ئەمڕۆ، یەكشەممە، شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و ژمارەیەك ڕاوێژكاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە كۆ بوونەوە.
ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، وەک یەکێک لە ئەندامانی شاندی حکوومەت لەو کۆبوونەوەیەدا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ”وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەخت دەكەینەوە كە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراق نییە و بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نادەستوورییە”.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاماژەی بەوە دا کە ماددەكانی 10 و 11 و 12ی دەستووری عێراق ئەو مافەی بە هەرێمی كوردستان داوە و گوتیشی: ”حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بواری نەوت و غاز لە گفتوگۆكانی لەگەڵ حكوومەتی عێراق بەردەوام دەبێت”.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکەش گوتی: ”ئەمە كۆبوونەوەی دیكەشی بەدوادا دێت بۆ ئەوەی لایەنە یاساییەكان بابەتەكە هەڵبسەنگێنین”.










