مستەفا قایتەوەنی- لەندەن
وەك ناو، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام كە ناسراوە بە(داعش) لە ساڵی 2014 خۆی وەك دەوڵەت و خەلافەی ئیسلامی وێنا كرد و بووە فەرمانڕەوای بەشێكی زۆری خاكی سوریا و سێ یەكی عێراق و زۆرێك لە وڵاتانی دیكە. بیروباوەڕی ئەم خەلافەتە نوێ نیە، تەنها لە ناودا جیاوازە، دەنا درێژەپێدەری ڕێكخراوی قاعیدە و هاوشێوەكانێتی لە بەرگ و فۆڕمێكی نوێدا، ئەو خەلافەتەی ماوەی نزیكەی چوار ساڵ پێگەیەكی بەهێزی هەبوو لە ناوچەكەدا، چەك و جبەخانەی سێ وڵاتیان كەوتە دەست و بەكاری هێنا تا گەیشتە چەكی قەدەغە كراویش، بۆ ڕووخاندنی ئەم خەلافەتە بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا و بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا هاوپەیمانییەكی 63 دەوڵەتی لە دژی ئەم ڕێكخراوە پێكهێنرا كە ژمارەی چەكدارانی بە پتر لە 001 سەد هەزار چەكدار مەزەندە دەكرا!.
هەڵبەت سەرەتای لوتكەی هێزی داعش ساڵانی 2015-2014 بوو بەپێی دانپێدانانی خودی ئەمەریكا و بەریتانیا و هاوپەیمانانی لە شەڕی دژ بە داعش، هێزی پێشمەرگەی كوردستان وێڕای كەمی چەك و تەقەمەنی و چەكی سەرەتایی و ئابڵوقەی ئابووری ئەوكاتەی حكوومەتی عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان و نەبوونی ئەزموونی شەڕی تیرۆری جەبهەی وا بەرفراوان، بەڵام ئوستورەی داعش و خەلافەتەكەی لەسەر دەستی پێشمەرگە شكێنرا بە هاوكاری هێزی ئاسمانی و پاڵپشتی هاوپەیمانان لەسەرووی هەموویان ئەمەریكا و بەریتانیا.
ڕۆژ دوای ڕۆژ پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق تاكتیك و پلانە هەواڵگری و سەربازییەكانی داعشیان دەزانی و تەرازوی هێز بە ئاڕاستەی سەركەوتنی پێشمەرگە و سوپای عێراق و شكستی داعش بوو.
ئێستا دەتوانین بڵێین دوای ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە عێراق و سوریا، داعش لە ڕووی سەربازییەوە شكستی هێناوە.
سەرۆك دۆناڵد ترامپیش وەك مژدەیەكی خۆش هەواڵی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی ئەو دەوڵەتە تیرۆریستەی ڕاگەیاند!
ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە تەواوی میدیاكانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە و باس و خواسێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
دەیان بەیاننامە و ڕوونكردنەوە و قسە و چیرۆكی جیاواز لەبارەی خەلیفە و دەوڵەتە تیرۆریستییەكەی باس دەكرێن، بەڵام دوو كەس پێچەوانەی جیهان قسەیان كرد، لە دوو پەیامی تەواو لێك نزیك و هاوشێوەی یەكتردا زەنگی مەترسییەكی نوێیان لێدا، ئەویش دوو كاراكتەری دیارو بەرچاوی جیهان و ناوچەكەن هەریەك لە سەرۆك مسعود بارزانی سەركردەیەكی مەیدانی شەڕ دژ بە داعش و بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیایە!
بارزانی ماوەیەكی زۆر وەك فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەركردەیەكی مەیدانی شەڕ ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕی (داعش) دەكرد لەلایەك، لەلایەكی تریش بەردەوام بەرە جیاوازەكانی شەڕی بەسەر دەكردەوە بە درێژای 1400 كیلومەتر.
كەس وەك بارزانی شارەزای ئەو پلان و تاكتیكانەی هێزەكانی داعش نەبوو، بارزانی زۆرجار لە میدیا جیهانییەكان لەبەرەی شەڕ دەردەكەوت و زانیاری كەم و كورت و پڕكۆد و شفرەداری دەدركاند! بەڵام لە ڕاستیدا زانیاری پڕمانای دەدركاند.
دوای ڕووداوی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی بارزانی وەك هەمیشە نەیتوانی لە ئاست مەترسییەكان بێدەنگی هەڵبژێرێت و لە ڕووداوی كوشتنی سەرسەختترین دوژمنی مرۆڤایەتی قسەی نەبێت!
بەڵكو لە پەیامێكی كورتدا وتی: (ڕاستە كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی كاریگەری بەسەر لاوازبوونی تیرۆریستانەوە دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەموو لایەك بە تایبەت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادار بن كە كوشتنی بەغدادی بە مانای كۆتاییهاتنی داعش نیە).
بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاش كە وڵاتەكەی یەكێكە لە زلهێزەكانی جیهان و جێ پەنجەی بەریتانیا لە تەواوی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیارە، بۆریس جۆنسن خۆیشی كەسایەتییەكی دیاری ناو سیاسییە بەهێزەكانی جیهانە، جگە لەوەی ئێستا سەرۆك وەزیرانی بەریتانیایە پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بووە و لە نزیكەوە سەردانی كوردستان و عێراق و بەرەكانی شەڕ دژ بە داعشی كردبوو، لە پەیامێكی كورتیشدا بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانی گوتی: “كوشتنەكەی گرنگە، بەڵام شەڕی داعش كۆتایی نەهاتووە هێشتا”. لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعشدا بیروبۆچوونی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هاوشێوەی سەرۆك بارزانییە، كە واتە دوو كاراكتەری دیار و بەرچاوی جیهان كە لەشەڕی دژ بە داعش ڕۆڵیان هەبووە و هەگبەی هەردوو سەركردە مەیدانییەكە پڕە لە زانیاری ورد كە هاوپەیمانی یەكتر بوون لە شەڕی دژ بە داعش، زۆر بە وردی و قوڵی لە مەترسی داعش تێگەیشتوون و هاوڕان كە داعش وەك هێز شكستی هێناوە، بەڵام وەك ئایدیا و فكر هێشتا زیندووە و كاریگەری تۆخە و كاڵ نەبووەتەوە، (بۆیە بارزانی و بۆریس جۆنسن پێكەوە زەنگی مەترسییان لێدا…!
بەشێكی تری چاودێران و لێكۆلەرەوانی بواری تیرۆریزمی جیهانی ئاماژە بە مەترسی ئاشكرا كردنی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی یەكەیەكی (CIA) دەزگای ناوەندیی هەواڵگری ئەمەریكا دەكەن كە باسی لە دروست بوونی گرووپێكی توندڕەوی هاوشێوەی داعش و بگرە مەترسیدارتر دەكات كە هەموو جیهان تووشی شۆك دەكات.
لە ڕابردووش جیهان بە ئەزموونی تاڵدا تێپەڕی لەگەڵ ڕێكخراو و گرووپە تیرۆریستییەكان بەتایبەتی لە ژینگەیەكی پڕ لە ململانێی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم گرووپ و شانە تیرۆریستییانە زووتر گەشە دەكەن و دروست دەبنەوە، بۆیە هەموو ئاماژەكان ئەوە دەڵێن داعش لە بەرگێكی تر و ناوێكی تر دروست دەبێتەوە!.










