ئەمڕۆ چوارشەممە سیاسەتمەدارێكی ناوداری عێراق بەتوندی ڕەخنەی لە هەرسێ بڕیارەكەی چەند رۆژی رابردووی دادگای فیدراڵیی عێراق گرت و رای گەیاند دادگای فیدراڵی كودەتا بەسەر دەوڵەتی عێراقدا دەكات و داردەستی ئێرانە.
ئینتیفاز قەنبەر سیاسەتمەدار و سەرۆكی حزبی موستەقبەلی دەستووریی عێراق لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی “مەترسیدارترین كودەتا لەسەر سیستەمە دیموكراتییە ساواكەی عێراقدا هەیە”.
دەشڵێ “دوای ئەوەی بەكرێگیراوانی ئێران هەڵبژاردنیان دۆڕاند، ئێستا لە ڕێگەی دادگا فیدراڵییە قەرەقۆزییەكەیەوە پرۆسەی سیاسی پەك دەخات و چرای سەوز بۆ مانەوەی بەرهەم ساڵح و حكوومەتێكی كاربەڕێكەری لاواز هەڵدەكات، تا بەئاسانی و بۆ كاتێكی نادیار لەژێر دەستی خۆیاندا بن، بەمەش ئەزموونی لوبنان دووبارە دەكەنەوە”.
قەنبەر هەر ئەم ئێوارەیە لە تویتێكی تردا دەڵێ “دادگای فیدراڵیی قەرەقۆزی لە یەك كاتدا ئەم سێ بڕیارەی داوە، مانەوەی بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی لە كاتێكدا ماوەی تەواو بووە، ڕێگرتن لە بەربژێركردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەركۆمار، لە كاتێكدا دەرچوونی مسۆگەر بوو، بڕیاردان لەدژی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان. ئەم سێ بڕیارە بەیەكەوە بۆ پەكخستنی پرۆسەی سیاسی دەركراون، بەیاننامەی ژمارە یەكی كودەتان”.










