ڤینوار فوئاد سدیق
زۆرترین مقۆ مقۆو قسەو باس ئەوەیە كە كورد دەبێتە دەوڵەت یان نا، لەبەرچی؟
راستە كورد لە ئێستادا دەوڵەت نییە، بەڵام بە درێژایی چارەگە سەدەیەك زیاترە ، هێزێكی كاریگەریشە لە ناوچەكە، ئەم هێزە كاریگەرە بەردەوامەو تواناكانیشی بەهێزترو زۆرتر دەبن. راستە گرفتی ناوخۆییمان هەیە، كێشە لە دوای كێشە دروستدەبن، تەنانەت خەڵكانێك بەدەر لە یاساكانیش رەفتار دەكەن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە، كورد وەك هێزێكی سیاسی و سەربازی بوونی خۆی جێگیر كردووە، ئەمە جگە لەوەی كورد وەك نەتەوە، لەسەر خاكی خۆی رەوایەتی خۆی هەیەو گوتاری سیاسی خۆی و قسەی خۆی هەیە، كە ئەمانە لە چوارچێوەی حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمدا بەرجەستە كراون.

پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرین، چەندین وڵاتی زلهێز، كە بەرژەوەندییەكانیان پێكناكۆكیشن، كەچی لەم ناوچەیە یاریدەكەن، كوردیش توانیویەتی هاوسەنگییەكی جوان لەنێوان ئەم هەموو هێزە قەبەیە رابگرێ.

ئەوە ئەمریكایە كەشوهەوای ناو ئەنجوومەنی ئاسایش و پەیمانی ناتۆ سازدەكات، ئەویش سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكانی دەرەوەی ئەوروپا دەكات، تا بگەنە كەنداوی فارسی و ئاسیای ناوەڕاست، هەر ئەویشە هەوڵدەدات زۆربەی كێشمە كێشەكانی جیهان چارەسەر بكات، گەورەترین هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی رژێمی بەغدای سەردەمی سەدام دروست كرد تا رووخاندی.
لەولایشەوە، چین قەت لەگەڵ ئەمریكا دۆست نەبووە، لە سەرەتای ساڵانی حەفتاكانیشەوە بەربەرەكانی زیاتری ئەمریكا دەكات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە سنوور بۆ ئەمریكا دابنێ، چونكە سیاسەتێكی داخراوی هەبووە، تەنیا لە رووی ئابوورییەوە هەنگاوی گەورەی ناوە، چونكە ئابوورییەكی كراوەی هەیە، ئێستا لە هەموو كاتێكی رابردوو زیاتر، نێوانی ئەمریكا و چین تێكچووە، بەڵام هەردووكیان سنووری یەكتربڕ بۆ یەكتری دەزانن تا چەندە، بۆیە بەریەككەوتن و پێكدادان ئەستەمە، چونكە كارەسات دەقەومێ.

مەبەستی من ئەوەیە پێشتر چین ئاوا بە زەقی خۆی دەرنەدەخست، بەڵكو زیاتر خەریكی بازرگانییەكی بێشوومار بوو، ئێستا هاتۆتە مەیدانەكە، ئامادەی شەڕە قۆچانێیە، بەڵام ئەمریكا نایەوێ بكەوێتە ناو ئەو داوەوە، چونكە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆی ئامادە نییە، بەتایبەت رووسیا كە هێشتا لەگەڵ ئەمریكا لە ناكۆكی قووڵدایەو خاوەنی چەكی گەورەی وێرانكەریشە. ئەم ڤایرۆسی كۆڕۆنایەش گورزێكی كەمەر شكێنی لە ئەمریكا دا، ئەم گورزە كاریگەرییەكانی بۆسەر داهاتوو زامدارترو پڕ ئازارتر دەبێت.
ئێستا جیهان ٣ جەمسەری زۆر گەورەی بەخۆوە گرتووە، چین و ئەمریكاو رووسیا، جگە لە چەندین هێزی دیكە كە ئەوانیش دوا بە دوای ئەم ٣ هێزە دێن، لە سەرووی هەموویانەوە یەكێتی ئەوروپا، هیندستان و ئەمریكای لاتینییە، یەكێتی ئەوروپا بەهۆی كۆڕۆناوە تەواو لەباریەكچووە، بەڵام بە رووخسار هێشتا ماوە، جگە لە وڵاتانی هەرێمی ئێران و توركیا كە نەك هەر بۆ هەرێمی كوردستان ، بەڵكو بۆ هەموو جیهان بوونەتە كێشە. ئەوەی مەبەستی منە كورد لەناو ئەو ژینگەیەدایە، كە تا بڵێی ژینگەیەكی خراپە، بەڵام هاوسەنگیشی راگرتووە، لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە هیچ گرفتكی نییەو بەردەوامیشە و كاری بازرگانیشی لەگەڵ هەموویان هەیە، تا دێت پەرەی زیاتریش بەو بازرگانیانەی دەدات. ئەم جۆرە هاوسەنگییە ئاسان نییە، كەواتە كورد دەتوانێ قۆناخی زۆر سەخت ببڕێت ، وەك لە رابردوودا بڕیویشیەتی، بەم لۆژیكە، كورد دەتوانێ بەسەر تەواوی گرفتە ناوخۆییەكانیش زاڵ ببێ، دەتوانێ ناوماڵی خۆی بە جوانتر لە هەموو جارانی پێشوو رێكبخاتەوەو ، بیكەین بە نموونەیەكی جوان بۆ هەموو ئەو وڵاتە زلهێزانەی كە چاویان لەسەر هەرێمەكەمانە، من دڵنیام ئەو رۆژەش هەر دێت، كورد بە هێزێكی كاریگەرتر لە رابردووی ، خۆی رێكدەخاتەوەو دەوڵەتی خۆی رادەگەیەنێت، چونكە بەغداش ئەو بەغدایەی جاران نەماوەو، كێشەی ناوخۆی زۆرە، بەرگەی كێشەی كوردیش ناگرێت، بەڵام سیاسەت پشوو فراوانی و پشوو درێژی دەوێت، بەرنامەو پلانەكان، مەرج نییە لە ساڵێك و دوو ساڵدا بەتەواوی جێبەجێبكرێن، بەڵام دەبینین، هەموو سیاسەتی كورد، لەبەرانبەر رەتكردنەوەی قەوارەكەمان،زۆر پۆڵایینە.