گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش رایدەگەیەنێت، هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی ئاسمانیی عەین ئەسەد بە 14 مووشەک کرانە ئامانج.

واین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە: لە نزیک کاتژمێر 12:30 خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 7-7-2021، بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد.

واین مارۆتۆ هەروەها رایگەیاندووە: هێرشەکە بە 14 مووشەک ئەنجام دراوە، کە لە ناو بنکەکە و دەوروبەری کەوتوونەتە خوارەوە.

لە بارەی زیانەکانی هێرشەکە، گوتەبێژی هاوپەیمانان رایگەیاندووە: بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەوە، سێ کەس بە سووکی بریندار بوون.

ئەو هێرشە مووشەکییە بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئاسمانیی عەین ئەسەد، کە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە عێراق، دوای هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دێت.

درەنگانی شەوی سێشەممە 6-7-2021، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و هێرشەکە هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق رایگەیاندبوو: هێرشەکەی سەر هەولێر لە تۆڵەی بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە کۆتایی مانگی رابردوو، بوو.

سەعد سەعدی هەروەها رایگەیاندبوو: گرووپەکانی ناو بەرەی بەرگری (مقاوەمە) هێرشەکەیان ئەنجام داوە و ”لە رۆژانی داهاتووش جۆر و چۆنێتیی هێرشەکان بۆ سەر ئەمریکییەکان دەگۆڕێن و هێرشەکان زیاتر دەکرێن“.

ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی هەڕەشەی لە ئەمریکا کردووە، کە ئەگەر هێزەکانی لە عێراق نەکشێنێتەوە، ئەوا هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی بەردەوام دەبن.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 28-6-2021، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ژمارەیەک بنکە و کۆگای تەقەمەنیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییان لە رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سووریا، بۆردمان کرد.

دوای هێرشەکەی سەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، ئەبو ئالا ئەلوەلائی، سەرکردەی میلیشیای سەید ئەلشوهەدا رایگەیاندبوو: بەرەی مقاوەمە پیلان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی ئەمریکا دادەنێت، کە ”دەنگدانەوەیەکی گەورەی دەبێت“.

بەرەی بەرگری لە گرووپ و میلیشیا چەکدارییەکانی عێراق، سووریا، لوبنان، فەلەستین و یەمەن پێک دێت و کاربۆ بەرژەوەندیی ئێران دەکەن.