خەبات: مەریوان نەقشبەندی:- سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی خەبات باس لەئایندەی كورد لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و تەئكید دەكاتەوە كە تەنها شاخەكانی كوردستان دۆستی راستەقینە و هەمیشەیی گەلی كوردن و نابێ شاخەكانمان لەبیربكەین.
محەمەدی حاجی محمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان كە یەكێكە لەسەركردە سەربازییە قارەمان و خاوەن هەڵوێستە نەتەوەییەكانیش لەلێدوانێكی تایبەت بۆ رۆژنامەی خەبات لەبارەی كێشەی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا كێشەی مووچە نییە و كێشەی مووچەش نەبووە، بەڵكو كێشەی سیاسی و مێژووییە و كێشەی خاك و تەعریبكردنی كوردستان و دژایەتی ئیرادەی خەڵكی كوردستانە لەپتەوكردنی قەوارەی ئیداری و ئابووری خۆیدا.
سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان هەروەها دەڵێت: حكوومەتەكانی عێراق لەدوای رووخانی سەددامەوە بە هاوكاری وڵاتانی ئیقلیمی و رەزامەندی و بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەك لەدوای یەك هەوڵی دروستكردنی درز و ئاژاوەیان لەنێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان و پەرتكردنی گەلی كورد داوە و لوتكەی هەوڵەكانیان گەلەكۆمەیان بوو دژی بریارە مێژووییەكەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی خەڵكی باشووری كوردستان كە تووشی شۆك بوون كاتێ سووربوونی سەركردایەتی سیاسی گەلی كورد و 92%ی دەنگدەرانی كوردستان دەنگیان بەسەربەخۆیی دا، بۆیە لەوكاتەوە هاجسی سەربەخۆیی باشووری كوردستان ئۆقرەی لە سیاسییەكانی عێراق بڕیوە و كێشەی راگرتنی بودجە و مووچەی حكوومەت و خەڵكی كوردستانیش ئەم ترسەیە نەك مەوزوعی تەسلیم كردن یان تەسلیم نەكردنی نەوت.
محەمەدی حاجی مەحمود گوتیشی: حكوومەتی هەرێم كارتی زۆر بەهێز و كاریگەریی لەبەردەستدایە كە لەبەرامبەر بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەدژی بەغدا بەكاریبێنێ، بەڵام ئەو كارتانە كاتێ بەسوود و كاریگەر دەبێت كە كورد لەناوخۆیدا یەك دەنگ و یەك دەست بێت و واز لەچەلەحانەی حزبایەتی بێنین و كێشە ناوخۆییەكانمان چارەسەر بكەین یان وەلاوەی بنێین.
هەروەها لەبارەی رۆڵی سەرۆك بارزانییەوە لەم بارودۆخەی كوردستان سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: سەرۆك بارزانی دەنگی یەكلاكەرەوەی لەهەر كێشەیەكی سیاسی عێراق و ناوچەكە هەیە و پێگە و مێژووی خەبات و پێشمەرگایەتی و سیاسی هیچ كوردێك و تەنانەت دوژمنانی كوردیش ناتوانن لەبەرچاوی نەگرن.
كاكە حەمەی حاجی مەحمود داوا لەخەڵكی كوردستانیش دەكات لەم بارودۆخەی ئێستای كوردستان و جیهان بگەڕێنەوە بۆ دەشت و باخ و ئاو و كارە دەستییە جوانەكانیان بۆ ئەوەی بتوانین پشت بەخۆمان ببەستین چونكە ئەگەر چارەسەر بۆ ئەم پەتایە و ئەم بارودۆخە خراپە نەدۆزرێتەوە ئەوا نەوت چارەسەری دەردی گەلان ناكات. هەروەها گوتی: شاخەكانی كوردستان هۆكاری سەرەكی مانەوەی كورد بووە دوای ئەم هەموو ئەنفال و كیمیاباران و تەعریب و كۆمەڵكوژییە، بۆیە دەبێ هەمیشە شاخ و دەشت و ئاو و باخەكانی كوردستانمان لەیاد بێت و بەوەفا بین بۆیان.










