خەبات: رانیار دڵشاد
كردنەوەی مەرزی رەسمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ، یەكێكە لەو كارانەی بە لای حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بە ئەرك و كارێكی گرنگ دادەندرێت، چونكە رۆڵێكی گرنگی لە پتەوكردنی ئابووریی كوردستان دەبێت.
بەمدواییە بە رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا مەرزی سێیەم لە گوندی زێتێی سەر بە قەزای مێرگەسۆر كرایەوە، كە ئێستا كار لە دروستكردنی رێگا و كۆمەڵگەی دەروازەكە و دابینكردنی پێداویستیی پێویست دەكرێت، ئەمەش لە رووی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە، ئاسانكارییەكی زۆر بۆ خاوەنكارانی هەرێمی كوردستان دەكات، لە لایەكی دیكەشەوە، ناوچەكە دەبووژێنێتەوە و هەلی كار بۆ ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان دابیندەكات، بە كردنەوەی ئەو مەرزەش گوندەكانی ئەو ناوچەیەش ئاوەدانییەكی تەواو بەخۆیانەوە دەبینن.

لە بارەی هەماهەنگی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا لەسەر كردنەوەی مەرزی زێتێ، كۆڤان رەشید شێروانی بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان، سەر بە قەزای مێرگەسۆر بۆ خەبات گوتی: گرنگیدان بە ژێرخانی وڵات و هەموو ئەو كایانەی كە دەبنە خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان، كاری لەپێشینە و یەكەمەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، ساڵی2014 رێككەوتنێك لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە رووبارۆك بە ئامادەبوونی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و والی جۆلەمێرگ لەسەر كردنەوەی مەرزی سێیەم واژۆكرا، بەداخەوە بە هۆی شەڕی داعش، كردنەوەی ئەو مەرزە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، بەڵام هەوڵ و بەردەوامی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرێز نێچیرڤان بارزانی، لە بونیاتنانی كوردستانێكی بەهێز، وای كرد كە دووبارە كار بۆ كردنەوەی ئەم دەروازەیە لە قەزای مێرگەسۆر بە ناوی مەرزی زێتێ بكرێت و بەزووترین كات بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان.

لەبارەی گرنگی مەرزی زێتێ و ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچەیە، كۆڤان شێروانی لەو بارەیەوە گوتی: بێگومان كردنەوەی مەرزی زێتێ گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لە رووی بازرگانییەوە وەكو هەموو دەروازەكانی تری هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، لە رووی ئاوەدانیەوە دیسان گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە دەبێتە هۆی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی هوپە و زێتێ و ئێدلبێ و شوێنەكانی تریش، هەروەها لەرووی كۆمەڵایەتییەوە دانیشتووانی سنووری هەردوولا خزمایەتیان هەیە و بەشدارن لە خۆشی و ناخۆشییەكانیان، ئەم دەروازەیە ئاسانكارییەكی زۆر باش دەبێت بۆ هاتووچۆی هەردولا بەبێ كێشە.
بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن، كۆڤان رەشید شێروانی هەروەها گوتیشی: لەرووی ئەمنی و ئاسایشەوە دیسان گرنگی خۆی هەیە، چونكە بە كردنەوەی دەروازەی ناوبراو ئەو شەڕ و پێكدادانەی لە نێوان توركیا و پەكەكە هەیە دوور دەخرێتەوە و تۆپبارانی ناوچەكە نامێنێت، هیوادارین كردنەوەی دەروازەی زێتێ ببێتە مایەی خێر و بەرەكەت بۆ هەموو لایەك.









