ڕاپۆرت: پەریهان عومەر
لەڕۆژگاری ئێستادا بە هۆی زیاتر ئاڵوودەبوونی تاكەكانی كۆمەڵگە بە سۆشیال میدیاوە، كە ڕۆژانە هەواڵ و بابەتی خۆش و ناخۆش یاخود ئەرێنی و نەرێنی بەرچاو دەكەون، بێگومان ئەمەش بێ كاریگەری نابێ لەسەر لایەنی دەروونی تاك و گوشاری دەروونی دروست دەكات و بەزۆر شێواز لە ڕەفتار و گوفتار و هەڵسوكەوتی تاكدا خۆی دەنوێنێت، بۆیە ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین جۆرێتی ئەو گوشارە دەروونیانە و كاریگەرییەكانی بخەینە بەر باس.
ئەرشەد شوانی مامۆستای زانكۆ بۆ خەبات گوتی: رۆژانە بەهۆی سەرقاڵیمان لە كار و ژیانی رۆژانەماندا تووشی گوشاری دەروونی دەبین و كاریگەری نێگەتیڤ لەسەرمان جێدەهێڵێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین تێیپەڕێنین و زاڵبین بەسەریدا، لەم بابەتەدا زیانەكانی گوشاری دەروونی دەخەینەڕوو ئەگەر بەردەوام بێت و چارەسەری نەكەین، رێكخستنی خەو تێكدەدات و گوشار دەروونی و نیگەرانی و دڵەڕاوكێ زیاددەكات، پزیشكەكان دەڵێن نیگەرانی و دڵەڕاوكێ هۆكاری سەرەكی تێكچوونی خەوە، لەوەش خراپتر ئەوەیە كەم خەویەكەش دەبێتە هۆی زیادكردنی گوشار و بەو جۆرە سوڕی” كەم خەوی- دڵەڕاوكێ” دووبارە دەبێتەوە، تەندروستی پێست تێكدەدات توێژەرەوان دەڵێن، گوشاری دەروونی دەبێتە هۆی خراپتركردنی نەخۆشی و كەموكوڕییەكانی پێست، گوشاری دەروونی نابێتە هۆی دروستكردنی
زیپكە، بیرۆ، گەڕی و كێشەكانی تری پێست، بەڵام ئەگەر ئەو كێشانەت هەبێت ئەوا لێت خراپتر دەكات، گوشاری دەروونی دەبێتە هۆی درەنگ چاكبوونەوەی برینداری و ڕوشاوی پێست بۆ تەندروستی دڵ خراپە
لەكاتی گوشاری دەروونیدا، ئادرێناكین بەرێژەیەكی زۆر و نائاسایی دەڕژێت، كە ئەمەش گوشاری خوێن و لێدانی دڵ تێكدەدات بەرگری لەش لاواز دەكات. ئەو كەسانەی بەبەردەوامی گوشاری دەروونیان هەیە سستمی بەرگری لەشیان لاواز دەبێت و زیاتر توشی نەخۆشیە درمەكان دەبن،وەك كۆكە،هەڵامەت و سەرئێشە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا كێ ئەم گوشارانە دروستی دەكات؟ مامۆستا ئەرشد گوتی: بەشی زۆری گوشار دەروونییەكان لە هەرێمی كوردستان میدیاكان لەسەر تاك كورد دروستی دەكەن، بەهۆی قەیران و كێشە سیاسییەكانی نێوان، ئیستا ڤایرۆسی كۆرۆنا گوشارێكی یەكجار زۆر دەروونی لەسەر خێزان و سەرۆكی خێزانەكان دورستكردووە ئەمەش راستەخۆ كاردانەوە و كاریگەر لە سەر خێزان دەبێـت لە ماڵەوە دواتر كاریگەری دەكەوێتە سەر كۆمەڵگا بە گشتی، بۆیە ژینگەو میدیا و نەبوونی پارەو كێشە سیاسیەكان و شەڕ و تیرۆر و تەڵق و كوشتن ئەوانە هۆكاری سەرەكین بۆ دروستبوونی گوشاری دەروونی لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگای كوردی.
پەیام حازم چالاكوانی مەدەنی لەسەر ئەم بابەتە بۆ خەبات گوتی: لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بمانەوێت یاخود نا كۆمەڵێك گوشاری دەروونیمان بۆ درووست دەبێت، ئەم گوشارانە بە پێی گرنگی بابەتەكان كاریگەریمان لەسەر جێدەهێڵن، زۆر كات بە ئەندازەیەكە هەوڵدەدەین چەند ڕۆژێك لە سۆشیال میدیا دووركەوینەوە، چونكە هەست بە نا ئارامی دەكرێت، دیارەكان بە حاڵەتێكی زیاد لە پێویست زەق دەكرێتەوە و هەمیشەش نا هۆشیاری تاكمان لە بەر چاو دەبێت لە ڕێگەی ئەو بابەتانەی كە بڵاوی دەكەنەوە.
پەیام حازم گوتی: بۆ پرسیاری ئەوەی كێ درووستی دەكات؟ دەكرێت بڵێم زۆربەمان بەشدارین لە درووستكردنی ئەم گوشارانە، بەڵام بەتایبەت تر میدیاكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن، بەجۆرێك كە میدیا هەستی بەوە كردوە زیاتر دەتوانیت لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە بە خەڵك بگات، بۆیە ئامانجەكانیان گواستووەتەوە بۆ ناو پەیج و ئەكاونتەكانیان لە سۆشیال میدیا، جگە لە مانە كۆمەڵێك كەسی نەناسراو لە ڕێگە پەیجەكانەوە بە زەبری پارە ترس بڵاو دەكەنەوە، بێگومان ئەمانە هەمووی كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەروونی تاك.چارەسەر دەبێت لایەنی بەرپرس ڕێبگرێت لەم جۆرە زۆری و بۆرییە و دەبێت تاكیش خۆی هۆشیار بێتەوە هۆشیاری تاك زۆر گرنگە.










