پارێزگاری هەولێر ئاشکرایکرد کە لە رۆژانی داهاتوودا کێشەی کەمی غاز چارەسەر دەکرێت و رێگەش بە گرانکردنی نرخەکەی نادەن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە (کوردستان24)ی راگەیاند: “لە رۆژانی داهاتوودا کێشەی کەم غاز چارەسەر دەکرێت و نرخی غازیش هەشت هەزار و 500 دینارە و رێگە بە گرانکردنی نادەین”.

لەبارەی گرانکردنی نرخی شتومەکەوە گوتی: “سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ چاودێری دۆخەکە دەکات و هەموو دەزگاکانی راسپاردووە هەنگاو و رێکاری پێویست بگیرێتە بەر بەهیچ جۆرێک رێگا نەدرێت بازاڕ نرخەکەی بەرزببێتەوە”.

لەبارەی گرانبوونی بەنزینەوە ئاشکرایکرد کە گرانبوونی بەنزین لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و رێگەش بە هاوردەکردنی بەنزینی کوالیتی خراپ نادەن، بڕیاریشە کۆمپانیا نێوخۆییەکان بەرهەمێنانی بەنزین زیاد بکەن.

هەروەها ئەوەشی خستە روو کە ئامارەکانی کۆرۆنا زیادیان کردووە و بەکارهێنانی ماسک دەکرێتە ناچاری، بەڵام قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی ناوەندەکانی خوێندن لە هەڵبژاردەکانمان نییە.