شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومهتی عێراق و قەیرانی دارایی و ناڕەزایی شەقامی عێراقی لە شێوازی بەڕێوەبردنی حكوومەتی بەغدا، تێكقژقژانی سیاسییەكانی بەغدا لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان، ئەمانە و چەندان هۆكارگەلی دیكەش بوونە هۆی سەرهەڵدانەوەی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە چەند ناوچەیەكی عێراقدا.
سەرهەڵدانەوەی داعش، قەیرانی دارایی، ناكۆكییەكانی بەغدا كاریگەری نەرێنییان لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت، لەكاتێكدا بەشێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو و بە عەقڵییەتی شۆڤێنییانەی عەرەبی ئەوەتا سیاسییەكانی بەغدا ماكینەی میدیایی و سیاسی نەرێنی و دوژمنكارانەیان لە دژی هەولێر خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی كێشە بۆ خودی قەوارەی هەرێمی كوردستان دروستبكەن، تەنانەت ئەو هەڵمەتە كە من ناوم ناوە “سیاسەتی هەوڵدان بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان” گەیشتووەتە ئاستێك لە ناوخۆی هەرێمیشدا لایەنی سیاسی و كەسایەتی نزیك لە بەغدا سەپۆرتی دەكەن، بێئەوەی قوربانی و خوێنی رژاوی كورد بهێننەوە بەرچاوی خۆیان كە بۆ ئەو ئەزموونە رژێندران.
بەغدا وێڕای قەیران و ناكۆكی ناو لایەنە شیعە و سوننەكان، كاتێك دێتە سەر ئەو خاڵەی پێوەندی بە كوردەوە هەیە، ناكۆك نین و بگرە هەوڵی كڕینی لایەنی سیاسی و كەسایەتیی كوردیش دەدەن بۆ ئەوەی سەپۆرتی سیاسەتی دژایەتییكردنی هەولێر بكەن كە لە بەغداوە ئاڕاستە دەكرێت بە پاڵپشتی و چاودێری لایەنە دەرەكییەكانی دراوسێی عێراق، بە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان بە روونی و بەشێوەی پراكتیك كاری بۆ سەربەخۆیی كوردستان كرد، بەغدا و دراوسێكانی دەزانن ئەگەرچی لەم قۆناغەدا پرسی سەربەخۆیی كوردستان جۆرێك گۆڕانكاری لە گوتارەكەیدا روویداوە، وەلێ وەك ستراتیژ لە زاكیرەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستاندا بە زیندوویی ماوەتەوە، سەربەخۆییش خێركردن نییە بە كوردی بكەن!
لە ماوەی چەند رۆژ و هەفتەی رابردوودا هەمدیس جۆرێك ساردی كەوتە نێو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، لە نموونەی زینی وەرتێ و لامەركەزیی سلێمانی و چەند وردە پرسێكی دیكەش، لەكاتێكدا قۆناغی هەنووكە بەهۆی قەیرانی دارایی و مەترسی داعش و سیاسەتی دوژمنكارانەی بەغدا و پێكهێنانی كابینەی حكوومەت و بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان، پێویستی بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە بە تایبەتی پارتی و یەكێتی وەك دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان.
ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان هی تەنیا حزبێكی سیاسی نییە، شكست و سەركەوتنیشی هی هەمووانە، گرنگە فۆكەس بخەینە سەر خودی پێگەی هەرێمی كوردستان كە بە چل ملیۆن كوردی خاك داگیركراو و ستەملێكراو لەو دونیا جەنجاڵ و تژی دەوڵەت و كیانی نەتەوەكان، ئێمە تەنیا هەرێمی كوردستانمان هەیە لە ناو بازنەیەكی داخراو بە چوار وڵاتانی داگیركەر و كۆششكەردا بۆ سڕینەوەی ئەو قەوارە كوردییەی ناوی هەرێمی كوردستانە كە بە قوربانی و خوێنی كورد لە دوای كۆچڕەوەكە وەك دیفاكتۆیەك چووە ناو زاكیرەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پاشانیش لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە بە یاساییكرا و ئێستاش بەغدا پەشیمان بووەتەوە!
پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، بەغدای ئێستا بە پاڵپشتی لایەنی دراوسێی عێراق، پەشیمانن لە قەوارەی یاسایی هەرێمی كوردستان كە مافێكی بچووكی گەلی كوردە، راستییەكەی دەبوو دەوڵەتی كوردستان بێت نەك هەرێم، هەر ئەوەشە وایكردووە بەغدا كۆششگەلێكی سیاسی و ئابووری و ئەمنیش دەكات بە مەبەستی تێكدانی سەقامگیریی هەرێم و دروستكردنی كێشە لەنێوان حزبەكان و كەسایەتییەكان بە بەكارهێنانی هەست و سۆزی شەقامی كوردستان بۆ لاوازكردنی خودی هەرێمی كوردستان.
لێرەدا سەرجەم خەڵكی كوردستان و حزبەكان بەرپرسیارن لە ئاست مێژوودا بەوەی ئەو قەوارەیە هی هەمووانە و پاراستن و فراوانكردنیشی ئەركێكی مێژوویی، نەتەوەیی، نیشتمانیی هەر كوردێكە، بە یەكڕیزی و بە گرنگزانینی خودی قەوارەی هەرێمی كوردستان دێتەدی، ئەو گوتارە سیاسی و میدیاییە ناكۆكەی لە هەرێمی كوردستاندا لە ئارادایە، راستەوخۆ خزمەت بە لایەنی عێراقی دەكات لەسەر حیسابی پێگەی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕی هەستكردنە بە بەرپرسیارێتیی سیاسی، مێژوویی، نەتەوەیی، بەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كێشە و خواستە حزبییەكانیان لەپێناو پاراستنی خودی قەوارەی هەرێمی كوردستان وەلاوە بنێن و لە بەرانبەر بەغدا بە یەكگوتار و یەكهەڵوێستیی سیاسی بوەستنەوە.










