كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی: ئەوەی ئێستا لە هەرێم دەكرێت، تەنها بۆ ڕێگری لە تەشەنەی ڤایرۆسی كۆرنا و خۆپارێزییەو ڕێكارەكان نابنە مایەی قەیران، لە ئێستادا 1500 كۆنتێنەر لەبەندەر عەباسن كە هەڵگرە دەیان جۆر لە شمەك و خۆرام و پێداویستین و دێنە ناو هەرێم، بەهەمان شێوە لەدەروازە سنووریەكانی دیكەی توركیا و عیراقیش شتومەك دێت، حاڵی حازر بەشی زیاتر لە 4 مانگ پێداویستی و شمەك لە كۆگاكاندا عەمبارن.
ئاشكراشیكرد، ئێمە لەئێستادا خۆشبەختانە كارگەی ناوخۆییمان هەیە و بەرهەمیان هەیە، هەروەها كارگە ناوخۆییەكانی عیراق بەرهەمیان هەیە، هیچ دۆخێكی وا نایەتە پێش كەقەیران ڕووبدات، تەنیا ئەوەیە جموجوڵە بازرگانییەكان بەڕێكاری توندبوونەوەی ڕێنماییە تەندروستییەكان تێدەپەڕن، هەموو ئەو كاڵا و شمەكانەش دێنە هەرێم پاكژ دەكرێنەوە و بێ مەترسی دەكرێن پاشان دێنە هەرێم.
وەزیری بازرگانی، ئەوەشی وت: داو دەكەین هەمووان پەیوەست بن بە پاراستنی ئارامی و دروستنەكردنی دۆخی نەخوازراو، لێرەوە ڕایدەگەیەنین، كە هەركەس و لایەن و بازرگانێك قۆرخكاری بكات و نرخ بەرز بكاتەوە توندترین سزای دەدەین و تیمەكانی چاودێری بازرگانی و تەندروستی و لیژنەكانی قائیمقامیەتمان ڕاسپاردووە كە چاودێریی بازاڕ و دۆخەكە بكەن و دەستكراوەن بۆ هەر ڕێكار و سزایەك.










