شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا
ئه‌و ماوه‌یه ته‌واوی فۆكهسهكان له‌سه‌ر كۆرۆنا و هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ن، به‌وپێه‌ی كۆرۆنا تازه بووه‌ته پرسێكی جیهانی و هیچ وڵات و گه‌لێكیش نییه له ئاستیدا لووتبه‌رزانه بوه‌ستێته‌وه، ئه‌گه‌رچی خوێندنه‌وه‌ی زۆریشی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام له هه‌ر دیوێكدا بێت تازه كۆرۆنا جیهانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كرد.
گریمان پرسه‌كه سیاسیش بوو (جارێ روون نییه)، به‌ڵام ئیدی ئه‌مه‌ریكا له‌و رێگه‌یه‌وه شه‌ڕی ئابووری له‌گه‌ڵ چیندا ده‌كات، هه‌ر هیچ نه‌بێت به حوكمی ئه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه سه‌ره‌تا یان دروستتر سه‌رچاوه‌كه‌ی له چینه‌وه هه‌ڵقوڵا و به جۆگه‌له‌ی وڵاتاندا بۆ هه‌موو شوێنێك شۆڕبۆیهوه تا ئاستی ئه‌وه‌ی گه‌یشته ژێر قه‌ڵاكه‌ی هه‌ولێریش!
مه‌گه‌ر ئێستا تیمه‌كانی شاره‌وانی ژێر قه‌ڵای هه‌ولێر به دژه ڤایرۆس ناڕشێنن! وێڕای ئه‌وه‌ش له ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا به ده‌یان تیمی دیكه‌ی شاره‌وانی به كوچه و كۆڵانه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا بڵاوبوونه‌وه‌ته‌وه و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆش راگه‌یه‌ندراوه، وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك كۆرۆنا پرسێكی جیهانییه، ره‌نگه ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت، دوو سێ رۆژ یان هه‌فته‌ی دیكه ده‌ڵێت ئه‌وه‌تا پێكوته‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌مان دۆزیوه‌ته‌وه و به‌خۆڕاییش به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كانی جیهاندا دابه‌شی ده‌كه‌ین، لێره‌دا تیرێك له جه‌سته‌ی چین ده‌كوتێت.
عێراق خۆی وڵاتێكی فاشیله له ئیداره‌داندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی زێڕی ره‌شه به‌و ئاسته‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و زێڕه ره‌شه‌ی له عێراقدا هه‌یه، له هه‌ر وڵاتێكی ئه‌ورووپی یان توركیا و شوێنێكی دیكه هه‌بووایه، ئێستا به‌هه‌شتیان له‌سه‌ر زه‌وی بونیاد ده‌نا، به‌ڵام ئه‌و ئیداره‌دانه‌ی عێراقی ته‌ژیی له ململانێی خێڵ و گرووپه سیاسی و مه‌زهه‌بییه‌كان، به جۆرێك هیچ یه‌كێك له‌و گرووپانه به‌بێ یه‌كدی ناتوانن وڵات به‌ڕێوه‌به‌رن و به یه‌كیشه‌وه هه‌ر ناتوانن وڵات ئیداره بده‌ن، سه‌رئه‌نجام ئه‌وه بووه‌ته ماڵوێرانی بۆ عێراقییه‌كان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه كۆرۆناشی گرت!
قسه‌كردن له‌سه‌ر دۆخی عێراق هه‌م ئاسانه هه‌میش ئاڵۆز، ئاسانە به‌وه‌ی تۆ به ئاماژه‌دان به ململانێكانی ئه‌و گرووپانه‌ی باسمان كردن، ده‌توانیت خۆت له هه‌ندێ به‌رپرسیارێتی نووسین و قسه و جه‌ده‌لی سیاسی بشاریته‌وه، واته هه‌مووان ده‌زانن دۆخی عێراق به‌ده‌ست قه‌یرانه رۆحییه‌كانه‌وه ده‌ناڵێنێت و خێڵ و مه‌زهه‌به‌كانیش وڵاتیان به خه‌ڵكه‌وه گیرۆده‌ی خۆیان كردووه و خه‌ڵكه‌كه‌یشی ناتوانن پشووێك بده‌ن. زهحمهتهكهشی ئه‌وه‌یه به هه‌ر شێوه‌یه‌ك قسه له‌سه‌ر عێراق ده‌كه‌یت ره‌نگه بۆ به‌یانی و دوو به‌یانی بۆچوونه‌كانت دروست نه‌كه‌ونه‌وه، ئاخر ئه‌و وڵاته له هیچ رووێكه‌وه جێگیر (سه‌قامیگیر) نییه .
تۆش مه‌ڵێ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه بێڕێزییه له ئاست خه‌ڵكی عێراق، ئه‌گه‌ر وانییه بۆچی عێراقییه‌كان غیره‌ت ناكه‌ن و ناڵێن به‌سێتی ئه‌و كوشتار و ماڵوێرانی و گه‌نده‌ڵییه، ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ن بۆچی ناپرسن ئه‌و هه‌موو نه‌وته‌ی عێراق بۆچی نه‌بووه‌ته هۆی به‌خته‌وه‌ری گه‌لی عێراق! ئه‌گه‌ر گه‌لی عێراق راست ده‌كات بۆچی ناپرسێت ئه‌رێ تۆڵه‌ی حوسێن كۆتایی نه‌هات! ئه‌رێ كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیی خه‌ریكه له ئاسماندا ماڵ دروست ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش تازه به تازه له نوێژی هه‌ینی بە دیار گوتەی مه‌لایه‌ك ده‌گرین و له خۆمان ده‌ده‌ین و رقمان له‌ناوی ئه‌بوسوفیان و حه‌سه‌ن و حوسێن ده‌بێته‌وه!
وێڕای هه‌موو ئه‌و ئاڵۆزییانه ئێستا نرخی نه‌وت جارێكی تر و رۆژ له دوای رۆژ دادەبهزێت، ئه‌مرۆش به به‌راورد به سێ چوار ساڵی رابردوو خراپترین ئاستی تۆمار كرد، له كاتێكدا عێراق نه‌وت ده‌خوات! ئه‌مه‌ش قه‌یرانێكی دیكه رووبه‌ڕووی عێراق ده‌كاته‌وه به‌وه‌ی دیسان خه‌ڵكی عێراق وێڵی دوای خزمه‌تگوزاری ده‌بنه‌وه و له تاوا خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و سیاسییه‌كانیش سواری شه‌پۆلی ناڕەزاییەکانی جەماوەر و ئاڵۆزییه‌كان ده‌بنه‌وه، وه‌ك هه‌میشه ره‌نگه ئه‌مجاره‌ش عێراق خه‌فه‌تی دڵی خۆی به كورد هه‌ڵبڕێژێت و كورتهێنانی بوودجه‌كه‌ی له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی كوردستان پڕ بكاته‌وه، به ده‌ستكاریكردنی به‌شه بوودجه و چاوشاركێكردن له ناردنی پشكی مانگانه‌ی هه‌ولێر له مووچه.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه هه‌ر له ئێستاوه هه‌ولێر وه‌ك ناوه‌ندی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان خۆی بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ی دابه‌زینی نرخی نه‌وته له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاماده بكات، هیچ گومانی تێدا نییه به‌غدا دووجار حه‌ز ده‌كات هه‌ولێر بكه‌وێته ژێر قه‌یران و بارگرانی ئابووورییهوه، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كارتێك له دژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌كاری بهێنێت و هه‌میش ده‌بێته ئاسووده‌بوونی سیاسییه‌كانی به‌غدا به‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پێویست ناتوانێت به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه خزمه‌تی بكات، ئاخر هه‌میشه پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ سیاسییه‌كانی عێراق جۆرێك شه‌رمه‌زاریی بوونه، زۆربه‌ی جاره‌كان گه‌لی عه‌ره‌بی عێراقی نموونه‌ی پڕۆژه و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان به‌چاوی سیاسییه‌كانی به‌غدا ده‌دایه‌وه.










