راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە “دڵنیایی” دەدات کە چارەسەر دەبێت.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، گوتی “بە دڵنیاییەوە ئێمە زۆر سوورین لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان”.
ئەعرەجی لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت “حکومەت دەیەوێت کێشەی مووچە چارەسەر بکات، بە دڵنیاییەوە فەرمانبەرانی کوردستان برای خۆشەویستی ئێمەن، هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ فەرمانبەرانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ، هەمووان دڵنیادەکەینەوە پشتیوان بەخوا بەو نزیکانە ئەوە چارەسەر دەبێت”.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، مستەفا کازمی داوای لە پەرلەمانتاران کرد “ناکۆکییە سیاسییەکان رەنگدانەوەو کاریگەرییان لەسەر بژێویی خەڵک نەبێت”. لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغداش رایگەیاند “رێککەوتووین تاوەکو پەسندکردنی بودجە پارەیەکی سادە بنێرین”، کە مەبەستی 320 ملیار دینارەکەیە.










