خەبات :سولین سلێمان:- شاھی حەمۆ پێشکەشکار و ئەکتەری شۆخی کورد لە لایەن رێکخراوی سەوسەنی جیھانی وەک شاجوانی شاجوانان، بۆ ساڵی 2022 ھەڵبژێردرا، ئەو لە دیدارێکدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێکی “خەبات”ی دایەوە.
* ھەستت چۆنە کە بوویتە خاوەنی ئەو نازناوە؟
پێمخۆشبوو کە ئەوان ئەو نازناوەیان بە گونجاو زانی بۆمن خۆشحاڵ بووم کە وەکو ھەر خانمێک بەشداریم تێدا کرد و ھەڵبژێردرام.
* دوای بەدەستھێنانی ئەو نازناوە چ چالاکیەکتان دەبێت؟
من پێش ئەوەی کە ھەڵبژێردرێم بۆ ئەو نازناوە چالاکی خۆمم ھەر ھەبووە، بەدەستھێنانی ئەو نازناوەش زیاتر ھانم دەدات کە کاری زیاتر و باشتر بکەم، ھەروەھا من لە رێگەی پەیجی خۆشمەوە بەردەوام ھەوڵ دەدەم لەسەر پەیوەندی نێوان ھاوسەر کاربکەم، تەنانەت لەسەر سەربەخۆیی ئافرەتیش کە چۆن بە شێوەیەکی راست ھەڵبژاردەی خۆی بکات، پشت بەخۆی ببەستێت لەگەڵ ئەوەش لە زۆر ڤیدیۆکانمدا باسی پەروەردەی راستی منداڵیشم کردووە، ھەموو ئەو شتانەی کە کاری لەسەر دەکەم ھەوڵ دەدەم پیشانی ئافرەت بدەم کە کەسێک ھەیە وەکو من، رەنگە تا رادەیەک ببمە ئافرەتێک و خاوەن ماڵێک و ببمە چێشت لێنەرێکی باش، خوێنەرێکی باش و ھەروەھا کەسێکی چالاک و کەسێکی جوان کە ئاگای لە خۆیەتی چونکە جوانی خۆت دەروونی خۆت باش دەکات.
* ئەو چالاکیانە چین کە لەداهاتوودا هەوڵی ئەنجام دانیان دەدەیت؟
“ئەو چالاکیانەی کە دەمەوێت کاری لەسەر بکەم ئەوەیە کە چەند خولێکی راھێنان بکەمەوە، بۆ فێربوونی زمان و خولەکانی کۆمپیوتەر و کارە پیشەییەکان کە ئافرەت فێری ببێت تابتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت، جا چ ھاوسەرگیری کردبێت یا نەی کردبێت.
* بوونی تۆ وەک شاجوان چ پەیامێک دەگەیێنیت؟
“پەیامی من وا دەبێت کە ئافرەتان ھانبدەم بۆ سەربەخۆیی دارایی، کەسی ھەماھەنگی بکات لە نێوان ژیانی تایبەتی خۆی و ئەرکەکانی بەرامبەر بە کۆمەڵگا.











