د. سامان سۆرانی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نە تەنها لە كاتی گەمەی گەورەی نێوان بەریتانیای مەزن و روسیا لە ساڵی 1829 ناوچەیەكی پڕ لە سەرچاوەی سروشتی و شۆرش و ململانێی هەژموون بووە، بەڵكو ئەمڕۆش لە نێوان زلهێز و هێزە هەرێمییەكان ململانێی لەسەر دەكرێت.
بە پێی هاوكێشەكانی ململانێ هێشتا بڕیاربەدەستان لە ئەمریكا گرینگی بە عیراق دەدەن، چۆنكە عیراق ناوچەیەكی ژیارییە لە جیهان و ناكرێت دەستبەرداری بێت.
خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە لە عیراق كۆمەڵی پرسیاریان لەگەڵ خۆیان هێنا:
ئایا حكومەت دەست لە كار دەكێشێتەوە و بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچێت، یان بەرەو چارەسەر دەچێت لە ڕووی ئاسایش و هاندانی شەقام بە پارە؟
ئایا عێراق سناریۆی سامەڕا و داعش دووبارە دەكاتەوە، یان ئایا عێراق سوپایەكی هەیە بتوانێت جڵەوی دەستپێشخەری بگرێتەدەست؟ بە پێچەوانەی لوبنان سوپای عێراق نەیتوانیوە لاوانی خۆپیشاندەر لە كوشتن بپارێزێت، كە بە شێوەیەكی ئاشتییانە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن.
زۆر فاكتەر لە بەرژەوەندیی مانەوەی حكوومەتە. ئێران و ئەمریكا مەبەستیان نیە ئەم حكوومەتە بڕوخێت، بۆیە گۆڕانكاری ڕیشەیی بە دوور دەبینرێت.
قورسایی خۆپیشاندانەكان سەرجەم عیراقی نەگرتۆتەوە، هەروەها خۆپیشاندەران هێشتا سەركردە و ئەجیندایەكی ڕوون و دیاریكراویان نیە. ئەوان دژ بە میلیشیا دەستخوێناوییەكانی كە تینووی كوشتنن، ڕاپەڕیون. لەوانەیە ئەم خۆپیشاندانانە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوامییان هەبێت، تاوەكو هەژموونی مەرجەعییەت و حزبەكانی دەسەڵات كەم دەبێت و داواكارییەكان ڕوونتر دەبن، یان تاوەكو پەرتەوازەیی لە ناو دەسەڵات درووست دەبێت و ئیدانەكردنەكان لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر دەبێت.
واقعی ئەمڕۆی عێراق پێچەوانەی دەستوورە، ئەمەش بە هۆی پەكخستنی دەستوور و زۆربەی ماددەكانی دەستوورە لە لایەن میلیشیا نادەستوورییەكانی سەر بە میحوەری هەرێمی، كە عیراقیان بە جەمسەری هەرێمی گرێداوە.
لە دەیەی داهاتوو چەند سناریۆیەك بۆ ئایندەی عێراق بوونیان هەیە، سیناریۆی فیدڕاڵییەتێكی لاواز بە هۆی كێشە تایفەگەرییەكان و ئاستی بەرزی توندوتیژییەكان لەگەڵ دوو سناریۆی تر، كە ئەگەری روودانیان كەمترە، لەوانە ئاشتەوایی نیشتمانی و سەقامگیری و چاكسازی فراوانتر لە هەرێمەكان و سیناریۆی جەنگی ناوخۆ و لێكترازانی عێراق.
ئەمڕۆ هەر چوار پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، كە لە ڕووی فیدڕاڵی بوونیان هەیە، لە بەرامبەردا 15 پارێزگای تر هەیە كە بە شێوەیەكی ناوەندی سەر بە بەغدان، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە. ئەگەر عێراق بەردەوام بێت لە گەڕانەوەی شكۆمەندی بۆ دەستوور و ماددەی 140ی دەستوور جێبەجێ نەكات، وەكو چۆن 67 ماددەی تر پەكخراوە، یان ئەگەر كار لەسەر بە فیدڕاڵی كردنی پارێزگاكانی تر نەكات، ئەوا هەرێمی كوردستان قسەی خۆی دەبێت.
بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بكرێت، پێویستە دیاردەی میلیشیا چەكدارە نادەستوورییەكانی سەر بە وڵاتانی دەرەوە نەمێنێت. هەرچەند ئەم كێشەیە زیاتر نێودەوڵەتییە لەوەی تەنها پەیوەندی بە عێراقەوە هەبێت و بەندە بە قبووڵكردن یان ڕەتكردنەوەی مەرجەكانی مایك پۆمپیۆ، كە ئاراستەی ئێرانی كردووە.
ئێران ئەمڕۆ لە ململانێی خۆی لەگەڵ ئەمریكا، عێراق وەكو كارتێك بەكار دەهێنێت بەمەبەستی پاراستنی ڕژێم و هەژموونیی خۆی.
توندوتیژییەكانی ئەم دواییە دژ بە خۆپیشاندەران لە بەغدا و شارەكانی تری عێراق ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەكەنەوە. واقیعی ئەمڕۆی عێراق، كە پێچەوانەی دەستوورە، خزمەت بەو لایەنانە دەكات، كە بڕیاری ئاسایشی و سەربازی و سیاسییان بەدەستەوەیە و سەر بە دەرەوەن.
لە ئێستادا هیچ چارەسەرێكی واقعی و دەستووری نیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكان، بۆیە فیدڕاڵییەتێكی لاواز تا ئاگاداركردنەوەیەكی تر وەكو خۆی دەمێنێتەوە.
تاوەكو هزری ناوەندێتی سەردەست بێت و عەقڵییەتی عێراقییەكان (سوننە و شیعە) كە دژ بە فیدڕاڵیكردنی عێراقە نەگۆڕدرێت، گرفتەكانی بەردەم سناریۆی فیدڕاڵییەت بەردەوامییان دەبێت.










