د. مەیادە نەجار❊
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ناكۆكیەكانی نێوان وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو ئێران لەهەڵكشاندایەو هەریەكێكیان دەیەوێت لەسەر ئایندەو داهاتوی عیراق كۆتایی بەهێزی بەرامبەر بهێنێت، ئەمەش وایكردووە كە عیراق رووبكاتە توونێلێكی نادیار و ئایندەیەكی سیاسی ناروون لەم ولاتەدا دەربكەوێت و ئاسۆیەك بۆ چارەسەری كێشەكان دیارنەمێنیت، لەم ڕاپۆرتە شیكاریەدا تیشك دەخەمە سەر ئەو ڕەوشەی ئێستای عێراق لەسەرەتای دەستپێكی قۆناغەكانەوە شرۆڤە بۆ رووداوەكان و پیشهاتەكان دەكەم.
هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنامەی ئەمنی
بێگومان ئەگەر تێرامانێك بۆ رەوشی ئێستا بكەین سەرەتا لە كۆبوونەوە نائاساییەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەست پێبكەین كە خۆی لەداوایەك دەبینێتیەوە بۆ كشاندنەوەی هیزە بیانیەكان لەعێراقدا، ئەگەر لەڕووی یاساو مەنتیقیەوە بڕوانین دەبینین ئەم بریارە تارادەیەك بەشۆكاوی و نەبوونی بەرنامەی پێوەدیارە چونكە بوونی هێزە بیانیەكان ئەركەكانیان لەعیراقدا بەگوێرەی یاسا و چەند رێكەوتنێك ڕێكخراوە لەیەكەم رێكەوتنامەی پاراستنی ئاسایشی عیراق و ئەمریكا لەساڵی 2008 كە ئەوكات نوری مالیكی وەك سەرۆك وەزیرانی عیراق رێكەوتنەكەی لەگەل جورج بوشی سەرۆك واژوو كرد، لەچوارچێوەی ئەم رێكەوتنەدا ئەمریكا كە لەفەرهەنگی نیودەوڵەتیدا بەهیزێكی داگیركەر لەعێراقدا دەناسرا وە لە سالی 2011 دۆسیەكانی ئاسایش و پاراستنی سەروەری وڵات ڕادەستی سوپاو هێزەكانی پولیسی فیدراڵی عیراق كرد، دوا بەدوای ئیمزاكردنی رێكەوتنامەكە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقیش بەیاسایی ژمارە (52) دەنگی لەسەر رێكەوتنامەكەدا.
ئەگەر زیاتر لەسەر ئەم بابەتە هەڵویستە بكەین و شرۆڤەیەكی یاسایی بۆ بكەین پێویستە ئەوە بزانین كە ئەم رێكەوتنامەیە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە ئامادەكراو رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كراو دەنگی لەسەر درا، واتا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێكەوتنامەیە پێویستە حكومەت پروژە یاسایەك پێشكەش بەئەنجوومەنی نوێنەران بكات و كاری لەسەر بكرێت و باش خویندنەوەی یەكەم و خویندنەوەی دووەم دەنگی لەسەر بدرێت، واتا كارێكە لەرووی لۆژیكیەوە پێویستە بەچەند هەنگاوێكی یاسایی تایبەتمەند هەیە، ئەگەر لەروویەكی تریشەوە كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنەكە بكرێت پێویستە حكومەت خۆی كارەكە ئەنجام بدات و داواكاریەك كەتایبەت بێت بە هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنەنامەكە پێشكەش بەئەمریكا بكات، دوای ساڵێك لەدوای تێپەربوونی ئەو كاتەی دیاریكراوە ڕێكەوتنەكە بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوە.
كشاندنەوەی هێزە بیانیەكان
لە ئێستادا كشانەوەی هیزە بیانیەكان یەكێكە لەبابەتە پرهەستیارەكان و زۆرترین مشتوومری دروستكردووە، لەكاتیكدا لەساڵی 2011 لە تەواوی شارەكانی عیراقدا سەرجەم هێزە بیانیەكان كشانەوە وە گشت دوسیە ئەمنی و سیاسیان ڕادەستی سوپاو هیزە چەكدارەكانی عێراق كرد چونكە لەوكات و ساتەدا ڕەوشی عێراق زۆر جیاوازبوو ئەنجوومەنی نوێنەران و حكومەت تەواو بەهیزبوون و ئەركەكانی خۆیان بەفەرمی رادەپەراند ، بەلام لەئێستادا داواكردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ كشاندنەوەی هیزە بیانیەكان لەعێراقدا لەڕووی یاساییەوە مەنتیقی نیە چونكە بوونی هێزە بیانیەكان و ئەركەكانیان لەعیراقدا بەگوێرەی ڕێكەوتنێكی نێوان حكومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش رێكخراوە، لەكاتیكدا كە داعش پەلاماری خاكی عێراقی داو لەكەمترین كاتدا زۆرترین ناوچەی داگیركرد حكومەتی عێراقی لەسالی 2014 داوایەكی فەرمی لەرێگەی نامەیەكەوە پێشكەشی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و شەست و حەوت دەوڵەتی جیهان كرد كە هاوكاری بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێكشاندنی تیرۆر، ئەمە خۆی لەخۆیدا ئەوە دەردەخات هاتنی هێزە بیانیەكان پەیوەندی بەئەنجوومەنی نوێنەرانەوە نیە، لەسەر داوای حكومەتی عێراق ئەوان هاتوون پێویستە حكومەتیش ئەوكارەبكات.
عیراق و گرفتی ئابوری
یەكێك لە گرفتەئابوریەكان كە عیراق تووشی دارمانی ئابووری دەكات ( صندوق التنمیە العراقیە ) واتەDevelopment Fund Iraqi) ئەم صندوقە لە كاتی ئابلوقەی ئابوری بەسەر عێراق پشتگوێ خرابوو كاری پێنەدەكرا بەلام پاش ئازادكردنی عێراق لە سالی 2003 لەلایەن وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كاراكرایە راستەوخۆ خرایە ژێر بەرگری سەرۆكی ئەمریكا تا ئەو وولاتانە نەتوانن قەرزەكانیان لە داهاتی نەوتی عێراق ببەن ، تەنها %5 لەو صندوقە دەدرێتە كوێت لە بری قەرزەكەی لەسەر عێراق . وە بە رەزامەندی هیزە سیاسیەكانی عێراق بوو ، وە تەواوی داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت دەچێتە ناو ئەم صندوقە و هەژمارێكیش لەبانكی فیدراڵی ئەمریكی بەناوی بانكی ناوەندی عیراقی كراوەتەوە، لەرێگەی ئەو هەژمارە ئەلكترۆنیەوە بانكی فیدرالی ئەمریكا پارەكە ڕەوانەی عێراق دەكات و حكومەتی عیراق دەتوانیت ئەو پارەیە بەكاش وەربگرێت و بەكاری بهێنیت، ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكاری نەقدی ئابووری عیراقی دابخات ئەستەمە عیراق بتوانیت لەم كاتە ناهەموارەدا لەماوەیەكی كەمدا هەژماری بانكی بكاتەوە، یان هیچ نەبیت كردنەوەی كاتێكی زۆری دەوێت چونكە كردنەوەی ئەو هەژمارە پێویستی بەسیستەمێكی ئەلكترۆنی بەهیزی جیهانی هەیە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا عێراق ئەوەندی تر تووشی داڕمانی ئابووری دەكات.
ئەمریكا و گروپە چەكدارەكان
هەنگاوێكی تری ئەمریكیەكان لەم قۆناغەدا كۆتایهینانە بەهێز و توانای گروپەكانی حەشدی شەعبی ئەویش لەڕیگەی بەتیرۆر ناساندنیان و دەست بەسەراگرتنی پارەو سامانەكانیان، چونكە ئەوەمان لەیاد نەچێت لەڕێگەی سیستەمێكەوە كە پێی دەوترێت (پارەی پیس) وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دەتوانێت تەواوی ئەوكەسانەی خاوەنی دۆلار یان پارەی گرانبەهان كۆنترۆل بكرێن و دەست بەسەر پارەكانیاندا بگرێت، بەمەش ئەو گروپانە دەكەونە چوارچێوەی ئابلوقەیەكی ئابووری قورس ناتوانن بەئاسانی خۆیان ڕزگار بكەن، هەر كەسێك پەیوەندی بەم میلیشیانەوە هەبێت بەحكومەتی عێراقیشەوە دەكەوێتە چوارچێوەی ئەو سزا ئابووریانەوە ، لەم كاتەدا حكومەتی عیراقی خۆی تووشی گەورەترین سزای نیودەوڵەتی دەكات، كەڕزگاربوونی مەحاڵ بێت.
پرۆسەیەكی پر مەترسیدار
هەتا ئیستا بەهۆی نەبوونی پلانی تۆكمەوە عیراق بۆ وەبەرهینانی وزەی كارەبا پشت بەغازی سروشتی دەرەكی دەبەستیت لەماوەی رابردوودا تەواوی ئەو پیداویستیانەی لەئێرانەوە هاوردە كردووە، دوای سەپاندنی سزا نیودەوڵەتیەكانیش لەرێگەی پرۆسەیەكەوە كە پیدەوترێت ( سماح الاقتصادی ) ئەمریكا رێگەی بەعێراق دا كە بەردەوام بێت لەهاوردەكردنی غازی سروشتی لەئێران بەلام ئێستا تكەمتر لە یەك مانگ لەبەردەم عیراقیەكاندا ماوە ئەو لیبووردنەی ئەمریكیەكان كۆتایی دێت ئەگەر عیراق بەردەوام بیت ئەوا دەكەوێتە چوارچێوەی سزا نیودەوڵەتیەكانی ئەمریكاوە.
لەكۆتایدا ئەوەی تیبنی دەكرێت نەبوونی پلانی تۆكمە عێراقی تووشی قەیرانێكی زۆر ناهەمواركردووە سیاسەتمەداران و دەستەلاتدارانی عیراقیش هەتا ئەمرۆ بەهۆی نەبوونی پرۆگرامیكی روون و ستراتیژێكی دیاریكراو خۆیان بۆ هیچ جۆرە پێشهاتێك ئامادە نەكردووە چاوەرێی قەزاو قەدەر دەكەن ، لەئەنجامی ئەم شرۆڤەیەی كە باسمان كرد، دەرئەنجامەكانی كشاندنەوەی هێزە بیانیەكان و هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنامەی ئەمنی عێراق بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەبات.
❊ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.










