هیمان رەمزی
دواجار هەڵەبجەییەكان بوونە خاوەنی ئەنجوومەنی پارێزگای خۆیان و كۆتایی بەو ململانێیە هات كە لە نیسانی 2014ـەوە سەبارەت بە پرسی پارێزگاكان هاتبووە ئاراوە. ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە ئێستا “هەڵەبجە”ش ناسناوی شاری هەڵگرتووە و بە فەرمیش بووە بە پێنجەمین پارێزگای كوردستان لە تەك هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركووك، لەسەر ئاستی عێراقیشدا بووە بە نۆزدەهەمین پارێزگا، بەڵام سەرباری تایبەتمەندی هەڵەبجە، لە ناو نەخشەی عێراق و كوردستان بە گشتی و لە لۆگۆی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، هیچ ئاماژەیەكی بۆ دانەنراوە كە تایبەتمەندی هەڵەبجە نیشان بدات.
بەو پێیەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەیەكی سیاسی، سیادی و ئیدارییە، هاوكات بەرزترین دەسەڵاتە لە كوردستان و نوێنەرایەتی شەرعی و قانوونی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە گرنگە لە لۆگۆكەیدا ئایكۆنێكی تایبەت بە هەڵەبجە دەستنیشان بكات.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەگەر سەیری دروشم و لۆگۆی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بكەین، بەر روونی دەبینین، هەموو پێكهاتە و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، تێیدا رەنگیان داوەتەوە و تەنانەت هێماشی تێدایە بۆ زمانە فەرمییەكان.
با بە وردی سەرنجی لۆگۆی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بدەین و كۆی هێما و ئەو ئایكۆنانەی تێیدا بەكارهاتوون، بیانناسێنین، ئەو كاتە دەزانین چەندە بۆشایی هەڵەبجەی تێدایە، بۆیە گرنگە ئەو بۆشاییە پڕ بكرێتەوە، لە كاتێكدا هێشتا پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە سەرەتایە و دەكرێ لە ئێستاوە ئەمە رەچاو بكرێت بۆ رێزگرتن لە هەڵەبجە و تایبەتمەندییەكانی.
دروشمی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بریتییە لە هەڵۆیەكی باڵ كراو، لەناو بازنەیەكدا كە رووەكەی بە ئاڵای كوردستان نەخشێندراوە
یەكەم، هەڵۆكە بە گشتی ئاماژەی هێز و سەربەرزی و ئازادیخوازیی نەتەوەی كورد و مێژووە دێرینەكەیەتی.
دووەم، رەنگە زێڕینەكەش ئاماژەی دەوڵەمەندی كوردستانە بە سەروەت و سامانی سرووشتی.
سێیەم، چوار بەشەكانی هەر باڵێكی هەڵۆكە ئاماژەن بۆ چوار پارێزگاكەی كوردستان.
چوارەم، خۆرەكە ئاماژەی هەڵاتنەوەی شارستانێتی دێرینی كوردستانە و بیست و یەك تیشكەكانیشی ئاماژەن بۆ جەژنی نەورۆز، كە سەری ساڵی تازەی كوردییە لە 21 ئازار، چوار تیشكە سەرەكییەكانیش ئاماژەی چوار پێكهاتەكانی كوردستانن، “كورد، توركمان، كلدان و ئاشور.
پێنجەم، دوو ئەستێرەكانی سەر بازنەكە كە یەكێكیان لە لای راستی هەڵۆكەیە و ئەوی دیكەیان لە لای چەپییەوە، چەسپێندراون، ئاماژەن بۆ كورد و عەرەب وەك دوو نەتەوەی سەرەكی عێراق.
شەشەم، لە سەرەوەی بازنەكەدا بە زمانی كوردی نووسراوە (سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان) و لە خوارەوەشی بە زمانی عەرەبی (رئاسە اقلیم كوردستان).
كەواتە ئەوەی پێویستە هەبێت ئاماژەیەكی روونە بۆ بوونی پێنجەمین پارێزگای كوردستان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی ئەو پارێزگایە، بە دیاریكردنی ئایكۆنێك بۆ سەر لۆگۆكە، بێگومان دانانی ئەو ئایكۆنە لەسەر لۆگۆكە گرنگی خۆی دەبێت لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان و لەبەرچاوگرتنی پێگەی هەڵەبجە لە نەخشەی كوردستان.
لێیرەوە بە پێویستی دەزانم ئەم پێشنیازە بخەمە بەرچاوی لایەنە پەیوەندیدارەكان و هەقیش وایە ئەنجوومەنی پارێزگا و خودی پارێزگاری هەڵەبجە، بە نووسراوی فەرمی داوا لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە كە مەبەست دیاریكردنی ئایكۆنێكە بۆ هەڵەبجە. بە هیوای ئەوەی هەموو زمان و پێكهاتە و ئایین و پارێزگاكانی كوردستان لە لۆگۆ و دروشمەكانی هەرێمی كوردستان رەچاوی ماف و ئیرادەیان بكرێت و هەمووان خۆیان لەو لۆگۆ و دروشمانەدا ببیننەوە بە تایبەتی لۆگۆی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سیادییە و پەیوەستە بە ژیان و بوونی سەرجەم پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان.










