بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٣ی ١ی ٢٠٢٠، هەواڵی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و زاوایەکی موهەندیس راگەیاندرا.
ڕووداوەکە لە دەوروبەری کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی بەغدا ڕووی داوە، سەرەتا وەکوو ڕووداوێکی بچووک، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقی لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە کە ٣ کاتیۆشا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتووەتە خوارەوە.
پێش ئەویش، چەندان هەواڵ لە بارەی کەوتنەخوارەوەی کاتیۆشا لە دامەزراوەیەکی نزیک فڕۆکەخانە بڵاو کرابووەوە، رەنگە هەر بە هۆی ئەمەوە بووبێت کە شانەی راگەیاندنی عێراقی ڕووداوەکەی وەک هێرشێک کە رەنگە لە لایەن داعشەوە ئەنجام درابێت، بڵاو کردەوە.
لە هەواڵەکەیدا شانەی راگەیاندنی ئەمنی نووسیبووی: “سێ کاتیۆشا لە نزیک هۆڵی باری ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتنە خوارەوە، ٢ ئۆتۆمبێل سووتان و ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون، دواتر وردەکاریی زیاترتان پێ دەدەین”.
هێرشەکە زۆر لەوە گەورەتر بوو کە سەرەتا راگەیاندرا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی مووشەکەکانی هەڵدابوو و ئامانجەکەش قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بوون.
کەناڵی (سکای نیوز) بڵاوی کردووەتەوە، هەر لەم هێرشەدا جگە لە سولەیمانی و موهەندیس، ١٠ کەسی دیکەش کوژراون کە یەکێکیان محەمەد رەزا جابری، زاوای موهەندیس و بەرپرسی پەیوەندییەکانی حەشدی شەعبییە.
هەر کەمێک پاش راگەیاندراوەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، ئاژانسی (ئەسۆشیەتد پرێس) لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە کە قاسم سولەیمانی (تەمەن ٦٢ ساڵ) لە هێرشەکەدا کوژراوە و بەرپرسێکی ئەمنیی باڵای عێراقیش ئاشکرای کردبوو کە کەمێک دوای دەرچوونی سلێمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا و گەیشتنی فڕۆکەکەی، هێرشەکە ئەنجام دراوە.
نیوەشەوی رابردوو، قاسم سولەیمانی بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی بەغدا، لەوێشەوە لە لایەن فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبییەوە پێشوازی لێکراوە.
ئاژانسی فەرمیی (ئێرنا)ی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە کە سولەیمانی لە شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنانەوە هاتووەتە بەغدا، بەڵام بەرپرسانی ئەمنیی عێراقی دەڵێن رەنگە فڕۆکەکەی لە سووریا یان لوبنانەوە هاتبێت.
باس لەوە دەکرێت کە تەرمی سولەیمانی دۆزراوەتەوە هەرچەندە لە ئەنجامی بۆردومانەکە شێواوە، بەڵام بە هۆی ئەو ئەنگوستیلەیەی کە لە دەستیدا بووە، تواندراوە بناسرێتەوە. کەچی نەتواندراوە تەرمی ئەبو مەهدی موهەندیس بدۆزرێتەوە










