چرا شەماڵ

هەڵوێستە توندەکان و هاوهەڵوێستیە توندوتۆڵەکانی نێوان بەشێکی زۆر لە عەرەبەکان بە سوننەو شیعەوە لە بەرامبەر گەلی کورد و مافەکانیدا ئەو ڕاستیەی پیشانداین کە دوای ڕوخانی رژێمی بەعس و سەددام جارێکی تر کەوتوینەتەوە بەرانبەر مۆدێلێکی تر لە شۆڤێنیەتی عەرەبی ، مۆدێلێک کە بەشێواز و ریگای دیکە شەری نەژادی لە دژی کورد و ماف و دەسکەوتەکانی بەرێوە دەبات و هەمان بەرنامەو سیاسەتی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق دوبارە دەکاتەوە ، ئەو بەرنامەو سیاسەتەی کە جگە لە شەڕو ماڵوێرانی هیچی تری بەرهەم نەهێنا …

دوای ڕوخانی بەعس و سەددام عێراق چوە قۆناغێکی نوێوە ، دەستور بە تەوافوق و ڕازی بونی زۆربەی لایەن و پێکهاتە کانی عێراق نوسرایەوە ، ئەگەرچی وەک پێویست ماف و داواکاریەکانی کورد لە دەستوردا جێیان نەکرایەوە بەلام تارادەیەکی زۆر جێ ی ڕەزامەندی کورد بو ، هەموان بەڵێنیاندا کە عێراقی نوێ عێراقی هەموان بێت بێ جیاوازی ، عێراقی بونیاد نراو بێت لەسەر بنەماکانی دەستوری نوێ ، بەلام ئەوەی ڵەچەند ساڵی ڕابردودا بینیمان ئەوە نەبو کە چاوەڕێ ی بوین ، کێشەکانی نێوان کورد و بەغدا نیوەی بە چارەسەر نەکراوی مایەوە ، ناوچە کوردستانیەکان بەپێ ی دەستور کێشەکەیان چارەسەر نەکرا ، هەمو هەوڵێک خراوەتە گەڕ و بەردەوامیش دەخرێتە گەڕ بۆ بچوک کردنەوەو لەقاڵبدانەوەی کورد لە عێراقدا و زەوتکردنەوەی ئەوەی بەدەستی هێناوە ، یەکێک لەو بنەمایانەی لەسەرەتادا کاری پێ دەکرا بریتی بو لە تەوافق ، واتە بڕیارە چارەنوس سازەکان بە تەوافوق بدرێن ، ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتیمانی و نەتەوەیی و جوگرافیان هەیە بە تەوافوق دەر بکرێن ، ئەوەتا ئێستا دەبینین شیعەکان و بەشێک لە سوننەکان هەنگاو دەنێن کۆتایی بە بنەمای تەوافق بهێنن ، لە دەرکردنی چەند یاساو بڕیارێکیشدا ئەوەیان کرد ، ئەوان ئێستا لەسەر بنەمای زۆرینەو کەمینە کار دەکەن ، نەكە هەر ئەوە بەڵکو کار بە زۆربەی مادەو و بڕگەکانی دەستوریش ناکرێت ..

شیعەکان و بەشێك لە سوننە شوڤێنیەکان سەرەرای میژوی پڕ ململانێ و جەنگی خوێناوی مەزهەبیانەی نێوانیان لە بەرامبەر کوردا یەك رمی ژەهراوین ، هەمو هەوڵێکیان بۆ بچوك کردنەوە و لاواز کردنی هەریمی کوردستانە ، مەلەفی نەوت تەنها بیانوە ، هەوڵ دەدەن ئەم کارتە ئابوریە بەهێزە لەدەستی کورد دەربکەن تا بەتەواوی هەرێمی کوردستان مل کەچی بەغدا بکەن.

کێشەی ئەوان لەگەڵ کورد دا کێشەی نەوت و موچە نیە ، بەڵکو کێشەی خاك و زمان و ماف و ئازادیەکانە ، کێشەی بونی کوردە بەو هێزەوە لە عێراقدا.

ئەوەی لە ئێستادا بەداخەوە سودی زۆری بەو هەوڵ و سیاسەتە شۆڤێنیانەی ئەوان گەیاندوە جگە لە کەمی داهات و خراپی دپخی ئابوری هەرێم پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد و جاشایەتی هەندێک پەرلەمانتارە کە بونەتە کەوڵسوری بەرلەشکری داگیرکردنەوەی ئیرادەی خەلکی کوردستان.

رادەست کردنی مەلەفی نەوت بە بەغدا وەک ئەوە وایە کلیلی قەڵاکەیان تەسلیم بکرێت ، ئەو قەڵایەی دەیان ساڵە هەزاران قوربانی دراوە لەپێناو پاراستن و بەرگری لێکردنیدا.

برینی بودجەو قوتی خەڵك کاری حکومەتێك نیە کەسیستمێکی دیموکراسی و فیدراڵی تەندروست بەرهەمی هێنابێت ، لە سیستەمی دیموکراسی و فیدرالیدا جیاوازی ناکرێت لە نیوان پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەکاندا ، ئابلوقەی ئابوری ناخرێتە سەر هەرێمێك لە بەر ئەوەی نەتەوەیەكی جیاواز تێیدا ژیان دەکات و ماف و ئازادیەکانی خۆی مومارەسە دەکات ، ئەم سیستەمی بەناو فیدراڵیەی عێراق سیستەمێکی کەم ئەندامە ، زۆرینەی خەڵک و دەسەڵاتدارەکانی عێراق توشی هیستریا بون بەرانبەر بە کوردو هەرێمی کوردستان ، ئەم هیستریایە هیستریای شۆڤینیەتە ، ڕەنگە رۆژێک لە رۆژان ئەم هیستریا یە بگۆڕێت بۆ جەنگێکی خوێناوی ، ئێمە نوقلانەی ئەو جەنگە لێنادەین و دەخوازین کە هەرگیز نەگاتە ئەو ئاستە ، بەلام ئەگەر ئەو گیانی شۆڤێنییەتە خاو نەکرێتەوە لای عەرەبەکان بە شیعەو سوننەوە ئەوە داهاتو مژدەی خۆشمان ناداتێ …

بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە زۆر باس لە ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەکرێت ، لەڕاستیدا شتێك نیە بە ناوی رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ، ئەوە کوردە ناوی لێ ناوە ڕێکەوتن و هەوڵی بۆ دەدات دەنا لای بەغدا تەسلیم کردنە یان ڕونتر بڵێین خۆ تەسلیم کردنی کوردە بەبەغدا نەک رێکەوتن ، چونکە بەغدا لەهەمو دانیشتنەکاندا بەس داواکاری ڕادەستکردنی هەیە ، لای شیعەی دەسەلاتداری عێراق ڕێکەوتن شتێک نیە نە ئەنجامی بدات و نە پابەندیش بێت پێوەی، ئەوان پابەند نابن بە دەستورەوە ئیتر چۆن پابەند دەبن بە رێکەوتنەوە ..
ئەوەی ماوە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە:
ا: لە عێراقدا شتێک نیە ناوی یەکسانی نێوان پێکهاتەکان و هاولاتێتی بێت ، ئەوەی هەیە ئەوەیە کە تۆ مادام کوردیت کەواتە یان عێراقی نیت یان عێراقیی پلە دویت.
ب: ئەوە دەستور نیە عێراقی پێ بەرێوە دەبرێت بەلکو میزاجی شیعەو هەندێک سوننەی دواکەوتوی شیعەکانن ، کە هەمویشیان دواکەوتوی میزاج و بەرژەوەندی ئێرانن و ئیڕان هەڵیان دەسوڕێنێت.
ج: بنەمای تەوافق کە فاکتەرێکی گرنگ بو بۆ پاریزگاریکردن لەمافەکانی کورد لە عێراقدا لە ئێستادا بەتەواوی نەماوەو بوەتە بەشێک لە مێژوو.
د: لە ئیستادا شیعەکان و لەگەڵیشیاندا بەشێک لە سوننەکان هەوڵەکانیان چر کردۆتەوە تا لە ڕێی برسی کردن و بێ پارە کردنی زیاتری هەرێمەوە ئەستۆی هەرێم بشکێنن و بیخەنە سەرچۆک بەرانبەر بەغدا.
ه: جگەلەوەی کە بەپارە کۆمەلێک پەرلەمانتاری کوردیان لەبەغدا کڕیوەو خستونیاننەتە پێشی جەنگەکەی خۆیانەوە دژی هەرێم ، هەوڵی زۆریش دەدەن کە لایەنە کوردستانیەکانیش لێک جیابکەنەوە تا بەرەی کورد کەرت و پەرت بکەن ، تا بەتەواوی ئیرادەی هەرێم تێک بشکێنن ،ئەوەی یەکەمیان ئەنجامی هەبوە بەلام ئەوەی دوهەم جارێ ئەنجامێکی تەواوی نەبووە.

کورد چیبکات باشە:
ا: پێداگیر بێت لەسەر ئەوەی کە مادام لە چوارچیوەی عێراقدایە دەبێت هەمان ماف و ئیمتیازی هەبێت کە عەرەبی شیعە هەیەتی.
ب: پێداگیربێت لەسەر ئەوەی کە پیوستە شیعەکان پابەند بن بە بنەماکانی دەستورەوەو مادەکانی تایبەت بە کورد و ناوچە کوردستانیەکان جێبەجێ بکەن.
ج : پێداگیری بکات لەسەر پابەند بون بەبنەماکانی تەوافوقەوە بەو پاساوەی کە هێشتا لە عێراقدا نەزعەی شۆڤێنی و تائیفی زاڵەو ناکرێت ئەو بنەمایە بە پاساوی زۆرینەو کەمینەو بنەماکانی دیموکراسی پێشێل بکرێت.
د: هەوڵی تەواو بدات کە نەوت رادەست نەکات و چارەی تر بۆ دابین کردنی موچە بدۆزێتەوە چونکە رادەستکردنی نەوت واتە رادەست کردنی سەری خۆی بە بەغدا.
ه: هەوڵی تەواو بدات لەناوخۆدا خۆی رێک بخاتەوەو لایەنە سیاسیەکان هەموان پێکەوە ناکۆکیەکانیان بەلاوە بنێن لەم کاتەدا تا سەنگەریان لەبەرانبەر بەغدا بەهێز بکەن و بەغدا نەتوانێت لە درزی ناکۆکیەکانی نێوانیانەوە بێتە ژورەوەو سەنگەرەکەیان کۆنترۆڵ بکات..