ساسان دەروێش- هۆڵەندا
لە 9ی ئۆكتۆبەری2019 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و ئەمەش كاردانەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی لێكەوتەوە، بەتایبەتی بەهۆی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژئاوا. هاوكات سەرۆك بارزانی لە رێگای تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەرەوە، پەیامێكی ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ كرد و گوتی: خوێنی كورد زۆر لە چەك و پارە بەهادارترە، لە زۆربەی زۆری وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا و وڵاتانی ئەسكەندەناڤیا و ئەمەریكا و كەنەداش، كوردانی تاراوگە لە هەر چوار پارچەی كوردستان بۆ پشتگیری لە بەشێكی نیشتمان و هاوسۆزی بۆ خوشك و براكانیان لە رۆژئاوای كوردستان بەدەم هاواری نیشتمان و زوڵم و زۆری داگیركاری و تێكدانی ئارامی و بەزاندنی سنووری وڵات و خاكی كوردان، بە تێكڕای ئایدیا و جیاوازی رژانە سەر شەقامەكان بە ئاڵای كوردستان و یەكدەنگی و یەكبوونی خۆیان دژی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ و لەشكركێشی توركیا دەربڕی و یەكبوونی كوردییان لە بەرانبەر دۆزی رەوای گەلەكەیان و ئاییندەی كوردستان دووپاتكردەوە، بە خۆپیشاندان و رێپێوانی هێمنانە لەنێو شەقامەكان و هوتافی پشتگیریی بۆ بەرخودانی رۆژئاوا و ئیدانەكردنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.
سوپاسی هەڵوێستی بوێرانەی سەرۆك بارزانی دەكەن
محەمەد، كە نەیویست ناوە راستەقینەكەی بۆ خەبات ئاشكرا بكات، گوتی: بەڕاستی سوپاسی هەڵوێستی بوێرانەی سەرۆك بارزانی دەكەین لە ناردنی نامە كراوەكەی بۆ ترەمپ و پەیامەكەی بۆ ڕایگشتی هەموو كوردی لە یەك نزیككردەوە كە بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی كار بۆ رزگاركردنی بەشێكی نیشتمانی كوردستان بكەین. گوتیشی لە شاری لاهای لە هۆڵەندا و زۆربەی زۆری وڵاتانی دونیاش رەوەندی كورد پێكەوە دەنگی نارەزایەتییان بەرانبەر قڕكردنی گەلی كورد دەربڕی، بوێری و هەڵویستەكانی سەركردەی مەزن و كوڕی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانیی باوك كە بە دەنگهات كە گەلی كورد بێكەس و تەنیا نییە كڕین و فرۆشتنی پێوە بكرێت، بژی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و تەواوی شەڕڤانان و یەكە یەكەی گەلی كورد. حكوومەتی هۆڵەندا چەك بە توركیا نافرۆشێت
لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و لێكەوتنەوەی كارەساتی مرۆیی و وێرانكاری و مەترسی بۆ دروستبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و لە دەستدانی دەستكەوتی هاوپەیمانی لە پێناوی كۆتاییهاتنی تیرۆریستان لە سووریا و عێراق رەنگدانەوەی لە نێو میدیا و ڕایگشتی گۆمەڵگە و حكوومەتی هۆڵەندا دایەوە، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا كارەكانی لەگەڵ باڵیۆزخانەی توركیا هەڵسپارد و بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی هۆڵەنداش داوای سزادانی توركیایان كرد، لە ڕێگای ئەورووپاوە، بە فەرمی حكوومەتی هۆڵەندا ئیدانەی هێرشە داگیركارییەكانی توركیایان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كرد و هاوكات بڕیاریاندا چیتر چەك و تەقەمەنی بە توركیا نەفرۆشێت .
بەشێك لە ئەندام پەرلەمانتارانی هۆڵەندا بەشداری رێپێوانەكانن
لە دوای ئەوەی بە فەرمی حكوومەت و ڕایگشتی لە هۆڵەندا و چەند وڵاتێكی دیكە ئاشكرا بوو كە دژی هێرشی توركیان بۆ ئیدانەكردنی هێرشەكان بۆ سەر خەڵكی سڤیلی رۆژئاوای كوردستان، بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان و كەسایەتیی سیاسی و زۆرینەی خەڵكی هۆڵەندا و وڵاتانی دیكە تێكەڵی خۆپیشاندانەكان بوون بە بەرزكردنەوەی دروشم و هوتافی ئیدانەكردن لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لە ئەندام پەرلەمانتارەكانی پارتە سیاسییەكان لە هۆڵەندا هەندێك لە وڵاتانی تری ئەورووپا لەنێو خۆپیشاندەراندا وتاریان پێشكەشی ئامادەبووانی رێپێوانەكان كرد و تیایدا پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكایان شەرمەزار كرد و هەروەها هێرشی سوپای توركیاش بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانیان ئیدانە و ریسواكرد لە وتەكانیدا وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی و پاڵپشتی بۆ كورد ئاماژەیان بە ترسانكی هێرشەكان كرد و گوتیان بەزاندنی سنوور لەلایەن هێزی سەربازی توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان سەقامگیریی ئەمن و ئاسایشی ناوچەكە بە گشتی ئاڵۆز دەكات و داواشیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی كرد، هەوڵی بەپەلە بدەن بۆ راگرتنی هێرش و بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكان كە خەڵكی سڤیل بوونەتە ئامانج، لەو نێوەندەشدا بۆ سوپاسكردنی پەرلەمانتارێكی هۆڵەندای وەك رۆژنامەنووسێكی باشووری كوردستان ملپێچێك لە ئالای كوردستان نەخشێنرا و لەسەری نووسراو كوردستان پێشكەشم كرد و وتەیەكم پێشكەش بە ئامادەبووانی خۆپیشاندانەكە كرد، وەتەن چاوی لێمانە، دەری كەین لە تەنگانە، حەیفە ببێتە وێرانە، ئاوی كەوسەرە، خاكی گەوهەرە، پڕ لە گوڵ و نەسرینە.
جەنگی سڕینەوە و كوشتاری بە كۆمەڵی كورد چاوپۆشی لێدەكرێت
دیندار كۆچەر، وەك چالاكوانێكی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هۆڵەندا، لەبارەی خۆپیشاندانەكەی هۆڵەندا بۆ خەبات گوتی: هەروەك روون و ئاشكرایە لە رێگای هەموو میدیا كوردی و بیانییەكان زاندراوە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دونیا رەوەندی كوردستانی هەر چوار پارچەی كوردستان، پەیامی یەكدەنگی خۆیان بە هەموو دونیا راگەیاند لە پشتگیری و هاوسۆزی بۆ بەشێكی نیشتمان و ئیدانەی ئەو زوڵم و زۆریەیان كرد بۆ سەرخاكی كوردان و بە هەدەردانی خوێنی كورد لە بەرچاوی هەموو مرۆڤایەتی و جەنگی سڕینەوە و كوشتاری بە كۆمەڵی كورد چاوپۆشی لێدەكرێت، ئەوەی جێگای سوپاس و پێزانینە بۆ بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانتاری پارتە سیاسییەكانی هۆڵەندا و كەسایەتییەكانیان و بەشداربوونیان لەنێو ڕێپێوانەكان و بەرزكردنەوەی پاڵپشتیی خۆیان بۆ كورد لە وتەكانیان بۆ ئامادەبووان جێگای سوپاسن.
بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێكی هێمنانە
هیوا عەلی بەشداربوویەكی خەڵكی باشووری كوردستان و دانیشتووی هۆڵەندایە لەنێو ئاپۆڕای چەند هەزار كەسی ئامادەبووی رەوەندی كورد لە شاری لاهای بۆ خەبات گوتی: خۆپیشاندانی كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان سەلماندی بۆ نەیارەكانی كە گەلی كورد نامرێت و لەبەرخوداندا دەبێت بۆ یەكپارچەیی كوردستان، بەشداریكردنی ئێمەش لەژێر لێزمەی باران و كەشوهەوای سارد پاڵپشتیكردن بوو لە خوشك و براكانمان لە رۆژئاوای كوردستان، لەم رێپێوانە هێمنانەی كە بەڕێوە دەچێت لەنێو شەقامەكانی شاری لاهای كە بە پایتەختی سیاسی هۆڵەندا هەژمار دەكرێت، لەگەڵمانە هەندێك لە نەتەوەكانی تری ئاشتیخوازیی جیهان، بەشداری ئەم رێپێوانەیان كرد بە یەك دەنگ جەختمان كردەوە لە یەكێتیی كورد و كوردستان و سەركۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوایەی توركیامان كرد بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.
بەهانای ئاوارەكان بچن لە دابینكردنی نان و بۆشاك
زمناكۆ حەمەعەلی بەشداربووی رێپێوانی خۆپیشاندەران لە شاری لاهای بە خەباتی راگەیاند: بەشێك لە هوتافی ئێمەی بەشداربووی خۆپیشاندەران و ڕێپێوانەكان، داوای ئەوەمان كرد لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك یەكدەنگی كورد و خۆپیشاندەران هەرچی زووە گوشار بخرێتە سەر توركیا بۆ راگرتنی لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی رۆژئاوا تا خەڵكی ئەو ناوچەیە تووشی زیاتری ئاوارەبوون و زیانی ماڵی و كوشتاری بە كۆمەڵ نەبنەوە، پێویستە بە دەنگیانەوە بچن، لە هاوكاریكردنیان لە نان و پۆشاك كە كەشوهەوا بەرەو ساردبوون دەچێت و منداڵان بەرگەی ناگرن.
كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت ناوچەكە ئارامی بەخۆیەوە نابینێت
هەڵۆ بەرزنجەیی نووسەر و روناكبیری كورد لە ئەڵمانیا، بەشدار بوو لە ڕیپێوان و خۆپیشاندانەكاندا دەڵێت: وێڕای بەشداربوونمان وەك خۆم و هاوبیرەكانم، پێكەوە بە ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان زانی، هاوسۆزی و پاڵپشتی خۆمان بەم بەشداربوونە دەربڕی و پەیامی خۆپیشاندانەكان بە گشتی دژ بە هێرش و لەشكركێشی هێزی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، دەسەلمێنن تا كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت، ناوچەكە و جیهان ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
كورد بۆ لە شەڕی كۆتاییهێنان بە تیرۆر باجی داوە
سامان كۆبانی لە نەرویژ لە رێكخەری خۆپیشاندەران، لەنێو ئاپۆڕای ڕێپێوانەكاندا بە خەباتی راگەیاند: كەمپی هۆڵ دەكەوێتە پارێزگای حەسەكە لە رۆژئاوایی كوردستان و71 هەزار چەكداری داعش و خێزانەكانیان تێیدا نیشتەجێن لەگەڵ ئاڵۆزبوونی ئەم بارودۆخە هەوڵی پشێوی و راكردنیان كردووە دەیانەوێت بارودۆخەكە ئاڵۆز بكەن، بەمەش جارێكیتر مەترسی سەرهەڵدانی داعش و خۆكۆكردنەوەیان بۆ هەلێكی تر رێكبخەن، بۆیە پەیامی ئێمە و دروشمی خۆپیشاندەران ئەوەیە بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن كە كورد لە باشوور و رۆژئاوا بۆ كۆتاییهێنان بە تیرۆریستان، باجی داوە، ئێستاش ئۆباڵی دەكەوێتە سەرشانی ئێوە كە یارمەتی كورد نەدەن، لەژێر ئاگر و ئاسن پارێزگاری لە خۆی بكات.
چیتر تەماشاكار مەبن
خاتوو پەیمان بەرزنجەیی شاعیر و چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی كورد لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەنێو خۆپیشاندەران بە خەباتی راگەیاند: خۆشحاڵم بەم لە یەك نزیكبوونەوەیەی كورد و یەكهەڵوێستیان لە بەرانبەر دژ و داگیركردنی خاكی كوردستان بە زوڵم و زۆرداریان كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە میدیاكانی جیهانی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنە ناخهەژێنەكانی رووداوەكان هەموو دنیای هێنایە سەرخەت بۆ ئیدانەكردنی ئەو كارەساتەی دەقەومێت لەبەرچاوی هەموو مرۆڤایەتی، دڵمایان پڕ كرد لە وشە بەچاوی پڕ لە فرمێسكەوە بۆ پاڵپشتی و هاوسۆزی خۆم بۆیان، كە كورد گەلێكی خۆڕاگر و لەسەرپێی خۆی وەستاوە، بەرانبەر دوژمناكانی، تكایە وڵاتانی زلهێز و یەكێتیی ئەورووپا هەڵوێست وەربگرن و چیتر تەماشاكار مەبن.
سهرهتا بهدواداچوون شەپۆلی ناڕەزاییی كوردانی تاراوگە دژ بە داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان یەكبوونی كوردان دووپاتدەكاتەوە










