د.محەمەد خدرمەلوود
ئاماژەكان بەرەوە ئەوەدەچن لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەی 2019/10/29موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بە تەواوەتی ملی لەبەر ملی عادل عەبدولمەهدی ناوە بۆ دەست پێ لەكاركێشانەوەی حكوومەتەكەی و لادانی لە حكومداریەتیكردنی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، ئەوەی لە پاش نیوەڕۆی ئەوڕۆژە روویدا لە كەربەلاو بەغداوە دوای هاتنەوەی سەدر لە تاران و دابەزین لە فڕۆكەخانە و یەكسەر چوونە نێو خۆپێشاندەران و گەیاندنی پەیامەكەی بە عەبدولمەهدی لە بەغداو و وەڵامدانەوەی عەبدولمەهدیش لە بەغداوە بۆ كەربەلا. وا مەترسییە ئایندەییەكان سەرهەڵدەدەن و چارەنووسی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق دەخەنە بەردەم چەندین ئەگەر و پرسیار و پێشهاتی چاوەڕوانكراو و نەكراوی ترسناك.
لە رۆژی چوارشەممەوە تەواوی خەڵكی ئەو وڵاتەی ناوی عێراقە، بە خەڵكی هەرێمی كوردستانیشەوە لە هزر و بیری ئەودان بە رێككەوتەكان چۆنچۆنی دەبن و چیییان لێ دەكەوێتەوە؟ ئایا جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی چۆن حوكمڕانی دەگرێتەدەست؟ دوای هەمواركردنەوەی چەند بابەتێكی دەستووری و بە هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی؟ یا بە شەڕی نێوماڵی شیعە و كودەتا و تێوەگلاندنی پێكهاتەی تری عێراق؟ ئەی چ گرەنتییەك هەیە ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەكی دروست و دیموكراتیانە، نەك دیموكراتی تەوافقی بەرێوەبچێت، یاخود پرۆسەكە بریتی بێت لە یارییەكی سیاسی باگراوندنی نێو ماڵی شیعە بۆ گۆڕینی رووساری سەرۆك وەزیرانی ئێستا بە یەكێكی دیكەی شیعی. یا لە نەبوونی ئەو تەوافقییە، كە پێدەچێت چتر شیعەكان باوەڕییان پێ نەمابێت، كورد چەند زەرەمەند دەبێت؟ ئایا دیسان هەولێر رۆڵ و پێگەی بۆ دامەزراندنەوەی حكوومەتی بەغدا هەر كاریگەر دەبێت و هەر دەبێتە خاڵی یەكلایكردنەوەی گرفتەكانی بەغدا بۆ سەرۆكوەزیرانی تازە یاخود ئەو پرۆسە و پێشهاتانەی لە رۆژی چوارشەممەوە سەرەداوی روودانیان بەدیاردەكەوێت بۆ پەراوێزخستنی هەرێمی كوردستان و هەولێرە لەو هاوكێشە سیاسییە تازەیەی دوای عادل عەبدولمەهدی دێنە ئاراوە؟
بەدیوێكی دیكەی پرسیارەكە ئێستا هەرێمی كوردستان كە خاوەنی چەندین ئەزموونە لەگەڵ بەغدا و خەڵكەكەشی مارانگەستەی حوكمدارانی پێشووی بەغدان، دەپرسن چیتر كورد كچی خۆی بە قوربانی كوڕی خەڵكی دەكات؟ یا چیتر هەولێر دەبێتە قوربانی بەغدا؟
لە كاتێكدا عادل عەبدولمەهدی خۆی قوربانی نێوان هاوكێشەكەی نێوماڵی شیعەیە، ئایا بەداواكردنی كۆنفیدڕاڵی لە جیاتی فیدڕاڵی مەترسییە سەرەكییەكان لەسەر كورد و هەرێمی كوردستان دەڕەوێنەوە و ئایندەی ژیانی شایستەی خەڵكەكەی ناكەوێتەوە بەر هەڕووگیف و هەڕەشەی ئەم و ئەو؟
لە رۆژی چوارشەممەوە 30 تشرینی یەكەمی 2019وە لە هزرو بیری خەڵكی كوردستاندا گەڵێ پرسیار دەخولێنەوە و جۆرە نا ئارامییەكیشیان لێ بەدی دەكرێت، كە دیسان بەغدا بە چاوپێهەڵنەهاتنی بە پێشكەوتن و گەشەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان و پیادەكردنی ژیانی ئاشتیانەی فرەنەتەوەیی ئایین و ئاینزایی و دیموكراتیانەی پێكەوەیی و گوزەرانی ئاسایی كورد و هەرێمی كورد دیسان پرسی بودجە و مووچە و شایستەكانی پێشمەرگەی كوردستان و دۆسیەی نەوت وەك چەكێكی سیاسی بۆ سزادان بەكارنەهێنێت.
گەر ئەویان پرسیار و بابەتی تێڕوانینی ئێستای خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت بۆ بەغدا و چارەنووسی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، هەر ئەوە خەڵكە شۆڕشگێڕ و تێكۆشەر و خۆڕاگر و پشوودرێژەی هەرێمی كوردستانیشە كە خاوەنی رەسەنی زەنگی لێدانی پرۆسەی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی خۆیەتی و زەنگەكەش لە زرینگەدانی جیهانی هەژاند و ئێستاش لە زرینگەدان نەكەوتووە.










