خۆشەوی مەلا برایم
هەڵوێستی فەرمی ڕووسیا لە هەمبەر كۆبوونەوەی قەتەر: وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سرگێ لاڤرۆڤ لە سەردانی وڵاتی قەتەردا لە 3-8-2015 دا باسی دوایین هەڵوێستی نوێی سەرۆك كۆماری ڕووسیای فیدراڵ ڤلادیمێر پوتینی كرد و وتی ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانییەكی هاوبەشی نێوان سوپایی عێراق – سووریا و كورداین، دیارە مەبەست لە كوردانی هەردوو پارچەی سووریا و عێراقە. ڕووسیا بە شێوەیەكی راستەوخۆ هەردوو رژێمی سوریا و عێراقی چەكدار كردووە پێوەندی لەگەڵ كوردانیش زیاتر بە شێوەی دیپلۆماتی و بەشداریكردنیان لە گفتوگۆكان و سەردانەكانی دیپلۆماتی و دەربڕینی هاودەردی بە دژی تیرۆریزمە، لەو رووەوە سەرۆكی ناوەندی بەشی تێهەڵچوونەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەر بە ئینستیتوتی ئەمەریكا و كەنەدا ئەلیكسەندەر شومێلین و چەندان پسپۆری دیكە لە رادیۆی ئازادی بە زمانی ڕووسیایی باسی ئەو هەڵوێستە نوێیەی ڕووسیایان كرد و دەڵێن كە:
❊ سووریا دابەشكراوە و نێزیكترین بیرۆكە پێكهێنانی جۆرە فیدراڵییەتێكە بە شێوەی نافەرمی باسی دابەشكردنی سووریا كراوە و بڕیارە، كە چەندان هەرێمی جۆراوجۆر بۆ پێكهاتەكانی كورد، دروز، سوننە و عەلەوی دروست بكرێن، حكوومەتی سوریاش لەسەر ئەو بیرۆكەیە رەزامەندی خۆی پیشانداوە.
❊ ئەگەر مەبەستی ڕووسیا پشتگیری لە كوردانی رۆژئاوای سەر بە ئۆجەلان بێت ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەكانی توركیا دەبێتەوە، توركیاش دژی ئیئتیلاف لەگەڵ كوردانی عێراقی دیموكراتیخواز نییە، بۆیە دوو شێوە كوردی زۆر جیاواز هەن. بە هەر شێوەیەك بێت دەربڕینی ئەو هەڵوێستە جۆرە نەرمی و بایەخدان بە كێشەی كوردی دەگەێنێت.
بۆچوونی دوو پسپۆری ڕووسیایی لەسەر بارزانی نەمر و ستالین 13-7-2015
كەی پرۆژەكەی ستالین بۆ كوردان جێبەجێ دەكرێت:
بەو ناوەوە دوو نووسەری ڕووسیایی بەناوبانگ ستانیسلاڤ تاراسۆڤ و ستانیسلاڤ سترێمیدلۆڤسكی لە – regnum.ru باسی ئەو پرۆژەیە دەكەن: لەگەڵ گوزەری كات و رووداوەكاندا بەڵگەنامەی مێژوویی زیاتر لەسەر كوردان ئاشكراتر دەبن، هەندێ نادیاریش زیاتر ڕووی راستییان بۆ دەردەكەوێت هەردوو نووسەر دەبێژن: كە ستالین پێی خۆش نەبووە، كە كەمەربەندی تورك زمانەكان و ئازەربایجانی گەورە لە باشووری سنوورەكانی یەكێتیی سۆڤیەتدا دروست بكرێت و ئەو لایەنانە بكەونە ژێر كاریگەری توركیا، كە لەو هەلومەرجەدا قەفقاز و ڕووسیا دەكەوتە ژێر ئابڵۆقەی گەلانی توركزمانی ئەمڕۆی ئازەربایجان، توركمەنستان و ئۆزبەكستان، بۆیە وای بە پێویست دەزانی، كە دەوڵەتێكی كوردی پێكهاتوو لە كوردانی ئێران و توركیا دروست بكرێت، هەروەها بارزانیش باش لەو پلانانە تێگەیشتبوو، دەیویست كە لە ناكۆكی ئەو زلهێزانە سوود ببینێت، بارزانی دەیویست، كە لە هەمبەر جێبەجێكردنی بەشێك لە پلانەكانی یەكێتیی سۆڤیەتدا دەوڵەتی كوردیش دروست ببێت. پاش ئەوەی كە پلانی كوردستانی گەورە جێبەجێ نەكرا ستالین دەیویست، كە ئۆتۆنۆمییەك لەناو ئازەربایجانی سۆڤیەتدا بۆ كوردان چێ بكات كە بە كوردستانی سوور ناسراوە. سەرۆك كۆماری ئازەربایجان باگیرۆڤ لەو پلانە دەترسا، كە بە هاوكاری بارزانی جێبەجێ بكرێت، بۆیە باگیرۆڤ سكرتێری یەكەمی پارتی كۆمۆنسیتی ئازەربایجان، بارزانی و یاوەرانی هەناردەی ئۆزبەكستان كرد و ئەو پلانەیان تێكدا. لە كۆتایدا هەردوو نووسەر دەڵێن: كە ئێستەش لەوانەیە پلانی پێكهێنانی كوردستانی گەورەی ستالین سەرنجڕاكێش و ئەكتوێل بێت.
گرینگی ئابووری كوردستان: گۆڤاری topneftegaz سەربە ناوەندەكانی نەوتی ڕووسیا باسی بواری نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، كە دەتوانێت بە ملیاردەها $ سوود بەدەست بهێندرێت. گۆڤاری ناوبراو دەڵێت: كە كۆمپانیای توركی Genel Energy، كە سەر بە مێحمێد ئەمینە نێزیكەی 2 ملیارد $ سەرمایەگوزاری كردووە ئەگەر هەناردەی نەوتی كوردستان بگاتە 1 ملیۆن بەرمیل و كێشەی داعش بەكۆتا بێت و كوردستانیش بەهاوكاری ئەمەریكا بتوانێت، كە بە فەرمی لە عێراق جیا ببێتەوە كۆی سەرمایەی دەتوانێت، كە دوو بەرابەر ببێت، ئەگەر كوردستان بكارێت بە ڕێگەی سوریاشدا بەشێوەی راستەوخۆ دەستی بگاتە دەریای ناوەڕاست، واتە جگە لە تاكە ئەلتەرناتیڤی توركیا بەكار بهێنێت نەوتی خۆی هەناردە بكات دەتوانێت، كە جێگەی لیبیا بگرێتەوە. جگە لەو كۆمپانیایە كۆمپانیای فەرەنسایی Oryx بە سەرۆكایەتی ژان كلۆد گاندۆر بایی زیاتر لە 2 ملیارد دۆلار سەرمایەگوزاری كردووە، هەروەها كۆمپانیای ویسترن زاگڕووسیایی كەنەداییش سەرمایەگوزاری زۆری كردووە، كە بە خۆشی بابەتی دارایی لێگەڕان دابین دەكات و بە سەدان ملیۆن دۆلاریش قەرزی داوە. بەشێكی هەرە زۆری سەرمایەی ئەو كۆمپانیایە بەهۆی دراوی بانكی ئافشورەكانی ڕووسیاوە دابین دەكرێت. هەر لەو وتارەدا هاتووە، كە زۆرترین سوودی بەدەستهاتووی، كە ملیاردێرەكان سەرمایەگوزاریان تێدا كردووە بریتی بووە لە بوارەكانی بە پلەی یەكەم 1لە بەشی high-Tech. 2 لە خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت. 3 دەرهێنان و لێگەڕانی هایدرۆكاربۆن لە ناوچە مەترسیدارەكاندا. 4 چێكردنی باڵەخانە و خانووبەرە لەناو شارەكاندا.بەپێی مەزەندەكانی فۆربێس لە ساڵی 2009 دا زۆرترین سوود لە بواری ئەڵماسی رەنگیندا بووە، كە سوودەكەی بە رادەی لە 360% بووە.
لە پێشمەرگەوە بۆ پنتاگۆن – كێ دەتوانێ بەسەر داعش و توندڕۆیدا سەربكەوێت: رۆژنامەنووسی پسپۆر لەسەر تیرۆریزم ئیڤان یاكۆڤینا بۆ slon.ru و lenta.ru، كە گەورەترین سایتی رووسەكانە دەنووسێت: لە ئەنجامی كردەوەكانی تیرۆریدا گوشارەكانی ناوەخۆی و نێودەوڵەتی بۆ سەر ئۆباما زیاد دەبن، كە ویلایەتە یەكگرتووەكان ناچارە یارمەتی كورد بدات و كوردانیش دەتوانن، كە هەرسێ هەرێمی كوردی دابڕاو لە سوریا بگەینە یەك و لە عێراقیش موسڵ بخەنە ناو ئابڵۆقە و بەو شێوەیە كەمەربەندێكی یەكگرتوو چێ بكەن، كە لەداهاتوودا دەستیان بگاتە دەریای ناوەڕاست و داعش لە سەرچاوە سەرەكییەكەی توركیا دادەبڕن و ڕێگە لە یەكێتیی ئێران، حكومەتی سوریا و حزبوڵای لوبنانیش دابخەن. شیعەكان بەو بێهێزی و لاوازییەی خۆیان هەوڵ دەدەن، كە بە شەڕ ناوچەكانی كۆنترۆڵی كێشەلەسەر بگەڕێننەوە، بەڵام ئێستە كێشەی سەرەكیی لەسەر داعشە، بۆیە ئەو پرسە بۆ داهاتووی دوور دەمێنێتەوە. تاكە هێز، كە بتوانێ بەكردەنی ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە كوردانن بە 160 هەزار پێشمەرگە و چەند هەزار شەڕڤانی كوردی سوریاشەوە توانای شەڕیان بە كردەنی لە هەمبەر 150 هەزار شەڕكەری داعش، كە بەسەر بەرە جۆراوجۆرەكان و دوور لە یەكدیی بڵاوكراوەن هەیە. ئەگەر بەشار ئەسەد و حیزبوڵاش بە هاوشێوەی كوردان بتوانن بەرەی ڕۆژئاوا رابگرن دەتوانن، كە داعش لەو سنوورانەدا ئابڵۆقە بدەن، كە لەو كاتەدا تەنگژەێكی ناوەخۆی ئایدیۆلۆجی لەناو داعشدا چێ دەبێت. رۆژنامەنووسی ناوبراو ئەو بابەتەیەی لە رۆژی 11-6-2015 دا لەچاپ داوە، كە ناوچەی سەرێكانی و كۆبانی بەیەك نەگەیشتبوو، بەڵام پێشبینی ئەو تاكتیكە سەربازییەی كردبوو.










