وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ ئەزموونە گشتییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستپێدەكەن.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات سبەینێ 25-7-2021 یەكەم ئەزمونی گشتی قۆناغی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانییەوە دەستپێدەكات.

بەپێی بڕیارێكی پێشووی وەزارەت و لەسەر داخوازی خوێندكاران، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ بۆ هەر هەفتەیەك تەنها 2 تاقیكردنەوە ئەنجام دەدرێت.

هاوكات وەزارەتی پەروەردە داوا لە قوتابیان و خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەهەموو بەشەكانییەوە دەكات كە پێویستە ئەمڕۆ شەممە ڕێكەوتی 24-7-2021 سەردانی هۆڵەكانی ئەزموونی بكەن بە مەبەستی دڵنیابوونییان لە شوێنی تاقیكردنەوەكانیان.

لای خۆشییەوە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم لە ڕۆژانی تاقیكردنەوە گشتییەكان سەرجەم هێڵە گشتییەكانی ئینتەرنێت ناهێڵێت و هاوكات وەزارەتی كارەباش بڕیارە لەو وادەیەدا كارەبای هۆڵی تاقیكردنەوەكان دابین بكات.