رێبەری رەوتی سەدر داوای لێبووردنی لە لایەنگرانی كرد، بەهۆی ئەوەی لەناكاو ئەو شوێنەی جێهێشتووە كە تێیدا وتاری دەدا.

دوێنێ هەینی، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە كاتی خوێندنەوەی وتارێكیدا كە لە ساڵیادی شەهیدكردنی سەید سەدر پێشكەشی دەكرد، لەناكاو بە لایەنگرانی گوت ”لێتان تووڕەم و تووڕەتریش دەبم“، پاشان شوێنەكەی جێهێشت، ئەمەش لە لایەن چاودێرانەوە والێك درایەوە كە بەهۆی ئەوەوە بووە، لایەنگرانی گوێیان بۆ قسەكانی نەگرتووە.

لەمبارەیەوە ئەمڕۆ شەممە 4ی حوزەیرانی 2022، موقتەدا سەدر لە راگەیاندراوێكدا سوپاسگوزاریی خۆی راگەیاند بۆ ئەو دڵسۆزییەی كە لە ساڵیادی شەهیدكردنی سەید سەدر نیشان دراوە.

هەروەك گوتوویەتی: ”من بەندەیەكی هەژارم كە پێویستی بە رەحمەتی خوا هەیە“.

هەر لەو راگەیاندراوەدا موقتەدا سەدر داوای لێبووردنی كردووە لە لایەنگرانی و رای گەیاندووە: ”داوای لێبووردنتان لێ دەكەم كە لە كاتی پێشكەشكردنی وتارەكەم كشامەوە، یەكەمیان ئەمە لە پێناو سەلامەتیتان، دووەمیش لە پێناو ئەوەی ژیانم بەردەوام بێت لە خزمەتتان، هەروەك چۆن خوا نەیویست لەنێو ئەو ئۆتۆمبێلە بم كە باوك و براكانمی تێدا بوو“.

ئەم ڕستەیەی سەدر كە لەبارەی مانەوەی لە ژیان و بەستنەوەی بە جێهێشتنی شوێنی وتاردانەكە، لە لایەن چاودێرانەوە وەك ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆ بە ترسی موقتەدا سەدر لە هەوڵێكی تیرۆركردن لێك دەدرێتەوە.