چنار بابەكر محەمەد
كۆمارییەكان بەكەسانی توند و خاوەن بریاری سەخت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا ناسراون. دیارە كۆمارییەكان توندیی پەیرەو دەكەن لە سزادان و دوورخستنەوەی نەیارەكانیان ئەگەر بوون بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەویی ئەمریكا.
پاش سەركەوتنی كۆمارییەكان بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2016، هاوپەیمانەكان لەو چاوەڕوانییە بوون بە هاتنی كۆمارییەكان بۆ سەر دەسەڵات سیاسەتەكانی دەرەوەی سەرۆك ئۆباما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەاست ڕاستبكرێنەوە، هەروەك ئاشكرایە ئیدارەی سەرۆك ئۆباما سیاسەتی دووركەوتن لە گرفت و قەیرانەكانی جیهانی و گرینگیدان بە ناوخۆی ئەمریكای پەیڕەو دەكرد.
ئیدارەی سەرۆك ئۆباما بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2011 سیاسەتی دووركەوتن لە گرفتەكانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و چۆڵكردنی گۆرەپان بۆ نەیارانی وەكو ئێران و روسیا و فاكتەرە تۆندڕەوە نادەوڵەتییەكانی ناوچەكە بەكار هێنا، ئەمەش كەلێنێكی دروست كرد لەم ناوچەیە.
كاتێ سەرۆك ترامپی سەر بە حزبی كۆمارییەكان هاتە سەردەسەڵات ئەم تیروانینەی كۆمارییەكانی سەبارەت بە سیاسەتەكانی دەرەوەی ئەمریكا پێچەوانە كردەوە، تەنیا بە كشانەوە لە زۆربەی ڕێككەوتننامەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان نەوەستا بەڵكو بڕیارەكانی ئەم دواییانەی بە كشانەوەی هێز لە سوریا گومانی لای دۆست و نەیارەكانی دروست كرد.
سەبارەت بە تێوەگلانی لە جەنگ، ئەو زۆرجار باس لەوە دەكات، “ئەمە جەنگی ئێمە نیە و پێویست ناكات لە شوێنێك تێوە بگلێین، كە لە بەرژەوەندیی ئەمریكا نییە”.
بەم جۆرە ترامپ هەمان وتەكانی سەرۆك ئۆباما دووبارە دەكاتەوە، كە ئەو پاش سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی دەیگوت، ” جەنگی كەسانی ترە نەك جەنگی ئێمە” یان “با گەلی سوریا خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن”، یاخۆد “ئیمە لە دوورەوە چاودێری دۆخەكە دەكەین”.
بۆیە ترامپ بەم هەڵوێستانەی زیاتر لە ئۆباما ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، كە ئەمریكا بە چۆڵكردنی ناوچەكە هێزە نەیارەكانی سەردەمی سەرۆك ئۆبامای هێنایەوە ناو گۆرەپانەكە. سەرۆك ترامپ بەو سیاسەتانەی ئەم دواییانەی ڕەوشەكەی سەردەمی سەرۆك ئۆبامای پتەوتر كرد. ئەوەی ترامپ دەڵێ، “ئیمە پۆلیسی جیهان نین”، دەتوانێ هەژموونی ئەمریكا و ئاسایشی هاوپەیمانەكانیشی بخاتە ژێر پرسیار و مەترسی.
بەڵام نابێت ئەوە لە بیر بكەین، هەر جۆرە ستراتیژێكی ئەمریكا لە ئیدارە جیاجیاكانی ئەمریكا پەیرەوكرابن، ئەم دواییانەی ئۆباما و ترامپ ڕەخنەی زۆری نە تەنها جیهانی بەڵكو ناوخۆی ئەمریكای لێ بكەوێتەوە، بۆیە هەموو هەوڵەكانی دۆناڵد ترامپ بۆ دوورخستنی ئەمریكا لەم ناوچانە ئەستەم دەبێت و بە خواستی ترامپ نابێت، هەروەك چۆن لە سەردەمی ئۆباما و لە دوای سەرهەڵدانی داعش ئەمریكا ناچاركرا جارێكی تر بگەڕێتەوە ناو گۆرەپانی ململانێ لە عێراق و سوریا. سەرۆك ترامپ بە هۆی گوشارەكانی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە سەر پلانی ستراتیژیی درێژخایەنی ئەمریكا دەمێنێت و ڕێگری دەكرێت لەوەی ئەمریكا چیتر لەم ناوچانە هەژموونی نەمێنێ و بە سیاسەتی گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوورەپەرێزی لەم سەردەمەی پر لە هاوكێشە جۆراوجۆرەكان كە یەخەی جیهانی گرتووە، لە ئێستادا هەڕەشەكانی ئاسایشی نێودەوڵەتی تەنیا لە شۆینێ بە ناوی عێراق یان سوریا كورت نابێتەوە، كە ترامپ پێی وایە ئەمە جەنگی ئەوان نیە، یاخود ئەوان پۆلیسی جیهان نین، بەڵكو هەڕەشەكان ئەوەندە زۆرن سنوورەكانی ئەمریكاش دەبەزێنن، كە ترامپ پێی وایە 7000 مایل لێی دوورن.
هەر بۆیەش گوشاری ناوخۆیی نیگەرانییەكانی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا وایان كرد كە ترامپ لە هەندێ لە بریارەكان پاشگەز بێتەوە و رێگری بكرێ لە هەڕەشەكانی ئایندە بە سەر بەرژەوەندییەكان و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە، بۆیە ئەمریكا لە پاشەكشەی یەكجاری لە سوریا پەشیمان بووە و بە بیانووی پاراستنی بیرە نەوتەكان گەڕایەوە سوریا تاكوو نەیارەكانی لێ سودمەند نەبن.
هاوكێشەكان لە ئێستادا جیاوازن، بۆیە بۆ كورد ڕەوایە لە ناو ئەم جۆرە سیاسەتانەدا هەوڵ بدات بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی ستراتیژێك دابڕێژێت تاكوو بە هەڵكشان و داكشانی سیاسەتی زلهێزەكان پێگەی نەكەوێتە مەترسییەوە.










