
خەبات: هەولێر
لە هەرێمی كوردستان هەزار و 700 دوكانی زێڕینگەری و 285 شوێنكاری چاككردنەوەی زێڕ هەیە و لە ماوەی رابردووشدا بە هۆی بارودۆخی ناوچەكە ئاستی هاوردەی زێڕ بۆ هەرێمی كوردستان كەمیكردووە و زێڕینگەرێكیش ئاماژە بەوە دەكات كە خەڵك زیاتر خواستی لەسەر فرۆشتن هەیە تا كڕین و ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی هاوردەكردن.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆری خشڵ لە وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەكر عەزیز سەبارەت بە ژمارەی مۆڵەتەكان لە هەولێر گوتی: “لە هەولێر 578 مۆڵەت دراوە بە دوكانەكانی زێڕینگەری، هەروەها 94 مۆڵەتیش دراوە بە شوێنكاری چاككردنەوەی زێڕ كە بریتین لە حەوت مۆڵەتی زێڕی بە كۆمەڵ، 56 مۆڵەتی وەرشەی سەربەخۆ، 15 مۆڵەتی وەرشەی پێشكەوتوو، 13 مۆڵەتی چاپی لیرە و دوو مۆڵەتی پاڵاوگە”.
بەكر عەزیز گوتیشی: “لەم رێژەیەش، 43 مۆڵەتی دوكانی زێڕینگەری، دوو مۆڵەتی وەرشەی پێشكەوتوو، سێ مۆڵەتی چاپكردنی لیرە و هەشت مۆڵەتی وەرشەی سەربەخۆ لە ئەمساڵ دراون بە خاوەنكاران”.
هاوكات بەڕێوەبەری كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری دهۆك، عەبدولخالق عەبدولستار سەرحان گوتی: “لە پارێزگای دهۆك بە گشتی 481 مۆڵەت دراوە بە دوكانەكانی زێڕینگەری و 99 مۆڵەتیش دراوە بە وەرشە جۆراوجۆرەكان و 18 مۆڵەتیش دراوە بە كارگە”.
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری خشڵ لە پارێزگای سلێمانی، 650 مۆڵەت دراوە بە دوكانەكانی زێڕینگەری و 93 مۆڵەتیش دراوە بە وەرشە جۆراوجۆرەكان.
گوتەبێژی سەندیكای زێڕینگەران، وشیار یاسین گوتی: “لەئێستادا ئاستی هاوردەكردنی زێڕ كەمیكردووە بە هۆی بارودۆخی ناوچەكەوە زیاتر هەناردە دەكرێت بۆ دەرەوە و خەڵك زیاتر دەیەوێت پارەی دەست بكەوێت و هەر یەك لە توركیا و دوبەی زۆرترین هەناردەكردن و هاوردەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبووە، بەڵام ئێستا هەناردەكردن لە هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و دوبەی زیاترە”.
لەبارەی جۆری زێڕ و رێژەی هاوردەكردن و هەناردەكردن بۆ هەرێمی كوردستان، وشیار یاسین گوتی: “پێشووتر مانگانە پێنج تا حەوت تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرا ئێستا زۆر كەم بووەتەوە و مامەڵەكردن بە زێڕ وەك جاران گەرم نییە، ئێستا هەر لە توركیا و دوبەی هەناردەكردن و هاوردەكردن هەیە، بە پلە یەك زێڕی خەلیجی و دواتریش زێڕی توركی زۆر باوە”.
وشیار یاسین گوتیشی: “ئابووری پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە، بۆیە نرخەكانیش بەپێی بابەتی سیاسیی گۆڕانكاریان بەسەردا دێت. لە عێراق، زێڕی عەیار 21 باوە و لە وڵاتی ئێرانیش زێڕی عەیار 18 باوە، ئەمە پەیوەندی بە دیمۆگرافیاوە هەیە”.
لەبارەی ژمارەی عەیارەكان و جیاوازییەكانییان، وشیار یاسین گوتی: “لە زێڕدا چەند عەیار بەرزبێتەوە، ئەوەندە رێژەی ماددەی سفر (مس) لە زێڕەكەدا كەمترە و پێچەوانەكەیشی راستە، ساڵانەش لە مانگی بەهار بەدواوە مامەڵەی زێڕ گەرم دەبێت بە هۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری”.
زۆری تێچووی نەخشاندن كە هەقدەستیشی پێ دەڵێن زۆرجار دەبێتە گلەیی و گازاندە لە لایەن كڕیاران و خاوەنكارانیش هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەو شوێنەی كە پارچە خشڵەكان دەنەخشێنن و لەمبارەیەوە وشیار یاسین گوتی: “خەڵك وا دەزانێت ئەو هەقدەستەی وەریدەگرین هەمووی بۆ گیرفانی زێڕینگەرەكەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا وانییە، بۆ نموونە من دەچمە دوبەی یەك كیلۆ زێڕ دەدەمە كارگەیەك، ئەویش یەك كیلۆ بازن دەدات و لەبەرامبەردا تێچووی نەخشاندنەكە لە ئێمە وەردەگرێن، كەواتا ئەگەر پارچەیەك خشڵ 300 دۆلار هەقدەست وەرگرین ئەوا 200 دۆلارمان لە دوبەی داوە، بۆیە ئەو نرخە ئێمە دیاری ناكەین و دەمێنێتەوە سەر كارگەكان”.
لەبارەی هەبوونی زێڕی ساختە لە بازاڕەكاندا، وشیار یاسین گوتی: “زێڕی ساختە لە بازاڕ زۆرە، زێڕی ئەو وڵاتانەی كە وەزارەتی پلاندانانیان باشە ئەوا كێشەی نییە، بەڵام زێڕی عێراق كێشەی هەیە و بەناوی عەیار 21 دەیكڕین و پاشان بە عەیار 18 دەردەچێت و ئەمەش ئێمە تووشی گرفت دەكات بۆیە زێڕی عێراق بەبێ پشكنین ناكڕین”.









