بەڕێوەبەرایەتی بودجە لە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ، داوای لە ژمێریاریی سەر بە وەزارەتەكە كردووە، هەموو خەرجكردنی پارەیەك ڕابگرێت، تەنانەت ئەوانەی پێشتر لەلایەن وەزیری دارایی یان سەرۆك وەزیرانەیوە ڕەزامەنیان لەسەر دراوە، ئەمەش بەهۆی كەمی پارەی نەختینە لە مانگی نیساندا كە هۆكارەكەی كەمبوونەوەی داهاتی نەوت و دابەزینی نرخی نەوتە لە بازاڕەكانی جیهان.
لە نوسراوەكەدا تەیف سامی محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بودجە لە وەزارەتی دارایی فەرمانی كردووە، تەنیا پارە بۆ مووچە و مووچەی خانەنشینی و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و مووچەی كۆمپانیاكان و مووچەی پاككردنەوە و كرێی ئەنجومەنەكان و كۆمەكی وەزارەتی تەندروستی لە هەموو پارێزگەكان خەرج بكرێت.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا فەرمان كراوە، تەواوی ئەو پارانەی پێشتر ڕزامەندی خەرجكردنیان لەسەر دراوە، خەرجكردنیان ڕابگیرێن.
عیراق لەئێستادا بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتی نەوت و دابەزینی نرخی نەوتە لە بازاڕەكانی جیهان، دووچاری تەنگژەیەكی ئابوری گەورە بوو، وێڕای تەنگژەی تەندروستی پەیوەست بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و تەنگژەی سیاسی پەیوەست بە ناكۆكی نێوان لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ بەسەركردایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو.










