‎کاروان کەریمخان

‎لە کاتێکدا کە تەواوی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان و تەنانەت وڵاتانی دژیەک و وڵاتانی دراوسێش دان بە بوونی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەنێن و خراپ تووشی ڕەشی قەیرانی خۆیان هاتوون و کۆڕۆنا خەریکە کاریگەریەکی چاوەڕوەاننەکراو دەکاتە سەر باری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی گێتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو توانایە سنووردارەی کە هەیەتی بەو پەری بەرپرسیارێتی و لە دۆخێکی ناسکی دارایی و سیاسی، تۆکمەترین مۆدێلی پەسندی جیهانیی بەر لە زۆربەی وڵاتان گرتەبەر و لە بەرئەنجام کەوتە سەر زاران و بوە جێی ئیرەیی بەدکاران.

‎لەم ماوەیەدا ڕێکارەکان بە پێی دۆخ و ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و ئاماری تەندروستی گۆڕانی بەسەر داهات، دەرەنجام بەپێی ئامارەکان و بە بەراورد لەگەڵ جیهان لە ڕووی ڕێژە و ژمارەی گیرۆدە و بیماران، حکوومەتی هەرێم، بە هیوای ئەوەی کە دەرمان بۆ ئەم پەتایە پەیدا بێت یان بە جۆرێک کۆتایی پێ بێت، تا ئێستا سەرکەوتووانە قۆناغێکی باشی بڕیوە. پێ دەچێ ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت و ببێتە هۆی بومەلەرزەی بازاڕ و ئابووری و سترێسی خەڵک، حکوومەتی ناچار بێت ڕێکاری وەک سازان و فەرهەنگسازیی زیاتر بگرێتەبەر.

‎بەو پێیەی کۆڕۆنا بۆتە مەتەڵ و نەخۆشییەکی نامۆ لە جیهان، دەتوانین ڕێکاری حکوومەت بە مەسەلی ڕاوە کەو بێنینە بەرچاو: ڕاوچی هەرچەندە نەقۆلاش بێت ئەگەر بە فیشەکێک بچێتە ڕاو ئەوپەری دەستکەوتی کەوێکە و ڕەوەش هەڵدەفرێ، بەڵام ئەگەر تاپڕی پێ بێت بە نەزانیش دەست بە ماشەدابێنێت دەستکەوتی زیاترە دەبێ. حکوومەتی هەرێمیش بە توانایەکی سنووردار و دەیان گرفتی دیکە هاتۆتە شەڕی کۆڕۆنایەک کە دونیای وەلەرزە خستووە و ترسی قاتی و قڕی خستۆتە ناو دڵی دەوڵەتان.

‎حکوومەتی کوردستان سیاسەتێکی وەهای گرتۆتە بەر کار گەیشتۆتە ئەوەی خەڵک ئەوەندە هەست بە ئارامیی تەندروستی بکەن بڵێن لە کوردستان کۆڕۆنا هەر بوونی نییە. بە دیوێکی ئەرێنی ئەوە نیشاندەرێکە کە بڵێین حکوومەت تا ئێستا سەرکەوتوو بووە؛ بەڵام دیوە نەرێنییەکەی ناڕۆشەنبیری بەشێکی کۆمەڵگایە کە لە جیاتی سەرکەوتنی حکوومەت ببێنن هەموو شتێک بە گومان سەیر دەکەن و تەنانەت بۆ ئەوەی وەک تابووری پێنجەم کار بکەن پەراوێزی لەمپەراوی لێرە و لەوێ ساز دەکەن. سەیرتر ئەوەیە کەسی تووشبوو گەمە بە خۆی و حکوومەت دەکات و چاوەڕوانی ئەوەی لە کۆڕۆنا هەیە کە مارانگاز وەئاوزینگانی بێنێ و بیمرێنێ، لە کاتێک لە جیهانیش ڕێژەی چاکبوون زۆر زیاترە لە مردن. هەروەها بەشێکیان چاوەڕوانی دەرمانێک لە حکوومەتی هەرێم دەکەن کە هێشتا زانستی پزیشکی و دێوەکانی ئیپیدیمۆلۆژی لە جیهان نەیاندۆزیوەتەوە. مەغڵەمەیەکی سەیرە، یەک فتوای شەهادەت دەدا یەک بە پارتیزانی دەچێتە سەرەخۆشی تاکوو ڕقی خۆی لە حکوومەتێکی دڵسۆز دەربکات. ئەڵبەتە لە ڕووی ڕابردوو و دەروونناسی ئەو خەڵکە ترسەنۆکەی کە هەر لە خۆیی ئازان و لە ئاست بێگانە کلک دەپاشەڵ دەنێنەوە، ئەگەر بۆنی کەلاکان لە کۆڵانان هات هەر ئەوانەی لە ڕکابەری حکوومەت دەچنە مزگەوت ئەوکات لە ماڵیش ناوێرن سەر وە سوژدە کەن و لە جیاتی زیکری حەق دەست ‎بە زیکری یا موحەمەد بن زەکەریای ڕازی (کاشفی ئەلکحوول) دەکەن.

‎هاوڕێیەکم دەیگووت لە ئینگلیز ئەگەر کەسێک نیشانەکانی کۆڕۆنای هەبێت پێی دەڵێن خۆت چاودێری خۆت بکە و ڤیتامین سی و ئاو بخۆوە، گەر کار لەوەی دەرچوو ئەوجار وەرە نەخۆشخانە؛ بەڵام حکوومەتی ئێمە بەو توانا سنووردارییەی کە هەیەتی بۆ سەلامەتی خۆی و کۆمەڵگا خەرج دەکێشێ و هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەی نەخۆشی چاودێری باری تەندروستی تووشبوو دەکات و هاوێری دەکات کەچی ڕۆشەنبیرەکانیش (شۆفێری تەکسی ئاسا) بە سیناریۆی دادەنێن. خۆ ئەگەر ئەوانە بە تیۆری پیلانگێڕی شتەکان لێک دەنەوە هەر باشە بەڵام لەویش نازانن. زۆر کەس لە جیهان بە چاوێکی پیلانگێڕی بۆ دەستەمۆکردن و یک جیهانی کردنی جیهان و کۆنتڕۆڵی مرۆڤ لە ڕێی کامێڕای هۆشی دەستکرد و زانستی نوێی نانۆ و ڤاکسێنی نانۆ دیاردەی ئاپادۆمی کۆڕۆنا لێک دەدەنەوە و ناوی کەسانی وەک بیل گەیتس لەو مەڕامە دەگلێنن و خاڵیی لە سەرنجیش نیە، بەڵام خۆ ئەوانەی لە کوردستان باسی سیناریۆ دەکەن نە چەمکی سیناریۆ دەزانن نە ئاگاشیان لە ئەگەرە ئامانجدارەکانی پشت کۆڕۆنا هەیە. کاتێک ئەو خەڵکە قسە دەکەن ئەوەم وەبیر دێتەوە کە سووکزەینەکانی کورد دەیانگوت بۆچی لە سنووری ڕۆژئاڤا خەندەک لێدەدرێت، بەڵام کاتێک بینیان تیرۆریستان هێرشیان هێنا ئەو کات زمانی خۆیان گەستەوە.

‎لێرە دەگەینە ئەو خاڵەی کە سەرەڕای ڕێکارە جێی شانازییەکانی حکوومەت پێویستە فەرهەنگسازی لە هەموو بوارێک بکرێت و گرینگی بە چەمکی بەشداری گشتی، متمانە و هەستی بەرپرسیارێتی بدرێت و بە تایبەتی کلتوری پاکپارێزی و ڕووناکبیرکردنی خەڵک پەرەی پێ ‎بدرێت.