رێبوار حەمەلاو شوانی
بەدرێژایی مێژوویی دوور ونزیكی شۆڕش و ڕاپەرینەكان و نزیكبوونەوە لە بەدەسهێنانی سەركەوتن ودەستكەوتی گەورە، گەورەترین خاڵی لاوازی گەلی ئێمە نەبوونی هوشیاری و ئاگایی یەكریزی بووە كە لەو بۆشاییەوە توانیویانە هەموو سەركەوتنەكان بگەڕێنەوە بۆ خاڵی سفر. ئەوەش زیانی گەورەی لە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان داوە.
لە وڵاتان بە هۆی هەستی بڵندی نیشتیمانپەروەری و خۆشەویستی گەل ، لە كاتە هەستیارو ناخۆشەكاندا ، هەمووان دەبنە یەك دەنگ و جیاوازی و ناكۆكییەكان بەلاوە دەنێن بۆ چارەسەر كردنی كێشە وكۆسپەكانی بەردەمیان . لە كوردستان هەموو ئەو ئاڕاستانە پێچەوانەی یەكترن و لە جیاتی پشتیوانیكردن و چارەسەركردنی كێشەكان ئەوا شكۆی گەل و نیشتیمان و ئاسایشی نەتەوەیی دەخەنە مەترسییەوە .
نەیاران هەمیشە ولەو كاتانەی كە هەستیان بە ناتەبایی و یەك نەبوونی نێوماڵی كورد كردۆتەوە ویستیویانە گورزی خۆیان بوەشێنن زیان بەو یەكرێزییەی كلیكی سەركەوتنە بگەێنن ، بەو واتایەی كە ورووژاندن یان بە كۆمەڵایەتیكردنی ئامانجداری بابەتێك یان دیاردەیەك لەلایەن كەس یان هێزێكەوە بۆ ئامانجێكی دیاریكراوە. هەر بە هەمان هۆی ژێردەستبوونی درێژخایەنی كوردستان، خەڵكی كورد بەشێوەیەكی دوورمەودا لەگەڵ شێوەیەك لە سیاسەتی داگیركاری ئاشنایە كە هەموو شتێك و هەموو دیاردەیەكی بە بەرنامەیەكی سیاسی دژی خەڵكی كوردستان پێڕەو كردووە.
راستە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان ، لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، هێزی یەكەمی كوردستان بە دەنگی زۆرینەی خەڵكی كوردستان متمانەی بەدەستهێناوە و تێیدا دوو هێزی تریش هاوبەشن ، بەڵام جێگەی سەرسورمانە ،سەڕەرای ئەوەی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە سەرەتایی دەستبەكاربوونەوە، بە حكومەتی كوردستانیانی ناوبرد نەك تەنها حزبێك بە ڵام جێگەی داخە، دیسان لە قۆناغە هەستیارەكاندا ، هەمیشە كاریان بۆ بچووكردنەوەی دەستكەوتەكان و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی بەردەم رێگەی كوردستانیان كردۆتەوە .لەگەڵ ئەوەشدا كاریان لە سەر خۆلقاندنی قەیران ودڵەڕاوكێ كردووە . ئەو لایەنانە بەتایبەت یەكێتی ، كە بە پێی رێژەی كورسییەكانی مافی خۆی پێدراوە و رەنگە بەزیادیشەوە ، لە بڕی یەكریزی و دروستكردنەوەی هەڵەكانییەوە و كۆتایی هێنان بە قەیرانەكان كار لە سەر لێدانی پێگەی حكومەتی كوردستان لە چەند رێگەی جۆراوجۆرەوە كردووە .هەرێمی كوردستان ، ئەزموونی زۆری هەیە لە سەر كێشە و قەیرانە دروستكراوەكان و كە ئەوانەی كە چەندین ساڵە خۆیان بەشداری حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانن لە قۆناغە دژوارەكاندا خۆیان لە بەرپرسیاریەتی دەدزنەوە و دڵەڕاوكێ و قەیران و ناتەبایی لە نێو ریزەكانی كوردستان دروست دەكەن .لە رابردوو هەرێمی كوردستان رووبەڕووی چەندان قەیران بۆتەوە بەتایبەتی قەیرانی دارایی، خۆشبەختانە هەوڵی زۆر هەیە لە كەناڵی جیاوازەوە بۆ چارەسەركردن، لە هەمان كاتدا هەنگاوی چاكسازی دەستی پێ كردووە تا بتوانێت لە داهاتوویەكی نزیكدا بەتەواوی ئۆمێد باڵ بەسەر كوردستاندا بكێشێت و ژیان ببووژێتەوە. بیر بكەوە چەند مانادار دەبوو حزبەكان هەریەكەیان لای میلەتی بگرتایە و هانی حكوومەت بدەن ئەو گەندەڵی و بندیوارانە ببڕن كە لە رابردوو بەهۆی زۆریی پارەوە كراون، میللەت لە بارودۆخی وەهادا هەرگیز هەستی بە قەیران نەدەكرد، بەڵام خۆشبەختانە حكوومەتی كوردستان بەهێزەوە دووپات لە چاكسازی دەكات، ئەوەی ئایندەیەكی باش بۆ كوردستان دێنێتە ئاراوە. پێوستە، هەمووان بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەم رەوشەدا مامەڵە بكەین و هەمووان پشتیوانی هەنگاوەكانی حكومەتی كوردستان بكەن بۆ پێداچوونەوە بە قەیرانەكانی دارایی و تەندروستی و بەیەكهەڵوێست كوردستان بەهێزتر بكەین.










