تاوانبارێک لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان ده‌ستگیركرا کە ناو و پێگەی ئەفسەری دژەتیرۆری کوردستانی بەکارهێناوە بۆ مەرامی تایبەت.

دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان رایگەیاند دوای بەدەستهێنانی زانیاریی ورد لەسەر تاوانبار (ڕێوان ئەکرەم ئەحمەد)، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە هاوکاری و ھەماھەنگی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر توانییان ناوبراو دەستگیر بکەن.

پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵی، تاوانبار دانی بە تاوانەکانیدا نا، کە ناو و پێگەی ئەفسەری دژەتیرۆری کوردستان و چەند کونسوڵخانەیەکی وڵاتانی بەکارهێناوە بە مەبەستی ساختەکاری و فێڵکردن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددی و گەیشتن بە مەرامە تایبەتەکانی.

دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەدەنە هاونیشتمانیان و هەموو لایەک، کە ئەرکیان پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتییان و دەستگیرکردنی تاوانبارانە و ڕادەستکردنیانە بە دادگا لەپێناو هێنانەدی دادپەروەری، بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە پیرۆزەش هەردەم چاوکراوەن.