خەبات: سەربەست برزۆ:-
محەمەد هاشم هونەرمەندێكی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئاوارەی كەمپی ئەڵوەنە لە شاری خانەقین ، محەمەد خەڵكی شارۆچكەی سەعدییە و بەهۆی شەڕی داعش و كەوتنی شارۆچكەی سەعدییە بەدەست داعش زیاتر لە شەش ساڵە لەناو خێوەتێكی كەمپی ئەڵوەندا و دەژی بەبێ هیچ موچەو هاوكارییەك ، لە ساڵی 2012 محەمەد لە روداوێكی هاتوچۆدا توشی ئیفلیجی دەبێت و قاچەكانی لەكار دەوەستن،پێشتر محەمەد لە ساڵێ 1993 وە دەستی داوەتە كاری هونەری و ئۆتۆمبێلی بچوكی وەكو یاری مناڵان دروست دەكات بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش و نایاب ، چەند ساڵێكە محەمەد دەستی داوەتە دروستكردنی ئۆتۆمبێلی سەربازی و بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبیلە سەربازییە ئەمریكاییانە.
ئەو ئۆتۆمبیلانە بەقارەیەكی زۆر بچوك دروستیان دەكات بەشێوەیەك ئەگەر زومی كامێرا گەورەی بكاتەوە هیچ جیاوازییەك نابینی لەنێوان ئۆتۆمبیلە سەربازییە راستییەكان و ئۆتۆمبیلە دروستكراوەكانی محەمەد هاشم، محەمەد دەڵێ: ئەم ئۆتۆمبیلانە بە تەنەكەی كۆن ویارییە شكاوەكانی مندالانی سەر زبڵخانەكان و بۆیاخ و تەل و چەند كەرەستەیەكی تر دروست دەكەم و بەوە دەژیم چونكە نەموچەی كەمئەندامی و نە موچەی هونەری و نەهیچ هاوكارییەكم دەكرێ ، هەندێك كەس رەخنەم لێ دەگرن و دەڵێن كۆمەڵگا بەسەربازی دەكەی ، ئەمەی من دەیكەم خولیایەكە نەك بەسەربازی كردنی كۆمەڵگا ، لە دەیان ڤیستیڤاڵ و بۆنەی گشتیدا بەشداریم كردوە و خاوەن دەیان خەڵاتم ، من چی لە خەڵاتێك بكەم بەگیرفانەكانم بەتاڵ بن.!










