خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- حەمیدی رەسووی حاجی عەوڵڵای نورەدینی ناسراو بە (حەمید قەڵادزەیی) كوڕە عەجولەكەی كۆڵان و گەڕەك و شارەجوانەكەی قەڵادزێ، خاراوی ناو كورەی چەرمەسەری، وەك خۆی گوتەنی: من بەشیری پاكی (سەبری سەید وەسیم ) گەورەبووم و زادەی خانەوادەیەكی فراوان و وابەستە و بەشدار لە كاروانی كوردایەتیم ..قەڵادزێ بۆ من و هەموو قەڵادزەییەك، قوتابخانەیەكی فراوانی باوەڕ و تێكۆشان و فەرهەنگ و كلتووری بەرز و جوان بووە، لە تەمەنێكی زۆر بچوكدا دڵداریم لەگەڵ كتێب و خوێندنەوەدا كردووە، بەڵام ژینگەی سیاسی و هەل ومەرج ڕێگری گەورە بووە، بەڵگەشم، خۆنیشاندانەكانی 24/4/1982 ی قەڵادزێیە، كە شیعرە حەماسییەكانی (پەشێو و هێمن و هەژارم) دەخوێندنەوە، منیش وەك هەر تاكێكی ئەو شارە بە حوكمی تەمەن، بەدەر نەبووم لە وانەكانی ئەو قوتابخانەیە، بە كورتی چۆن كوردبوون و كوردستانیبوون، شانازییەكن خودا بە منی بەخشیوە، ئەو باوەڕ و ئیرادەو فەرهەنگ و نەریتە باو و دەوڵەمەندانەی قەڵادزێ، فێریان كردم، چۆن مرۆڤێك و كوردێك و باوەڕدارێكی ئینسانی و نیشتیمانی بم. شاعیر لە دیمانەیەكی (هزرو هونەری خەبات) دا بەو شێوەیە وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە:

– پێناسەت بۆ شیعرو شیعر لای تۆ چی دەگەیەنێت ؟
ــ شیعر بەر لە هەرشتێك، زادەی شعور و هەستێكی زیندووە، شیعر تابلۆی خەیاڵ و حەز و خەونێكی ئینسانییە، دەستبردن بۆ پشكۆی شیعر، بەبێ مەقاشی مەعریفە و ئاگایی، تەنها خۆ خافڵاندنێكی كاتییە، شیعر هونەری باڵایە، نە ئەو لوتكە سەختە دژوارەیە‌ كەس پێی نەگات، نە ئەو تەپۆلكە بچووكەیە بەبێ خۆپەروەردەكردن و شەونخونی پێی بگەی.
– شیعرت بۆ ژن نووسیوە؟
ــ بەڵێ .. ژن وەك مرۆڤ و جوانترین مەخلوق، وەك بەخشندەیی و سەرچاوەی نیانیی و یەكەمین مامۆستای ژیان، لەنێو دێراوەكانی شیعری مندا وەك شەتڵە ریحانە و گوڵی ژیان بە بۆن و بەرامەی خۆی بانگمان دەكات.
– دوێنێ و ئێستای شیعری كوردی چۆن دەبینی؟
ــ شیعری كوردی، بەپێی قۆناغەكانی ژیان، لە پێشبڕكێدا بووە، لە هەناسەكانی بابەتاهیرەوە تا كۆتایی زەمەنی كلاسیك و دەركەوتنی رۆمانتیك ، شیعری كوردی بە هەموو ئەو لەمپەرانەی لەبەردەمی بوون، وەك زاڵبوونی زمانی عەرەبی و فارسی و توركی، بەڵام شوناسی خۆی لەدەست نەداوە و كوردبوون و بۆن و بەرامەی خاك و ژینگە كۆمەڵایەتییەكی خۆی پاراستووە، لە زەمەنی رۆمانتیكدا، هەنگاوی گەورە نراوە و تەكانی بە گەشەی‌ زمان و فەرهەنگی كوردی داوە، دواتر لە قۆناغی شیعری نوێ و ئازاد، دیسان شیعری كوردی هاوشانی شیعری گەلانی تر كەوتە قۆناغێكی نوێ، بۆیە دڵخۆشم بەوەی شیعری كوردی بەگشتی لە پێشبڕكێدا بەردەوامی هەیە.
-بۆچی و بۆ كێ شیعر دەنووسیت و ئامانجت چیە لە نووسیندا ؟
ــ مەرج نیە، هەمیشە شیعر بۆ كەسێكی دیاریكراو بنووسرێ، بەڵكو بەر لە هەركەسێك، بۆ روحی خۆم دەنووسم، ئامانج لە نووسینی شیعر لای من، لەدایكبوونی كۆرپەیەكی شیعرە كە ژانم پێوە گرتووە تا قۆناغی گەرمەژان، وە هەمیشە لەدوای لەدایكبوونی تێدەگەم ڕێك لە خۆم دەچێ، لە ڕووی ئیحساس و جیهانبینییەوە.
ــ تا ئێستاش كاریگەری شیعریی ژەنەڕاڵی پاییزت بەسەردا زاڵە؟ كەی لێی قوتاردەبیت؟
ـ ڕاستە من و ژەنەڕاڵی پاییز، بەروح نزیك و خۆشەویستی یەكتر بووین، تەنها ئیحای دوو شیعرم لە شیعری شیعری ژەنەڕاڵەوە وەرگرتووە، یەكیان ئەفسوونی پاییز، ئەویتریان لە گەرمەشینی پاییزدا، بەڵام لە پەراوێزی هەردووك شیعرەكەدا ئاماژەیان پێ كراوە، ئەوەش زۆر ئاساییە و ناچێتە خانەی نەخوازراو، چونكە وێناو مەبەستی هیچ كۆپلەیەكم لە هی ژەنەڕاڵ ناچێ، بەدیدی من باشتر یان ڕاستتربوو بڵێی سرووشت وسۆز و میهرەبانیت لە ژەنەڕاڵ دەچێ نەك من شیعر لەژێر كاریگەری ئەودابنووسم، چونكە ئەوەیان وانیە، شاعیری گەورە زۆرن كە ئیحای شیعرێكیان لە شیعری شاعیرێكی تر وەرگرتووە، ئەوە نزیكی من و ژەنەڕاڵی پاییزە، وەك دوو هاوڕێ و دوو خۆشەویست، ئەو بۆچوونەی لای ئێوە دروستكردووە، ئاخر باوكی ژەنەڕاڵی پاییز(مام عومەر)بەشاهیدی كچ و كوڕەكانی خۆی زوو زوو دەیگووت ژەنەڕاڵ یەك هاوڕێ و نیوی هەیە، من دەزانم حەمید قەڵادزەیی هاوڕێكەیەتی بەڵام نازانم نیوەكە كێ و كێن؟
ـ ڕات چییە لەگەڵ ئەو زۆرو بۆریەی شیعر لە شەقامی ئەدەبیدا؟
ــ سەبارەت بەو زۆری و بۆرییەی ئەوڕۆی شیعر ، تەنها دەڵێم، بەڵێ ڕاستە زۆری و بۆری شیعری كوردی گەلێك زۆرە، بەڵام ئەوە هۆكاری ئەوەیە تەكنۆلۆژیا لە هەموو شوێنێكە، لە ڕابردوودا هەمووكەس نەیدەتوانی بە ئاسانی شیعر یان نووسینێك بخاتە سەر سفرەی خوێنەران بۆیە كەمتر ئەو دیاردەیە هەستی پێدەكرا، بەڵام خۆ لە زەمەنی نالی و سالم و كوردیش زۆربەی فەقێی حوجرە و تەكییە و خانەقاكان مومارەسەی شیعریان دەكرد، بەڵام بێژینگی ڕۆژگار تەنها نالی و سالم و كوردی هێشتەوە
– ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە داچۆنە ؟
ــ خوێندنەوە و نووسین پرۆسەیەكی بەردەوامە، بە دابڕان لێی مرۆڤ بەرەو خۆجووینەوەو لیخن بوون دەڕوات، هیوادارم، لەگەڵ ئەوەی گرفت زۆرە و كات كەمە ، جەنگاوەرێكی ئازای جەنگی بەرەو ڕۆشنایی بم .
– كێ هاوكارو هاندەرت بووە لە بواری نووسیندا؟
ـ سەبارەت بەو بەڕێزانەی هاندەرم بوون، پێشتریش ئاماژەم پێكردووە، یەكەمین هاندەرم لە قۆناغی منداڵیمدا (محەمەد داود) هانیدام زیاتر بخوێنمەوە، دواتر كە دەستمبرد بۆ نووسین مامۆستا حەمە ئەحمەد جافی شاعیرو رۆژنامەنووس ڕۆڵی گەورەی گێڕا، هەروەها د. عومەر نورەدینی هاندەرێكی راستگۆ بوو لەگەڵم.
– پیرۆزیی خاكی نیشتیمان وگەورەیی شەهیدان و مەرگی ئازیزان و كۆچی گەنجان لە شیعرەكانی تۆدا؟
ــ بەڵێ پیرۆزیی خاك و نیشتیمان و شەهید و نەهامەتییەكانی كۆی خەڵك لای من بەشێكی فراوانیان لەپانتایی شیعری من داگیركردووە.
– چی دەڵێن بۆ قەڵەمی ئەدەبی ژنان و ئەدەبی پیاوان؟
ـ ژن یان ئافرەت، كە بەدیدی من (ئافرەت)جوانترە، چونكە لە ئافەریدەوە هاتووە، بەمانای خوڵقێنەر و سەرچاوەی بەردەوامی ژیان، (ژن) زیاتر لە (زن)ی فارسیی وەرگیراوە، راستە (ژن) وشەیەكە بۆ شیعر مۆسیقی ترە لە (ئافرەت)بەڵام وەك ماناو دەلالەت ئافرەت شایانترە، سەبارەت بە‌ وەی دەڵێن ئەدەبی ژنانە ، هەرگیز لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم ئەدەب هەر ئەدەبە ناكرێ ئەدەبی ژن لە ئەدەبی پیاو یان ئەدەبی مناڵان جیابكرێتەوە، چونكە دەشێ لەلای ئێمە كەمتر هەستی پێبكرێ، بەڵام چۆن ڕەگەزی نێر، جوانی گەردوون لە دنیاو جەستە و جوڵەی ژندا چڕدەكاتەوە، ژنیش هەمان هەستی هەیە بۆ ڕەگەزی بەرامبەری
ــ بوونی فەیسبووك وتۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی ئەنتەرنێت و مۆبایلی زیرەك و سایتە ئەلەكتڕۆنیەكان، نەبوونە گرفت و لەمپەر لەبەردەم پیرۆزیی خوێندنەوەو گرنگیی كتێب؟
ــ بەڵێ بچوكبوونەوەی جیهان و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا كاریگەری خراپی كردۆتە سەر كەمبوونەوەی خوێنەری جددی، بەڵام، چێژی كتێب بەراوورد ناكری لەگەڵ خوێندنەوەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوڕۆ خوێنەری جددی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سایت و ماڵپەڕە باوەڕپێكراوەكان ، وەك سەرچاوە یان ماڵێك بەسەردەكاتەوە بۆ وەرگرتن یان بەدەستهێنانی ئەو كتێب و زانیارییانەی زەحمەت دەستدەكەون، نەك سەرچاوەی سەرەكی خوێندنەوە
ــ من وای دەبینم ، كتێب و خوێنەر لەیەكتر تۆرابن ، چ بكرێ لەگەڵ یەكدی ئاشت بكرێنەوە؟
ــ كتێب سەرچاوەی زانیارییە، كتێب زانست و مەعریفە بە خوێنەر دەبەخشێ، پێویستە بەڕێزەوە دەست بۆ كتێب درێژ بكەین، ئەوە سەرقاڵیی و كەمی دەرفەت و ئاڵۆزبوونی ژیانە وایكردووە، خوێنەر لە كتێب دووركەوێتەوە، هەرگیز كتێب لە خوێنەری خۆی ناتۆرێ، بەپێچەوانەوە ئەوە كتێبە ڕاستگۆترین هاوڕێیە، هەموومان دەیان نهێنیمان هەیە لای دایك و باوك و مناڵەكانمان باسی ناكەین، بەڵام كتێب چی لە هەناویدا هەبێ لە گەوهەرێكی زانیاریەوە تا فاریزەو خاڵبەندی وەك خۆی نیشانت دەدات و هیچت لێناشارێتەوە.
ـ چەند شیعرت كراوە بە سروودو گۆرانی؟
ـ سەبارەت بەوەی چەند شیعرم كراوە بە سروود و گۆرانی: یەكێك لە شانازییەكانی ژیانم ئەوەیە، چ لەسەر ئاستی كوردستان، چ لەسەر ئاستی ئینترناسونال كاری خۆم دەبینم، لەسەر ئاستی كوردستان، (كەوێڵی دڵم .. خۆری ئازادی.. دوانەی شانازی.. كوانووی ئەوین.. داستانی بەڵێ) م كراون بە سروود، ئەوانە بەشێكن لە شانازییەكانم بەڵام شانازی گەورەم داستانی بەڵێ – كە تایبەتبوو بە ڕیفراندۆمی شانازی .. لەسەر ئاستی ئینترناسیونال -یش خۆشبەختم بەوە شیعری (ناونیشان)م لەلایەن ئەدیبی گەورەی كوردەوە كرایە ئینگلیزی و لەلایەن هونەرمەندی ئەمریكایی (Sara Thomsen.)ەوە ئاوازی بۆ دانراو بەدەنگی خۆی چڕی ، هەروەها هونەرمەندی كۆچكردوو رەحیمی زەبیحی كاری دەرهێنانی بۆ كرد، ئەو بەرهەمە تایبەت بوو بە جینۆسایدی كورد و مەرگەساتی هەڵەبجە.
ئەمە جگە لەوەی كۆمەڵێك شیعرم خراونەتە سەر زمانەكانی فارسی و عەرەبی ، جگە لەوانە لە كتێبی ئەنتۆلۆژیای شیعری كوردیدا سێ شیعرم كراوە بە عەرەبی
– بەرنامەو پڕۆژەی داهاتوت ؟
ــ لە دوای بەچاپگەیاندنی نامیلكە شیعری (ڕەهێڵەی ئازار) لە 2011 ئێستا دوو بەرهەمم ئامادەن بۆ چاپ ، یەكیان هەموو كارەكانی تەواوكراوە بەڵام جارێ چانسی ئەوەی نیە بیگەیەنمە چاپخانە لەبەر كۆمەڵێك گرفت و سەرقاڵیم.