بەرپرسێكی ناو شاندەكەی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ كۆتاهێنان بە كێشەكان چەند پێشنیارێك گەڵاڵە كراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ـی نیسان، سەمیر هەورامی گوتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆكایەتی سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق، كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا چەند پێشنیازێك لەسەر ڕێككەوتنی هەردوولا گەڵاڵە كران.
سەمیر هەورامی گوتی، كۆبوونەوەكانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوامییان دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن.
باسی لەوەش كرد، لەبارەی كۆبوونەوەكانی داهاتوو تا ئێستە دیار نییە شاندەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە یاخۆ دەمێننەوە و درێژە بە كۆبوونەوەكان دەدەن.
لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ گفتوگۆكردنی چەند پرسێكی پێوەست بە مووچە و بودجە و وزە، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە.










