باره‌گای بارزانی راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر شاری هه‌ولێری ده‌ركرد، كه‌ له‌ رێگه‌ی درۆنه‌وه‌ ئه‌نجامدرا و دووپاتیكرده‌وه‌، وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كان، به‌ڵام تەنیا دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئیدانەكردن چارەسەر نیە و پێویسته‌ هەنگاوی كردەیی بنرێت و زۆر بە جددی كار بۆ كۆتاییهێنان بەم كردەوە نامرۆڤانە و نایاسایی و ناڕەوایانە بهێندرێت.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی:

وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی پەلامارە ترسنۆكانە و تیرۆریستییەكەی دوێنێ شەو بۆ سەر هەولێر دەكەین، راشیدەگەیێنین ئەو دەستانە ناسراو و ئاشكران كە لە پشتەوەی ئەو پەلامارە تیرۆریستیە و پەلامار و دەستدرێژییەكانی پێشووتردان و، مەبەست و ئامانجی ئەو كارە ناڕەوایەشیان زۆر بە روونی دیارە.

پێزانیمان بۆ هەڵوێست و ناڕەزایەتیی لایەنەكان و ئیدانەكردنەكانیان هەیە، بەڵام لە راستیدا تەنیا دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئیدانەكردن چارەسەر نیە. بەڵكو پێویست دەكات هەنگاوی كردەیی بنرێت و زۆر بە جددی كار بۆ ئەوە بكرێت، كە كۆتایی بەم كردەوە نامرۆڤانە و نایاسایی و ناڕەوایانە بهێندرێت، كە بێ باكانە لەدژی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت.

بارەگای بارزانی

9ـی حوزەیرانی 2022