سوورە مەرگەیی
لە ئەگەری دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و هەڵوەشانەوەی حكوومەتی عێراق، قۆناغێكی نوێ لە عێراق دەست پێدەكات، ئەو قۆناغەش لە كۆی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق و دەرەوەی پەرلەمان دەخوازێ، كە كوردبوون بخەنە پێش حزبی بوون و كوردایەتی بكەنە سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی ئەو پیلانانەی لەو قۆناغە هەستیارەی دوای دەست لەكاركیشانەوەی حكوومەت و هەوڵەكانی هەمواركردنەوەی دەستوور، نیازی دەسەڵاتە شیعەگەرییەكەی بەغدا وایە بەرۆكی وەستاندنی دەستكەوتەكانی كوردی پێ بگرن، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ كورد چی بكا و چۆن دەتوانێ بەرگری لە دەستكەوتەكانی بكات؟
گومان لەوەدا نییە بە دەست لەكار كێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و هەڵوەشانەوەی حكوومەت و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، كیشە سیاسی و مەزهەبی و نەتەوەییەكان تۆختر دەبنەوە، كیشەی نێوان كورد و عەرەب، شیعە و سەننە، شیعە و شیعە و دەستوەردانی دەرەكی و بەتایبەتیش دەستوەردانی ئێرانی و ئەمەریكی لە ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەبن و عێراق دەخەنە بەردەم چەند ئەگەرێك.
ئەگەری یەكەم:ـ پێكهێنانەوەی حكوومەت ئاسان نییە و عیراق دەكەوێتە ناو بۆشایی دەستووری و فەوزای سیاسی.
ئەگەری دووەم:ـ روودانی شەڕی ناوخۆ، هەرچەندە عێراق دەمێكە تووشی شەڕی ناوخۆ بووە، بەڵام هیچ دوور نییە شەڕی ناوخۆی دوای هەڵوەشانەوەی حكوومەت ناو ماڵی شیعە بگرێتەوە.
ئەگەری سێیەم: هەمواركردنەوەی دەستوور و هەوڵدان بۆ سنووردانان بۆ مافەكانی كورد و بردنەوەی عێراق بۆ ناو جوغزی دیكتاتۆری و سەپاندنی دەسەڵاتی تاكڕەوی.
ئەگەری چوارەم:ـ هاتنە پێشی هەر یەكێك لە ئەگەرەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم عێراق دەخاتە بەردەم ئەگەری چوارەم كە دابەشبوونی عێراقە، رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەگەرانەش لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەخوازێ، یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و بە راكێشانی كارتی ریفراندۆم بچنە ناو شەڕی راكێشانی هەموو ئەو كارتانەی، كە بەغدا نیازیەتی بەناوی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی شەڕی ماف و ئازادییە نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستانیان پێبكات.










