڵیاش لە پلەی سێیەمدایە بە 2.451 تۆن زێڕ و عێراقیش لە پلەی 40ـەمیندایە بە 96.4 تۆن زێڕ.