كیفاح مەحمود كەریم
وەنەبێت بۆردومان كردنی هەردووشاری نازاكی و هیروشیما بە بۆمبی ئەتۆمی، تەنیا جەنگێك یا ململانێ بێت لە نێوان ئەمەریكاو ژاپۆن بەقەد ئەوەی دەست درێژییەك بوو بۆ سەر توخمی مرۆڤایەتی بە گشتی، چونكە بۆردومانەكە دەزگا سەربازییە نەیارەكانی نەكردە ئامانج بەقەد ئەوەی كۆمەڵە مرۆڤێكی بێ هێزوتوانای كردە ئامانج، بە هەمان شێوە كاتێ ئەدلوف هیتلەر كۆمەڵە مرۆڤێكی جوولەكەی خستە نێو گوڕخانە و لەناویانی بردن هۆكارەكەی تەنیا جیاوازی ئایین و عەقیدەو هەڵسوكەوتیان بوو. رژێمی بەغداش لە ساڵانی نێوان 1987 تا 1988 هەڵمەتێكی سەربازی بە ناوی شەڕی ئەنفاڵ لە هەڵەبجەو چەندین شارو شارۆچكەی كوردستانی عێراق ئەنجام و سەدەها هەزار مرۆڤی كوردی كردە ئامانج، لە ئێرانیش ئیمام فتوا بەناوبانگەكی بۆ پاكتاوكردنی كورد بە بیانووی سۆزیان بۆ حزبێك هەیە داوای ئازادی و سەربەخۆیی دەكات، كاتێ توركیاش لە سەردەمی ئەتاتورك لەسەرەتای سەدەی رابردوو هەڵسایەوە، یەكەم كاری ئەنجامدانی هەڵمەتێكی پاكتاوی نەژادی بوو لە دژی ئەرمەن و كوردان. لەو هەڵمەتانەش لە دژی ئێزدییەكان ئەنجام درا، كە لای چاودێرانی ئێزدی زیاتر لە 70 هەڵمەتە یا وەك ئەوەی ئێزدی و عوسمانییەكان بە فەرمان ناوی دەبەن.
ئەو رێكخراو یا وڵاتانە لە هەڵمەتەكانیان تەنیا رەگەزێك یا ئایینێكیان نەكردۆتە ئامانج بەقەد ئەوەی ئەو بەها مرۆیی و ئەخلاقییە بەرزانەیان كردۆتە ئامانج، كە مرۆڤ بەدرێژیی هەزارەها ساڵ خەباتی لە پێناو بەدەستهێنانی كردوو تا وەك پێوەرێك بچەسپێت بۆ مامەڵەو رەفتاری نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بكرێتە هێڵی سوور نەیبەزێنن. هەر لەبەر ئەو هۆكارەش بوو ئەو تاوانەتە سەرنجی تەواوی جیهانی بەلای خۆیدا راكێشاو بە تاوانی دژی تەواوی مرۆڤایەتی، نەك دژی كوردو ئەرمەن و ژاپۆنییەكان بە تەنها، لەقەڵەم درا.
ئەمڕۆش دوای تێپەڕبوونی دەیەها ساڵ بەسەر ئەو تاوانانە كە لەلایەن مرۆڤ شارستانیەتی سەردەمیانە سەركۆنە كرا، چەند كۆمەڵە نەژادپەرست و توندڕۆ سەریان هەڵداوەتەوە لە شێوازی ئەنجامدانی تاوان، لە تاوانبارانی پێش خۆشیان تێپەڕاندووە تەواوی بەها مرۆییەكان بە كوفر دەزانن، دەستیان یە دزین و تاڵان بردنی چەندین شارو شارۆچكەو گوند كرد كە دانیشتووەكەی هەڵگری یەكێ لە كۆنترین ئایینی سەر گۆی زەوین داوای یەكتا پەرستی دەكات بێ ریایی و خۆدەرخستن و موزایدە كردن، كە ئەوانیش ئێزدییەكانن، بەدرێژایی سەدەها ساڵی رابردوو، فاشیست و نەژاد پەرستە نەتەوەیی و ئایینییەكان دژایەتییان دەكەن لە میانەی ئەنجامدانی زیاتر لە 70 هەڵمەتی سەربازی هەوڵ بۆ لەناوبردنیان درا یا بەمەبەستی ریشەبڕكردنیان بەردەوام هەوڵیان داوە نێو هزرو كلتووری نەتەوەكانی خۆیان بیانتاوێننەوە.
ئەوەی لە شەنگال و بەعشیقەو بەحزانی و گوندەكانی دیكەی ئێزدی و مەسیحی و كاكەییەكان روویدا وەنەبێت جەنگێكی نێوخۆیی یا تەنیا كۆكوژی پێكهاتەیەك بێت بەقەد ئەوەی تاوانێكە لە دژی مرۆڤایەتی و بنەماو بەها ئەخلاقی و شارستانی مرۆڤایەتی ئەنجامدرا هەروەها بۆ لەبار بردنی ئەو دەستكەوتە شارستانییانەیە كە مرۆڤایەتی بە درێژایەتی سەدەها ساڵ خەباتی لە پێناو بەدەست هێنانی داوە.
چەكدارانی تاریك پەرست و دڕندە نەژادپەرستە نەتەوەیی و ئایینییەكان لەبەرەبەیانی رۆژی 3ی مانگی ئابی ساڵی2014ی ز، بە شێوەیەكی بێ ویژدانانە كە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە مەگەر وەك ئەوەی لاپەڕەكانی مێژوو بۆمانی گواستۆتەوە تەتەرو مەغۆلەكان لەسەردەمی هۆلاكۆو تەیمورلەنگ تاوانی وا گەورەیان ئەنجام دابێت هەڵیانكوتایە سەر شنگال 1 و گوندەكانی دەوروبەری، بەسەدەها مرۆڤی دڕندەی بارگاوی كراو بە رك و كینە و ئەوانەی حەزیان لە كوشتنی خەڵكەو چێژ لە رشتنی خوێن وەردەگرن بە نوێترین چەك، كە لە سوپای دوو وڵاتی بێ هێزی سوریاو عێراق دەستیان كەوتبوو پەلاماری شارە ئارامەكانیان دا، كە دانیشتوانەكەی پێشبینی هەموو شتێكیان كردبێت پێشبینی ئەوەیان نەدەكرد سوپایەكی دزو دڕندەو لەمرۆڤایەتی داشۆڕاو، تێنووی خوێن و ماڵ و دەستدرێژی كردنە سەر ئافرەت جارێ لەژێر پەردەی ئایین و جارێ بە ناوی نەتەوە پەلاماریان بدەن، لە ماوەی كەمتر لە مانگێك قەزای شەنگال و شاروچكەو گوندەكانی داگیر بكەن، كە ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە 350 هەزار كەس زیاترە، تەنیا لە یەكەم رۆژدا 1293بكوژن دوای خۆیان 1759مناڵی هەتیو جێ بهێڵن، هەروەها 6417 كەس بڕفێنن، كە 3548یان مێ و 2869شیان نێر بوون ز زۆربەی هەرە زۆریشیان لە تەمەنی مناڵیدا بوون.
هەر دوای كەوتنی شەنگاڵ و شارەكانی دیكەی كە پێكهاتەكەیان فرە ئایینی و نەتەوەین تا بە ئەمڕۆ دەگات، بە هەزارەها ئێزدیان كوشت و كچ و ئافرەت و مناڵەكانیان بە دیل گرت و لە موسل و رقە و تەلەعفەرو بەعاج بازاری كۆیلە فرۆشتنیان بۆ كردنەوەو بە هەزارەها مناڵ و ئافرەتی ئێزدی و مەسیحی لەو بازارانە بە قێزەوەنترین شێوە وەك كۆیلە بۆ فرۆشتن نمایش دەكران، هەر ئەمەشە وا دەكات كێشەكە وەك كێشەیەكی جیهانی نەك كردەوەیەكی تیرۆرۆیستی یا ململانێی سیاسی و ئایینی لێی بڕوانرێت، چونكە لەبەر دوو هۆكاری سەرەكیی دووچاری ئەم كارەساتە هاتن، یەكەمیان لەبەر ئەوەی لە نەتەوەی كوردبوون و دووەمیشیان هۆكاری ئایینی لەبەر ئەوەی ئێزدی و مەسیحی و شیعە بوون، مەسیحییەكان كە پێكهاتەی كەمینەی شارەكە بوون دوو رێگایان لەبەردەم دانرا یا ئەوەتا ببنە ئیسلام یا سەرانە بدەن، ئێزدی و شیعەكانیش ئەوانەی رەتیان كردەوە بچنە سەر ئایین یا مەزهەبی ئەوان كۆمەڵكوژ كران، زیاتر لە 300 هەزار كەسیشیان لەوانەی دەرفەتیان بۆ رەخسا ماڵ و موڵكی خۆیان جێهێشت و پەنایان بۆ ناوچە ئارامەكانی كوردستان هێنا.
لە هەقیقەتدا كردەوەكە تەنها پرۆسەیەكی سەربازی بۆ داگیركردنی شارێ یا ناوچەیەك، یا رووخاندنی حزبێكی باڵا دەست بە هێزی سەربازی نەبوو، وەك ئەوەی هەندێ لەو خاڵە بچووكی دەكەنەوە، بەڵكو پرۆسەیەك بوو ماوەی چەندین ساڵ بۆ لەناوبردنی پێكهاتەیەكی ئایینی دیاریكراو پیلانی بۆ داڕێژرابوو لەلایەن دڕندەترین و شۆڤێنی ترین دەستەو تاخم جێبەجێ كرا بۆ نانەوەی رك و كینە بە سوود وەرگرتن لە لێكدانەوەی دەقە ئایینییەكان بە پێی مەزاج و مەرامی خۆیان. جێ بەجێ كردنی پیلانەكەیان لە رێگای كەسانی نەخوێنەوارو هزر داخراوو مێشك شۆراوو دواكەوتوو بەرنامەرێژكردنی مێشكیان بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە ئەنجام درا، هەر ئەمەش لە شەنگال روویدا كە زۆرینەی كوردە ئێزدییەكانی عێراق لە خۆ دەگرێت پرۆسەی كۆكوژی لەدژیان ئەنجام درا لە زۆربەی گوندو ناوچەكەیان وەدەر نران یا كوژران. پەلامارەكەیان هێندە دڕندانە بوو دوای بەرگرییەكی سەخت لەلایەن دانیشتوانەكەی بەچەكێكی كۆن لەچاو چەكی پێشكەوتووی دەستی هێرشبەران كە لە كۆگا جێهێڵراوەكانی شاری موسڵ بەسەدەها زڕێپۆش و تانك و تۆپ و چەكی مامناوەندی پێشكەوتووی ئەمەریكیان دەست كەوتبوو لە پەلامارەكانیان بۆ سەر شەنگال بەكاریان هێناو بەسەدەها هەزار خێزانی ئێزدی كە كەوتبوونە بەردەستیان كوشت یا وەك دەستكەوتی جەنگ مامەلەیان لەگەڵ كردن، هەروەها كچ و ئافرەتەكانیشیان بەسەر ئەندامەكانیان دابەش كردن و بەهەزارەهاشیان وەك كۆیلە بۆ فرۆشتن نمایش كرد، هەروەك ویستیان بە زۆر عەقیدەی خۆیان بەسەریاندا بسەپێنن، ئەو خەڵكەی بواریشی بۆ رەخسا ناچار بوون بۆ پاراستنی ئافرەت و مناڵەكانیان ماڵ و كێڵگەو رەزو موڵكی خۆیان جێ بهێڵن ئاوارە بن.
كارەساتەكە هێندە قێزەوەن و دڕندانە بوو، ئارەقەی لە نێوچەوانی مرۆڤ و شارستانیەت تكاند، بە راستی وا دەخوازێت بكرێتە كێشەیەكی جیهانی و سەرجەم وڵاتانی جیهان داوا بكەن میكانیزم و زەمانەتێك دابنرێت نەك تەنها بۆ ئێزدییەكان بەڵكو بۆ تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە كەمینەكان لە جیهان بە تایبەتیش لە كۆمەڵگای عەرەبی و ئیسلامی و ناوچەی رۆژهەڵات بە گشتی، چونكە سەدەها ساڵە، بێ هیچ رێگریێك ئەو پێكهاتانە بە هۆكاری عەقیدەو و نەژادی دووچاری كۆمەڵكوژی بوونەتەوەو تاوانیان لە دژ ئەنجام دەدرێت، كاتی ئەوە هاتووە جیهانی سەردەم پاش ئەوەی خەڵاتی نۆبلیان بە نادیە موراد بەخشی، كە یەكێكە لە قوربانیانی دەستی داعش پاش داگیرگردنی گوندەكەیان تەواوی پیاوەكانیان كوشتن ئافرەت و منداڵەكانیشیان كردە كۆیلە، كە نادیە یەكێ بوو لەو ئافرەتانەی كەو ژێر دەستی ئەو دڕندانەو دەستدرێژیان كردە سەری، تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی و عەشیرەتەكەشیان كۆمەڵكوژ كرد.
كاتی ئەوە هاتووە، تا كارەساتێكی دیكەی وەك شەنگال دووبارە نەبێتەوەو بەیەكجاری بنبڕ بكرێت، جیهان بە گشتی و وڵاتە گەورەكان بە تایبەتی یاسایەك بۆ رێگری كردن داڕێژن و میكانیزمێكی گونجاو بۆ بەرگری كردن لەو پێكهاتانە لە سەرانسەری جیهان بگرنە بەر.
سەرچاوەو روونكردنەوە:
1-شەنگال ناوێكی كوردییە لە نێو دانیشتوانەكەی بەكار دەهێنرێت لە دوو بڕگە پێكهاتووە شنك بە واتای زێڕ یا زۆر جوان، ئال بە واتای تەنیشت یا لا دێت سنجاریش ناوی فەرمی شارەكەیە كە ناوێكی ئاشوورییە و ئەسلەكەی سنجارە -یا- شنخارە.
2-ئەو ژمارانە ژمارەی فەرمین لە بەرێوەیەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستانی عێراق وەرگیراوە لای نەتەوەیەكگرتووەكانیش پشت پێ بەستراوە.
و/خالید گەردی










