ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2020/12/22، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا بە درێژی گفتوگۆیان دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکوومەتی فیدراڵی کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە بابەتی بودجەوە. سەرۆکی حکوومەت پێشنیاری کرد، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی کارا و لە ئاستێکی باڵادا، بەشداربن لە چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور. سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد کە خوازیارە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەشی خۆی لە بودجەی فیدراڵی بەرکەوێت. هەروەها سوپاسی پۆمپێیۆی کرد بۆ پشتیوانی بەردەوامیی لە هەرێمی کوردستان لەماوەی كاركردنيدا.

هەروەها لە پەیوەندییەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرایەوە، بە تایبەتی لە بواری وزەدا. سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی یارمەتییەکانی ئەمریکا کرد بۆ هێزی پێشمەرگە و هەروەها یارمەتییە تەکنیکییەکانی USAID.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، ئاستەنگەکانی بواری سەقامگیریی ئەمنیی لە ناوچەکە و نەهێشتنی گرژییەکان لە سەر سنووری هەرێمی کوردستان و سوریا و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال تاوتوێکران لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.