خەبات: هاوار مورتكەیی:-
نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپۆڵۆنیا،بەهەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری كوردی و هونەرمەندانی كورد و ڕەوەندی كوردستانی لە پۆڵەندا، بە نمایشكردنی كەلتووری كوردی، بەشداریان لە فیستیڤاڵی فرەكەلتوری و پێكەوەبوونی شاری كراكۆڤ كرد فیستیڤاڵەكە لەلایەن ڕێكخراوی ڤیللا دێسیوسەوە بەڕێوەچوو، نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپۆڵۆنیا و سەنتەری كوردی یەكێك بوون لە هاوبەشانی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەكە، ئامانجی فیستیڤاڵەكە زیاتر ئاشناكردنی خەڵكەكە بوو بە كەلتووری جیاوازی میللەتانی ناو شاری كراكۆڤ و بۆ ئەم مەبەستەش زیاد لە 60 بەرنامەی جیاجیا لەلایەن میللەتە جیاوازەكانەوە، پێشكەشكرا.
لەیەكەم ڕۆژی فیستیڤاڵەكەدا لەچەند شوێنێكی جیاجیا میللەتەكان كەلتووری خۆیان نیشاندا، كوردەكانی پۆلۆنیا لە تەلاری سەنتەری كوردی لەكراكۆڤ كۆبوونەوەو چەند نمایشێكی كەلتووری كوردیان نمایشكرد، سەرەتا بەڕێز زیاد ڕەئووف نوینەری حكومەتی هەریم لە پۆڵەندا و خاتوو كەتاژینا گورالچیك لە وتەیەكدا بەخێرهاتنی میوانەكانیان كرد و دواتر دوو هونەرمەندی بەتوانا ئاراد ئەمامغولو و سامان ئەلیاس باسیان لەمێژووی دێرینی ئامێری دەف و زوڕنا بۆ ئامادەبووان كرد و دواتر چەند پارچە میوزیكێكیان پێشكەش بەئامادەبوان كرد، بەهۆی خۆشی موزیكەكەوە ئامادەبووان كەوتنەجۆش و خرۆش و دواتر دەستكرا بەهەڵپەڕكێی كوردی و پۆڵۆنیەكانیش بەمنداڵ و گەورەوەبەشداریان لەهەڵپەڕكێی كوردیدا كرد و هەوڵی فیربوونی لێدانی دەفیان دا.لەكۆتا بەشی بەرنامەكەدا، ئامادەبوان ڕۆیشتنە ناوەندی شار و بەئاڵای كوردستان و هەڵپەڕكێ و میوزیكی كوردیەوه سەرنجی سەرجەم هاوڵاتیانی ئامادەبوویان بۆ لای خۆیان ڕاكێشا، زۆرێك لەهاوڵاتیان لەو لاتەدا پرسیاریان لەناو و شوێنی ئاڵا و جۆری ئامێره میوزیكیەكه دەكردو وێنەو ڤیدێۆیان تۆمار دەكرد، لەوێدا دەرفەتێكی باش ڕەخسا بۆ زیاتر ناساندنی كەلتووری كوردی بەئامادەبووان. بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆتا ڕۆژی فیستیڤاڵەكەدا بەرنامەیەك تایبەت بەكوردستان سەبارەت بەسیستەمی ڕێنووس و دیالێكتی كورد و چیرۆك بۆ مناڵان ساز بكرێت، هەروەها كورتەفیلمی ”كراكۆڤی من، كوردستانی من” پێشكەش دەكرێت و دواتر نوێنەری حكومەتی هەرێم لە پۆڵەندا بەشداری پانێڵێك دەكات و زیاتر كەلتووری كوردی بەئامادەبوان ئاشنا دەكات.










