پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بۆ بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان، بە جێبەجێکردنی رێنمانییە تەندروستییەکان لە سبەی کاژێر 06:00ـی ئێوارەوە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکرێنەوە و قەدەخەی هاتووچۆ هەڵدەگیرێت.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت و هیچ هاتووچۆیەک نابێت، داوای لە هاونیشتمانیانیش کرد کە بۆ ئەو مەبەستە خۆیان ماندوو نەکەن.
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، ئەو شوێنانەی کە پێشتر رێگە بە کردنەوەیان دراوە، بەو مەرجە تەندروستییانەی کە سبەی چوارشەممە 3ی حوزەیران رایدەگەیێنن، دەکرێنەوە و دەشڵێ “هەرکەسێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت، ناچارین ئەو شوێنە دابخەین”.
فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوەش کرد، وەکو لە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، تاوەکو 6ی حوزەیران دەوام و هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکاندا نابێت، گوتیشی “سیستەمی ئۆنلاین بۆ هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان وەستاوە”.
بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گیانلەدەستدانی تووشبووان، وەزارەتی ناوخۆ قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتیی بۆ ماوەی شەش رۆژ راگەیاند، بەڵام بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ هاونیشتمانیان بڕیاردراوە رێکارەکان ئاسانتر بکرێن.










