بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵات دەداتە پارێزگارەکان.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 21-8-2020 وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە چەند بڕیارێکی نوێ دراون کە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
یەکەم؛ بە رەچاوکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی دەسەڵات دەدرێتە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بەمەبەستی:
1- ئاساییکردنەوەی هاتووچۆکردن لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
2- رێکخستنی هاتووچۆکردن لەنێوان ئەو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیانەی کە هاوسنوورن لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق.
3- ئاڵوگۆڕی هێزە ئەمنییەکانی ناو هەرێمی کوردستان لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق.
دووەم؛ هاتووچۆی دیپلۆماتکارانی بیانی و هێزی هاوپەیمانان لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق رێگەپێدراوە.
سێیەم؛ هاتووچۆکردنی ئاژانس و رێکخراوەکانی UN و رێکخراوە نیودەوڵەتییەکان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
1- هاتووچۆکردنی ئاژانس و رێکخراوەکانی UN و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ناو هەرێمی کوردستان و لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان رێکدەخرێت.
2- هاتووچۆکردنی ئاژانس و رێکخراوەکانی UN و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوەی عێراق لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رێکدەخرێت.
چوارەم؛
1- دەروازە سنوورییەکانی ( پەروێزخان، سەرزێری، سەیرانبەن، کێلێ، تەوێڵە، پشتە، شوشمێ) بەڕووی گەشتیاران بە داخراوی دەمێنێتەوە و تەنها بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی کراوە دەبن.
2- دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران کراوە دەبن بەڕووی ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی ئێران گیریانخواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
3- ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی کوردستان کە قوتابین لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ئێران، یان نەخۆشن و پێویستیان ەب سەردانی پزیشک هەیە لە وڵاتی ئێران، و بۆ حاڵەتەکانی بە یەک گەیاندنی خێزان لە رێگەی سیستەمی رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی دەتوانن داواکاریی پێشکەش بکەن بۆ گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە.









