سەربەست بامەڕنی
سەردانە كورتەكەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ، بۆ سوڵتاننشینی عومان، لەسەر بانگهێشتی فەرمی سوڵتان قابوس بوو، كە هەفتەی پێشووتریش چاوی بە سەرۆكی فەلەستین، مەحمود عەبباس، كەوتبوو لە مەسقەتی پایتەختدا. بەمەش دووبارە تیشك خرایەوە سەر سروشتی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و دەوڵەتی ئیسرائیل، وەكو ئاشكرایە تەنیا سێ وڵاتی عەرەبی بە فەرمی دانیان بە ئیسرائیل ناوە و، پەیوەندی دبلۆماسی، ئابووری و گەشتیاریی لەگەڵ ئاڵوگۆڕ دەكەن، ئەوانیش میسڕ، ئوردن و مۆریتانیان، زێدبارەی ئەو وڵاتانەی پەیوەندی نیمچە فەرمیان لەگەڵیدا هەیە و دان بە دراوسێیەتی ئیسرائیل دەنێن، وەكو تونس، مەغریب و بەحرێن، هەندێكیان ئەو پەیوەندییەی سڕ كردووە، هاوشێوەی قەتەڕ، مەغریب و سوڵتاننشینی عومان، كە پێشوازیی لەسەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەكات، زێدەباری هەریەك لە توركیا، كە لە ساڵی 1949 دانی بە ئیسرائیل ناوە، هەرەها ئێرانیش تاكو ساڵی 1979 كە دوای مردنی شا، دانپێنانەكەی خۆی بە ئیسرائیل كێشایەوە.
مشتومڕ لەوەدا نییە، هەر هەنگاوێك بۆ تازەكردنەوە و پاڵنانەوە بە پرۆسەی ئاشتی بۆ پێشەوە و مسۆگەركردنی مافەكانی گەلی فەلەستین، شتێكی باشە و رۆڵی بەرچاوی لە بەدیهێنانی ئاشتی دادپەروەرانە و سەقامگیری لە تەواوی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت، كە وا دێتە پێش چاو، لەسەر دەركی گڕكاندا بێت، بەڵام ئەو پرسیارەی خۆی راپێش دەكات ئەوەیە: ئایا چی رووی دەدا، ئەگەر سەردانەكەی نەتەنیاهۆ بۆ بەغدا و هەولێر بوایە، روونتر بە مەبەستی پاڵنانی پرۆسەی ئاشتی بۆ پێشەوە بوایە؟ بە دڵنیاییەوە رۆژی دوایی بەرپا دەبوو و هەزارەها كەڕەنای راگەیاندنەكان بۆ لە زەویدانی گەلی عێراق بە بە عەرەب و كوردەوە دابین دەكرا، هەرچەندە عێراقییەكان پێشتر و ئێستاش، پشتیوانی، پاڵپشتی و قوربانی زۆریان پێشكەشی كێشەی فەلەستین كردووە، كە بە درێژایی چەندین دەیە كێشەی سەرەكیان بوو، باسی یەك نمونە دەكەم، دۆستی نزیكم هونەرمەندی كوچكردوو و شاعیری هەستناسك ئیبراهیم زایەر، لە نێو سەدەها ئەو قوربانیانەیە، كە زۆری دیكەش هەن.
ئەوەی پەیوەستە بە گەلی كوردیشەوە، هەموو ئەوانەی ئەو ساڵانە لەگەڵ كێشەی فەلەستین ژیاوون و خیوەتگەكانی سەبرا، شاتێلا و و تاوەری براجنەیان لەیاد بێت، دەزانن چەند لاوی كورد ژیانی خۆی كردە قوربانی كێشەی فەلەستین، كە سەركردەكانی ئێستای یەكەم كەس بوون، نكۆڵی، سەركۆنە و رەتی پرۆسەی گشتپرسی جەماوەری دیموكراسی سەربەخۆیی كوردستنیان كردەوە، هەرچەندە سەركردەكانی كورد دووپاتیان كردەوە، گشتپرسی مانای جیابوونەوەی راستەوخۆ نییە، كە تەنیا بە رێكەوتنی نێوان هەردوو گەلی برا عەرەب و كورد لە عێراق دەبێت لە ئایندەدا. روونە گەلی عێراق بە عەرەب و كوردەوە، خێر و خۆشییان بۆ گەلی فەلەستین دەوێت و چاویان لە ئاشتییەكی دادپەروەرانەیە لە ناوچەكەدا، بەڵام لە بەرانبەریشدا، چاویان لە كەمترین ئەمەك، ژینواربینی و مامەڵەی هاوشێوەیە، نەخاسمە دوای ئەوەی دەركەوت، بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، لەسەر ئاستی عەرەبیی، چیتر لە گوناهە گەورەكاندا نییە.
و: رەمزی میرەكانی
سەرچاوە: www.elaph.com










