نەخۆشخانەی پار لە هەولێر، لەبارەی کەیسی نەخۆشێک کە لە نەخۆشخانەکە خەوێنرابوو، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “چەند رۆژێکە بابەتی نەخۆشێکی نەخۆشخانەکەمان بووەتە بابەتی میدیایی چەند کەناڵێکی ئاراستەکراو، بەداخەوە ئەم بابەتە ئینسانیە کراوەتە بابەتێکی سیاسیی و دەیانەوێ لە پەنای ئەم بابەتەوە ئەسڵی بابەتەکە بشێوێنن”.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: “ئێمە لە نەخۆشخانەی پار لە روونکردنەوەی پێشووشمان راستی ئەم بابەتەمان خستەڕوو، بەشێکیش لە کەناڵە میدیاییەکان پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکە کرد، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە ئینسانیە کراوەتە بابەتێکی سیاسی و دەیانەوێ لە پەنای ئەم بابەتەوە ئەسڵی بابەتەکە بشێوێنن و شکست و ئابڕووچوونە سیاسییەکانی خۆیانی پێ داپۆشن”.

لە بەشێکی دیکەی ئەو روونکردنەوە ئاماژە بەوەکراوە: “هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی تێچووی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشە بە رەگەز عەرەبەی نەگرتووەتە ئەستۆ، خۆ ئەگەر هەر کەس و لایەنێکی سیاسی نیازی خزمەتکردن و چارەسەرکردنی خەڵکی هەیە، ئەگەرچی ئێمە لە نەخۆشخانەی پار پێویستمان بەوە نییە و بەگوێرەی توانا لە خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەران بووینە، بەڵام دەکرێ ئەو لایەنانە پارەکانیان لەخزمەتی ئەوانە سەرف بکەن، نەک هەوڵدان بۆ لێدان لە کەس و بە سیاسی کردنی بابەتەکە”.

ئەوەشخراوەتەڕوو: “تیمی پزیشکی نەخۆشخانەکەمان لە سەرەتاوە هاوەڵی ئەم نەخۆشەیان ئاگادار کردەوە، کە ئەگەر ئەم نەخۆشە لە نەخۆشخانەکەمان بمێنێتەوە تێچووی هەیە، بەڵام هاوەڵی نەخۆشەکە رایگەیاند کە ئامادەیە هەموو تێچووی چارەسەرەکە بگرێتە ئەستۆو ئێمە وەک نەخۆشخانە هاوکاری بووین و ئەو بڕەی کەوتۆتە سەر نەخۆشەکە تەنها هەقی پزیشک و مەساریفەکانی چارەسەرە”.

روونکراوەتەوە: “لەڕۆژی چوارشەممە 19/5/2021 بە ئەمبوڵانسی تایبەتی نەخۆشخانەکەمان و تیمی پزیشکییەوە ئەم نەخۆشە براوەتە نەخۆشخانەی حکومی و لە دوای ماوەیەکی کەم خۆی گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەکەمان و ئامادە نەبووە لەوێ چارەسەر وەرگرێت”.