خەبات:تریفە ئازاد
لە 12ی 5ی 2018 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا و هێشتا حكومەتی نۆێی عێراق بە تەواوەتی دەستی بە كارەكانی نەكردووە شاری كەركووكیش تا ئێستا بە داگیر كراوی ماوەتەوە و لە ژێر حوكمی عەسكەرتاریەت دایە و ڕۆژانەش هێزە عێراقیەكان و حەشد ئازاری خەڵكەكە دەدەن ،بەڵام ئەوەی لە داهاتوو بە زوترین كات كە پێوەیستە چارەسەر بكرێت ئایا چارەنووسی شاری كەركوك لە حكومەتی نوێی عێراق بەكۆی دەگات.
سەید حەسەن شێخانی بەرپرسی كۆمیتەی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شاری كەركوك لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: پێش هەمووشتێك كەركووك لە ڕابردوو و ئێستا و ئایندەشدا چەقی ململانێكانی نێوان كورد و هەموو ئەو دەسەڵاتدارانەی كە لەعێراق هەبوون وە لەبەر گرنگی شاری كەركووك وە دەوڵەمەندی شارەكە هەر لەمێژەوە كەوتۆتە بەر سیاسەتی تەعریب كردن و ڕاوەدوونانی كورد لە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەژێردەسەڵاتی بەعسییەكاندا لەدوای ساڵی 1963 وە هەروەها هاتنی بەعسییەكان لەساڵی 1968 كەركووك كەوتە بەر بەرنامەرێژی حكومەتی عێراق وە لەدوای ساڵی 1991 دوای كۆتایی شەڕی ئێران – عێراق دا لەساڵی 1988 بە دڕندەترین سیاسەت كەوا شاڵاوی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی نزیكەی 420 لادێی كورد لە پارێزگای كەركووك بەمجۆرە لە شاری كەركووك دەورووبەری كوردی ڕەسەن لەم شارەدا دەركران هەروەها عەرەبی هاوردە نیشتەجێكران لەم شارە، وە لەهەموو ئەو وتووێژانەی كە لەنێوان كورد و حكومەتی عێراق دا بووە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كورد كەركووك و بووەتە خاڵی گەورەی ناكۆكی نێوان هەردوولا تاوەكو ساڵی 2005 كە دەستووری عێراق بەڕای زۆری عێراقییەكان پەسەندكرا دوو بڕگە لە یاسای ئیدارەی دەوڵەت كە پۆل برێمەر سەرپەرشتی دەكرد ماددەكانی 53 و 58 دوای ئەوە ماددەی 58 گۆردڕا بۆ ماددەی 140 لە دەستووری عێراقدا كە لە بڕگەیەكی ماددەكەدا هاتووە بۆ یەكلاكردنەوەی خواست و ئیرادەی خەڵكی كەركووك ناوچە دابرێنراوەكان بە سێ قۆناغ دەبوو ئەم ماددەیە جێبەجێكرابایە، تاوەكو دوا مۆڵەت كە 29/12/2007 بەڵام مخابن هەموو ئەو حكومەتانەی كە هاتن لەدوای 2005 هیچیان كاریان بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 نەكردووە، وە سەركردایەتی كورد و نوێنەرەكانی لە بەغدا ئەوەندەی بەدوای پۆست و ئیمتیازاتی شەخسی گەڕان داكۆكیكەری ڕاستەقینە نەبوون بۆ مافەكانی گەلی كورد، وە هەموو ساڵێك بودجەی تایبەت دەستنیشان دەكرا بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 لەحكومەتەكەی عەبادیدا تەنانەت ئەو بودجە تایبەتییەشی بە ماددەی 140ەوە لابرد، دوای هاتنی داعش كورد بۆماوەی چوار ساڵ بەتەواوەتی ناوچە دابڕێنراوەكانی لە هەرێمی كوردستان بە خوێن پاراست ئەوكاتەی سوپای عێراق بە دشداشە و پێ پەتی هەڵهاتن بووە هۆی گەورەترین شكست لە مێژووی سوپای عێراقدا وە لەوكاتەی ئەنجوومەنی سیاسی سەركردایەتی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی دا لە 25ی 9ی 2017 بە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەكانیشەوە دیارە ئەمە ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە بەتایبەت لەلایەن ئێرانەوە هەر بەوهۆیەوە دەستیان كردە پیلانگێڕان دژی هەرێمی كوردستان تاوەكو خیانەتكارییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، ئێستا كەركووك داگیركراوە وە بە ڕای ئێمە ئەگەر سەركردایەتی كورد تەنها خەمی پۆستیان هەبێ لە بەغدا و خەمی كەركووكیان نەبێت جارێكی دیكە كورد ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چونكە حكومەتی عێراق ئەوەندە لەژێر هەژموونی ئێراندایە ناتوانێ هیچ بریارێك بدرێ بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی هەولێر و بەغدا وە ئێستا داواكارین كورد ماڵی خۆی یەك بخات ئەوكات گەڕانەوەی بۆ كەركووك ئاسانە.
دكتۆرە مەیادە محەمەد نەجار ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی لەبارەی ئەو پرۆسە لە داهاتوو بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: یەكێك لەو پرسانەی كە زۆرجار لەلایەن ڕاگەیاندنەكانەوە دەوروژێنرێت و باسی لێوەدەكرێت و پرسیاری ئەوە دەكرێت ، ئایا لە حكومەتی داهاتووی عێراق چارەنووسی كەركوك چی بەسەر دێت؟ ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نەبێت و پێویستی بەشیكردنەوەیەك و لێكۆڵینەوەیەكی وردی سیاسی بێ چونكە دەبێت لەچەند روانگەیەكی جیاوازەوە تەماشای پرسەكە بكەین. كەركوك ئەو شارە پیرۆزەی كوردستان بەدرێژای مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد خالێكی یەكلاكەرەوەبووە، تایبەتمەندی كەركوك وایكردووە كەسروشتێكی هەبێت لەهەموو ناوچەكانی تر جیاواز بێت زیاتر پێویستی بەمامەڵەیەكی تایبەت بێت . ئەگەر ئێمە لەرووی سیاسیەوە بمانەوێت بگەینە ئەو خاڵەی كە ئایە لە حكومەتی داهاتووی عێراق چارەنووسی كەركوك چی بەسەر دێت، ئەوا وەڵامەكەی ڕوونە چونكە هیچ كاتێك ڕژیمەكانی بەغدا ئامادەنابن ئەو پرسانە بەویستی خۆیان یەكلابكەنەوە بەڵكوو وەك دەوترێت ماف دەسەنرێت نادرێت ، واتا دەبێت ئێمەی كورد هەوڵەكانمان لەگشت لایەكەوە چڕبكەینەوە بۆ سەرلەنوێ گەراندنەوەی شاری كەركوكی دڵی كوردستان و گشت ناوچە داگیركراوەكان بۆ خاكی هەرێم ئەم كارە گرنگەش پێویستی بەچەندین هەنگاوی گرنگ هەیە ئەگەر ئێمە تێڕامانێك بۆ ڕەوشی كەركوك بكەین ئاوڕێك لەڕۆژانی پێش ڕووداوە نەخوازراوەكەی شانزەی ئۆكتۆبەر بدەینەوە ئەوكات دەبینین كە شاری كەركوك هیچ جۆرە كێشەیەكی سیاسی نەمابوو لەسایەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاسایشی و ئارامی لەم شارەدا سەقامگیربوو ، سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكان هەستیان بەوپەری ئارامی دەكرد ، تەنانەت لەو ماوەیەدا بەتەواوەتی ڕەوشی شاری كەركوك لەگشت بوارە ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و كەلتووری گەشەكردنێكی بواری بەخۆیەوە بینی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەسەر گشت دامەزراوەكانی ئەم شارەدا دەشەكایەوە، حكومەتی عێراقیش ناچاربوو ئەم ڕەوشە قبوڵبكات و خەریك بوو ملی بۆ ڕاستی بابەتەكە دەنا ئەم بابەتەش بەڕوونی دیارە بەڵام بەداخەوە بەهۆی پیلانێكی هەرێمی و بەهاوكاری خیانەتكارانی ناوخۆ ڕووداوێكی نەخوازراو ڕوویدا گەورەترین كارەسات بەسەر ئەم شارە هات.
هەروەها مەیادە نەجار دەڵێت: سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەیەكەم ڕۆژەوە هەموو هەولێكی ئەوەبووە شاری كەركوك بگەڕێتەوە باوەشی نیشتیمان لەم پێناوەشدا پارتی هەموو هەوڵێكی بۆ یەكڕیزی لایەنەكان بەڵام بەداخەوە هەندێك لە حزبەكان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە حزبییەكانی خۆیان دەستیان لەگەڵ بەغدا تێكەڵ كردبوو باشترین بەڵگەش لەسەر ئەم بابەتە دژایەتی هەموو لایەنە شۆڤێنیە عەرەبەكانە بۆ نوێنەرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەم بابەتەش لەكاتی پرسی سەرۆك كۆماردا بەئاشكرا دەركەوت، لەبەر ئەوەش ئێستا سەرۆك كۆمارێكی كوردی بێ هێزلە بەغدایە كە بەدەنگی عەرەب هاتۆتە سەر دەستەڵات و تەنانەت جگە لە حزبەكەی خۆی هیچ كام لە پارتە سیاسیەكانی كوردستان دانی پێدا نانین لەبەر ئەوەش زۆر بەداخەوە سەرۆك كۆمار بۆ رازی كردنی لایەنە شۆڤێنیەكانی كەركوك هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی كەركوك نەگەڕێتەوە بۆ باوەشی هەرێمی كوردستان و بەئاشكرا دژایەتی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات بۆ شاری كەركوك ، ئەم هەنگاوەی سەرۆك كۆماریش رەنگدانەوەیەكی خراپی لەسەر رەوشی شاری كەركوك و چارەسەركردنی پرسی ئەو شارە دەبێت ، بەگوێرەی ئەم هەنگاوانەش وادەكات كە گرفتی زیاتر و بەربەستی زۆرتر بۆ چارەسەی كێشەی كەركوك دروست بێت. پارێزگار و سیناریۆی سەرۆك كۆمار لەئێستادا ئەو لایەنەی كە شانزەی ئۆكتۆبەری ئەنجامدا دەیەوێت بەهەمان سیناریۆی سەرۆك كۆمار لە هەڵبژاردنی پاریزگاردا لەكەركوك دووبارە بكاتەوە ئەمەش گەورەترین كارەسات دەبێت چونكە ئەو لایەنە دەوێت بۆ ئەوەی پارێزگارێكی بێدەستەڵات دەستنیشان بكات ئامادەیە هەموو جۆرە سازشێك بۆ عەرەب و توركمانەكان بكات و دەست بەرداری كوردستانیەتی كەركوك بێت ، ئەمەش وادەكات كە چارەسەری پرسی كەركوك ئەوەندەی تر قورس بێت ، واتا دەتوانین ئەم هەنگاوە ناو بنین پارێزگار بەسیناریۆی سەرۆك كۆمار چونكە تاقمەكەی شانزەی ئۆكتۆبەر دەیانەوێت هەمان سیناریۆ لەشاری كەركوك دووبارە بكەنەوە. پارتی و هەنگاوەكانی بەغدا پارتی دیموكراتی كوردستان بەدرێژای مێژوو كەركوكی بەهێلی سوور زانیوە بۆیە بەهیچ شێوەیەك ئامادەنیە دەست بەرداری بێت تەنانەت یەكەم مەرجی دانووستانی نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغدا چارەسەركردنی پرسی كەركوك بوو لەكاتێكدا كە یەكێتی و هەندێك لەحزبەكانی تر داوای پۆست و ئیمتیازاتیان دەكرد، سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم مەرجی بۆ دانیشن لەگەل بەغدا گەراندنەوەی ناوچە داگیركراوەكان بوو بۆ هەرێمی كوردستان ، ئەوەش كە تارادەیەك بەڕوونی دەركەوتووە حكومەتی عەبدولمەهدی دەیەوێت هەنگاوی چارەسەكردن لەپرسەكان دەست پێبكات و وەك دەردەكەوێت عادل عەبدولمەهدی كەسێكی تارادەیەك میانرەوە بەجیاوازتر لە كەسایەتیەكانی تری شیعە دەیەوێت كێشەكان چارەسەر بكات، لەلایەكی ترەوە هەڵویستی جوامێرانەی سەرۆكی هێژا سەرۆك مەسعود بارزانی وایكردووە كە سەرۆكی حكومەتی بەغدا ناچار بێت هەنگاوەكانی چارەسەكردنی كەركوك دەست پێبكات، لەلایەكی ترەوە عەبدولمەهدی نایەوێت دژایەتی كورد بكات و ئامادەنیە هەمان چارەنووسی مالكی و عەبادی و جبوری بۆ خۆی دووبارە بكاتەوە. پرسی نێودەوڵەتی و ڕەوشی كەركوك ئەمرۆ رەوشی نێودەوڵەتی بەپێچەوانەی سەردەمی شانزەی ئۆكتۆبەرە چونكە لەكاتی ڕووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەردا ئێران بەئاشكرا پشتگیری داگیكردنی ئەم شارەی دەكرد عێراق و ئێران توانیان دەست بەسەر نەوتی ئەم شارەدا بگرنی و بەتاڵان بیبەن بەڵام ئەمرۆ دیمەنی سیاسی تەواو پێچەوانەیە چونكە گەمارۆ ئابوورییەكان لەسەر ئێران وایان كردووە كە ئێران تووشی زۆر گرفتی ئابووری بێت و عێراقیش پشتی لێبكات ئەمەش وادەكات كە ئێران چیتر پشتگیری عێراق نەكەن.
دكتۆر محمەد شەهاب مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە بواری یاسی دەستوری لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات گوتی: لە پێش كارە ساتی 16 ئۆكتۆبەر كەركووك پێگەیەكی بە هێزی هەبوو بە پیشتوانی خودای گەورە وبە حیكمەتی جە نابی سەرۆك بارزانی وبە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان كورد توانی لە ڕووی پراكتیكیەوە خاكی ناوچەكوردستانیە كانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بگە رینیتەوە باوەشی نیشتمان پیلانی ناحەزان كەچەندین ساڵ خەریكی بوونبە اعترافی خۆیان پوچەڵ بكاتەوە بەڵا م زۆربەداخەوە خیانە تی 16 ئۆكتیۆبەر ریسە كەی لێمان كردوە خوری وە دە یان دە ستكەوتی یاسای و سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردی لەچەند كاژمێری لە ناو برد وە دە یان ئاسە وأری تری خراپی دروست كرد لە سە ر دۆزی ڕەوای نەتەوەكەمان . لەبەرامبەریش دا حوكمەتی عە بادی گەورەترین پێشیل كاری دستوری بەرامبەر ركووك و كوردستان ئەنجام دا بە بەكارهێنانی هێزی چەكداری بۆ چارەسە ركردنی كێشە یەكی سیاسی لەنێوان هەرێم و عێراق كە ئەم كارە پێچەوانەی دەقی مادەی 9 بڕگەی ی اولا أ لە دە ستوری عێراقە. كە دەلێێت القوات المسلحە…. لا تكون أداە لقمع الشعب العراقی ولا تتدخل فی الشؤون السیاسیە ولا دور لها فی تداول السلطە.
بەڵام بۆ ئەوی بتوانین دۆخی ناوچەكوردستانیە كانی دەرە وە ئیدارەی هەرێم چارەسەر بكە ین لە ئێستادا پێش هە موو كارێك دەبێ ناو ماڵی خۆمان رێك بخە ین وبە یەك تیم لەگەل بەغدا گفتۆگۆ بكەین
بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بۆ بارودۆخی پێش 2014، وەهەوڵبدەین كە سی شیاو بو ئیدارەی ئە و ناوچاونانە هەڵبژێرین كە توانای بەرەنگار بوونەوەی دۆخەكە یان هەبێ وەئامادە نەبن خیانە ت بكەن لە هەمان كات هەوڵی جیبە جێكردنی ماددە ی 140 بدە ین لە دوو ئاستدا. یەكەم پێكهێنانی لیژنەیەكی بە تواناو دڵسۆز لە ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق بۆ بەدواداچون و ئەنجام دانی هە ر كاری بێویست بكا بۆ جێبەجێ كردنی ئەم ماددە گرنگە. دووەم دروست كردنی لیژنەیەكی باڵا لە ئەنجومەنی وە زیرانی هەرێم بۆ بەدوا داچون هەوڵدان بۆ جێبە جێكردنی ئەم ماددە یە لە كۆتاییدا ئەمە راستیە كی یاسای گرنگ باسبكە م. بە پێیی ستوری عێراقی ئێستا ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوە ی ئیدارەی هە رێم دانی پێنراوە كەبەلایەنی كەم لەسەدا پەنجا بە بە شێك لە خاكی هەرێم هەژمار دەكرێ وە كاری ئێمە ئە ویە سە دا پەنجاكەی تر بسەلمێنین لە ڕێگای مادەی سە دوو چل 140 دە ستووری وە ئەمەكارێكی ئە ستەم نیە ئەگەر بەیەك هەوڵوێست و یەك دەستی كار بكەین و هەموو پێگە دەستوریكانمان لەبەغدا و هەرێم بەكار بێنین وە هەروەها هەموو مادە دەستوری یاساییەكانی كە لەبەرژەوەندی دۆزی گەلەكەمانە كە سوودی لێوەرگرین.










