ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان په‌لاماره‌ تیرۆریستییە‌كه‌ی دوێنێ شەوی سه‌ر شاری هه‌ولێری سەركۆنە كرد.

ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان لە روونكردنه‌وەیەكدا ڕای گەیاندووە به‌داخه‌وه‌ دیسان له‌ شه‌وی 8/6/2022 په‌لامارێكی ترسنۆكانه‌ی تیرۆریستی كرایه‌ سه‌ر شاری هه‌ولێر، له ‌كاتێكدا به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌ ترسنۆكانه‌ ده‌كه‌ین، له‌ هه‌مان كاتدا داوا له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵی ده‌كه‌ین رێگه‌ له‌و هه‌وڵه‌ ترسنۆكانه‌ بگرن و به‌ زووترین كات ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و په‌لامارانه ده‌ستگیر بكەن و به‌ سزای عادیلانه‌ی خۆیان‌ بگه‌یه‌نن.

هەروەها لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە به‌ ئامانج گرتنی ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی، سوود به‌ هیچ لایه‌ك ناگه‌یه‌نێت.

داواشی لە هاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە هەڵوێستی جیدی لەو دەستدرێژی و پەلامارە بەردەوامانە هەبێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن.