ئەمڕۆ 2020.4.9 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و تاهیر عبدوالله جێگرانی پارێزگار، لەدیوانی پارێزگا پێشوازی لە دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.

لەکۆبوونەوەیەکدا کە ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر وێرای بەگەرمی بەخێرهێنانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لەبارودۆخی ئێستای ئەو دۆخە نەخوازراوە کرد کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕووبەڕووی بوینەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو بەرنامە و پلان و بڕیارانەی کەلەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ هەموو سێکتەرەکان داڕێژراوە، پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی، لەچوارچێوەی ڕێنماییە تەندروستییەکان و بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، هەموو هەوڵەکانمان خستۆتەگەڕ بە مەبەستی پاراستن وسەلامەتی گیانی هاوڵاتییان و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست خۆشی لە پارێزگار و تیمی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێری کرد کە توانیویانە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان خزمەتێکی زۆر باش بە هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر بکەن لە رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا بکەن، هەروەها سوپاسی کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و پۆلیسی هاتووچۆ کرد کە نزیکەی دوو مانگە لە نەخۆشخانەکان و ئەو بازگانەی کە لەسەر شەقامەکان بۆیان دانراوە لە ژێر باران و سەرمادا ماونەتەوە بۆ ئەوەی گیانی هاوڵاتیان پارێزراو بێت و هیواشی خواست هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان رێزی ئەو ماندووبوونەیان بگرن، ئامادەیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشی دەربڕی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگیەک کە پێویست بێت لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر و هیواشی خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانرێت کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بکرێت و هاوڵاتیان دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2020.4.9