كاروان كەریمخان
بە دیدێك جیهانی‮ ‬سێیەم بەو وڵاتانە دەگوترێ كە هێشتا نەكەوتوونەتە ناو‮ ‬ڕێڕەوی‮ ‬پێشكەوتن و نەبوونەتە كۆمەڵگای‮ ‬پیشەسازی‮ ‬و هێشتا هەر لە تەناش و وەستاندان،‮ ‬یان بە پێی‮ ‬پێناسە و پۆلێنبەندییە ماركسیستییەكەی‮ ‬گرێدراوی‮ ‬وڵاتانی‮ ‬پێشكەوتوون و بە پاشخان هەژمار دەكرێن‮. ‬وێڕای‮ ‬ئەمەش لە سەردەمی‮ ‬بەجیهانی‮ ‬بوون و چەرخی‮ ‬تەكنەلۆجیادا وڵاتانی‮ ‬جیهانی‮ ‬سێیەمیش پۆلێنبەندییەكی‮ ‬دیكەیان گەرەكە،‮ ‬چونكە ئەوانیش ئێستا جیاوازییان لە گەڵ‮ ‬یەكتر هەیە و ناكرێ هەموویان بە‮ ‬یەك چاویلكە سەیر بكرێن‮.‬
هەندێكیان توانیویانە تۆقی‮ ‬جیهانی‮ ‬سێیەم بپسێنن و هەریەكیان بە شێوازی‮ ‬تایبەتی‮ ‬خۆی‮ ‬ڕووەو پێشكەوتن‮ ‬ڕەوی‮ ‬گرتووە و تا‮ ‬ڕادەیەكی‮ ‬زۆریش سەركەوتوو بوونە‮. ‬بۆ نمونە چوار بەورەكەی‮ ‬ئاسیا بەورئاسا توانیویانە بە ماوەیەكی‮ ‬كەم بگەنە قۆناغی‮ ‬پێشكەوتن و لە بەندی‮ ‬جیهانی‮ ‬سێیەم‮ ‬ڕزگار بن‮. ‬لە بەرانبەردا هەریەك لە وڵاتانی‮ ‬قەتیس ماوی‮ ‬ناو بازنەی‮ ‬جیهانی‮ ‬سێیەم لە بەر هۆكاری‮ ‬ناوخۆیی‮ ‬یان دەرەكی‮ ‬چوونەتە ناو جغزی‮ ‬شومی‮ ‬دواكەوتوویی‮ ‬و نەیانتوانیوە لێی‮ ‬دەرچن‮. ‬بە واتایەكی‮ ‬دیكە دەكرێ بڵێین ئێستا وڵاتانی‮ ‬جیهانی‮ ‬سێیەمیش هەموویان وەك‮ ‬یەك نین و هەندێكیان‮ ‬ڕووەو گەشەن و هەندێكیان هێشتا لە قوڕ‮ ‬چەقیون‮. ‬پرسیار ئەوەیە كە لەو ناوە ئێستا ئێمەی‮ ‬كوردستانیی‮ ‬لە كوێی‮ ‬ڕەوتی‮ ‬پێشكەوتنین و‮ ‬ڕووی‮ ‬ئامانجمان بەری‮ ‬دەكوێدا؟ ئێمەی‮ ‬كورد تا ئێستا بۆ هەر لە ناو حەوشە و حەساری‮ ‬جیهانی‮ ‬سێیەم شێواوانە خوول دەخۆینەوە؟ وەڵامەكە دیارە،‮ ‬جگە لە جەبری‮ ‬جوگرافی‮ ‬و گۆڕانە كۆمەڵایەتییە مێژووییەكان و بەڵای‮ ‬ڕەشی‮ ‬نەفت و ستەمی‮ ‬زلهێزان‮ ‬ڕەنگە گرفتی‮ ‬ژیر نەبوون و لاوازی‮ ‬فەرهەنگی‮ ‬و لاوازی‮ ‬زانستیی‮ ‬ئێمە سەرەكیترین‮ ‬ڕیشە و هۆكارەكانی‮ ‬شكست و دواكەوتووییمان بێت‮. ‬بێگومان ئێمە لە چاو وڵاتانی‮ ‬جیهانی‮ ‬سێیەم لە‮ ‬ڕووی‮ ‬سیاسی‮ ‬ناكامترین،‮ ‬چوونكە دەوڵەتێكی‮ ‬سەربەخۆمان نیە تا خۆمان باشتر بناسین و هۆی‮ ‬دواكەوتووییمان بدۆزینەوە و توانا و سەرچاوەكانمان چاكتر ببینین و بە پێی‮ ‬ئەو شتانە ستراتیژ و نەخشە‮ ‬ڕێگای‮ ‬دەرچوون لە تۆقی‮ ‬دواكەوتوویی‮ ‬دابنێین‮. ‬جگە لەوەش بەو حكوومەت و ئازادی‮ ‬و ئیمكانیاتەی‮ ‬ئێستاش كە هەمانە،‮ ‬هێشتا كۆمەڵە گرفتێكی‮ ‬كەڵەكە بوومان هەیە‮. ‬لە هەمووی‮ ‬خرابتر ئەوەیە كە فەرهەنگی‮ ‬گشتی‮ ‬وێرانەیەكە كە دەبێ بۆی‮ ‬بگری‮ ‬یان لێی‮ ‬بار كەی‮. ‬ئەرێ،‮ ‬یەكێك لە هۆكارەكانی‮ ‬دواكەوتوویی‮ ‬ئێمە نزمی‮ ‬ئاستی‮ ‬خوێندەواری‮ ‬و فەرهەنگی‮ ‬گشتییە‮. ‬ئەم نزم بوونە بە جۆرێكە كە مانەوە لە ناو بازنەی‮ ‬نەهاتی‮ ‬جیهانی‮ ‬سێیەم لە كوردستان بە چاوێكی‮ ‬بێ چەك و زەڕەبینیش دەدیترێ‮. ‬بە واتایەكی‮ ‬دیكە ئەگەر گەشتیارێكی‮ ‬بیانی‮ ‬هەرزە و مێشكباڕ‮ ‬و ناڕوونبیر بێتە شارەكانی‮ ‬كوردستان بە ئێوارەپیاسەیەك ماك و جەوهەری‮ ‬ئێمەی‮ ‬بۆ دەردەكەوێ و هەست بە دواكەوتوویی‮ ‬ئێمە دەكات‮. ‬چونكە بەشی‮ ‬هەرە زۆریی‮ ‬خەڵك نەخۆشی‮ ‬بێ فەرهەنگییان هەیە و بە نزمی‮ ‬دەژین‮. ‬بۆ وێنە دەچیە پێشانگای‮ ‬كتێب‮ ‬ڕێژەیەكی‮ ‬كەمی‮ ‬خەڵكی‮ ‬لێیە،‮ ‬بەشێكی‮ ‬زۆری‮ ‬ئەوانەی‮ ‬كە دەشهێن‮ ‬یان لە بەر چاولێكەرییە‮ ‬یان هەندێ فەقێ و كەسانی‮ ‬ئیسلامین‮ ‬یان هەندێ گەنجی‮ ‬شارن و باڕن و بە بێ ئامانج لەو ناوە دەخولێنەوە‮ ‬یان هاتن بۆ پێشانگا پۆزێكی‮ ‬پێوەیە بۆیان‮. ‬زۆرێكیش شێوازی‮ ‬هاتن و دەرچوون و گەڕان بەدوای‮ ‬كتێبیش هەر نازانن‮. ‬لە هەمان كاتدا كە دەچیە كەبابخانەیەكی‮ ‬بە ناوبانگی‮ ‬شار جێت نیە لێی‮ ‬دانیشی‮ ‬و گوێشت لە بەر هەراهەرا كەڕ‮ ‬دەبێ‮. ‬گەورە و بچوك دەزانن كامە كەباب خۆشە و لە كامە كۆڵانە‮. ‬بۆنی‮ ‬كەباب لە هەموو گوێسوانەیەك دێ و بۆنی‮ ‬داغی‮ ‬دواكەوتوویی‮ ‬و بۆنی‮ ‬نمی‮ ‬چۆڵایەتیش لە كۆڵانی‮ ‬كتێب فرۆشان دێ‮. ‬دەچیە كتێبخانەی‮ ‬زانكۆ چۆڵگەیەكە كاكی‮ ‬بە كاكی‮ ‬و پڕە لە تەونی‮ ‬جاڵجاڵۆكە،‮ ‬بەڵام لە بەری‮ ‬ئەوبەر نادی‮ ‬قوتابیان گەرمە و گرمەی‮ ‬دێ‮. ‬ئاست و سەوادی‮ ‬زۆربەی‮ ‬مامۆستا و قوتابی‮ ‬كڕاوات بەستووی‮ ‬ئێرەش با هەر باس نەكەین،‮ ‬هەر ئەوەندە دەڵێین ئەگەر بەشێكی‮ ‬زۆری‮ ‬مامۆستا و قوتابیانی‮ ‬ئێمە مونازەرەیەكی‮ ‬زانستی‮ ‬لە گەڵ قوتابیانی‮ ‬وڵاتێكی‮ ‬دیكەی‮ ‬جیهانی‮ ‬سێیەم بكەن كەم دێنن و لە شەرمان خۆیان وەپاش دەدەن و لە كورسی‮ ‬دواوە دادەنیشن‮. ‬دەچیە بەشە ناوخۆیی‮ ‬قوتابیانی‮ ‬ئێرە زۆربەی‮ ‬زۆری‮ ‬خەریكی‮ ‬قومار و ئاتارین،‮ ‬بەڵام هەر لە دەور و بەری‮ ‬ئێمە كە دەچیە خەوگەی‮ ‬قوتابیانی‮ ‬وڵاتێكی‮ ‬دیكە،‮ ‬باسی‮ ‬زانستی‮ ‬باڵت پێوە دەنێ و پاڵت پێوە دەنێ تاكو تۆش‮ ‬ڕێچكەی‮ ‬ئەوان بگری‮. ‬وتەی‮ ‬سوقراتم دێتەوە‮ ‬یاد كە دەڵێ‮: ‬كۆمەڵگا كاتێك زۆرزان و خۆشبەخت دەبێ كە خوێندنەوە كاری‮ ‬ڕۆژانەی‮ ‬بێ‮. ‬لە وڵاتێك كە كەباب بە برەوتر بێ لە كتاب نابێتە بەهەشت بەڵكو دەبێ بە هەش‮. ‬بازاڕ‮ ‬پڕە لە چێشتخانە و خواردنگە،‮ ‬تەقە تەقی‮ ‬قاپ و لەنگەری‮ ‬و كەچك و چەنگاڵ بە وێنەی‮ ‬ڕەقەی‮ ‬كوتك و سندان دەنگی‮ ‬دێت،‮ ‬بەڵام كافە كتابێك نابینی‮ ‬كە دانیشتنی‮ ‬بە بەرهەمی‮ ‬لێبكرێت،‮ ‬ئەوەی‮ ‬هەشە پڕە لە كەڕەنا و دوكەڵی‮ ‬نێرگەلە و قلیان و‮ ‬ڕەقەی‮ ‬ئەزنیف و خوانە تێیدا بە وێنەی‮ ‬ڕەقەی‮ ‬چەكوچ و ناڵە‮. ‬بازاڕ‮ ‬و مۆڵ مۆڵی‮ ‬دەبن،‮ ‬بەڵام سینەما‮ ‬یان نیە‮ ‬یان كەسی‮ ‬تێدا نیە‮. ‬كەمن ئەوانەی‮ ‬كە دوو دەرهێنەر بناسن،‮ ‬فیلم كەمتر كاریگەری‮ ‬هەیە لە سەر‮ ‬ڕەفتاری‮ ‬تاك و كۆمەڵگا،‮ ‬شانۆ نامۆ بووە‮. ‬بۆ تۆزكاڵێ ئارامی‮ ‬دەچیە پاڕكی‮ ‬شار لە بەر دەنگی‮ ‬بەرزی‮ ‬زوڕنای‮ ‬شایی‮ ‬و‮ ‬ڕمبە‮ ‬ڕمبی‮ ‬دەهۆڵ و قیژەقیژ ئارامیت لێ دەستێندرێ‮. ‬دێیە جادە فەرهەنگی‮ ‬شۆفێری‮ ‬لە ئاستی‮ ‬مەنفی‮ ‬دایە و لە بەر سیگناڵ و دیدەدید هەراسان دەبی‮ ‬و مەیلی‮ ‬مەنفات هەیە‮. ‬چەمكی‮ ‬ئالودەی‮ ‬دەنگی‮ ‬بەرز لای‮ ‬پۆلیسیش نەناسراوە چ بگا بە خەڵك،‮ ‬هەر دەڵێی‮ ‬دایم بووك لە سەر جادەیە‮. ‬كامە سەیارەی‮ ‬مۆدێل بەرزە كەسێكی‮ ‬ئاست نزمی‮ ‬تێدایە كە بتڵی‮ ‬ئاو و جگەرە لە شوشە فڕێ دەداتە دەرێ‮. ‬دەیان هێكتار زەوی‮ ‬وڵات لە بەر بێ‮ ‬ڕەوشتی‮ ‬خەڵك بە جگەرە سوتاوە و بەم دیمەنانە تەنیا چەند كەسێكی‮ ‬ڕۆشنبیر‮ (‬تۆ بخوێنەوە‮ ‬ڕۆشنبیر شێوە‮) ‬جگەر سوتاو دەبن‮. ‬ئێوارە هێرش بۆ بازاڕ‮ ‬دێت و كەمتر بە تاكسی‮ ‬و پاس دێن،‮ ‬هەر سەیارەیە و‮ ‬یەك نەفەری‮ ‬تێدایە و ترافیكێك ساز دەكەن هەر مەپرسە‮. ‬كابرای‮ ‬دەستفرۆش شمەكەكانی‮ ‬دێنێتە سەر‮ ‬ڕەقی‮ ‬جادە و دەیفرۆشێ،‮ ‬نابێ هیچیشی‮ ‬پێ بڵێی‮ ‬لە بەر عاتیفەبازی‮ ‬بۆنداری‮ ‬سوشیال میدیاكان‮. ‬كابرای‮ ‬تەماتە فرۆش سەیارەی‮ ‬ئاخیر مۆدێل و گران قیمەتی‮ ‬پێیە و لە بەردەم دووكانی‮ ‬ڕاگرتووە‮. ‬نووسەر هەیە كتێبێكی‮ ‬نەخوێندۆتەوە و خۆی‮ ‬پێ‮ ‬ڕۆشنبیرە،‮ ‬هەم شەهادەی‮ ‬دەوێ هەم بەرپرسیارێتی‮ ‬و جارجار شیعریش دەڵێ و جگە لە خۆی‮ ‬كەس لە شیعری‮ ‬تێناگا‮. ‬زمانیان گەزێك درێژە و قسەیان لێنابڕێ،‮ ‬سێ سەعات قسە دەكەن،‮ ‬بەڵام هیچ ناڵێن‮. ‬كۆلكە مەلایەك نە موجتەهیدە و نە موقەلید،‮ ‬ملی‮ ‬میحراب دەگرێ و بە كەس ناگەڕێتەوە و مەیلی‮ ‬ئامۆژگاریشی‮ ‬هەیە،‮ ‬جگە لە تۆزێ شەرحی‮ ‬شەرع هیچ لە عیلمی‮ ‬ئەوایل،‮ ‬فیقه،‮ ‬قیاس،‮ ‬كەلام،‮ ‬ئیستیحسان،‮ ‬ئیستینبات،‮ ‬جەبر و ئیختیار نازانێ‮. ‬ئەقلیدەس و مەجسیتیشی‮ ‬نەبیستووە،‮ ‬میحرابیش بەر نادات‮. ‬جا هەندێكیشیان بەو كۆلكایەتییەی‮ ‬خۆیان خەڵك هان دەدەن ببنە حیزبی‮ ‬ئیفراتی‮ ‬ئیسلامی‮. ‬ئارەزووی‮ ‬خەڵك ئەوەیە‮ ‬ڕۆژانی‮ ‬پشوو زیاد بكرێ،‮ ‬كات هیچ نرخ و بەهایەكی‮ ‬نیە و لە ناو ئەم هەرزە بازاڕەدا لە هەموو شت هەرزانترە‮. ‬شەوانە ماڵەكان لە بەر سەمای‮ ‬گڵۆپی‮ ‬زۆر و‮ ‬ڕەنگاوڕەنگ دەڵێی‮ ‬چراخانن،‮ ‬گلەیی‮ ‬گرفتی‮ ‬بێ كارەبایشیان هەیە و هەزار جنێو بە قڕانێك‮. ‬ئاو بە فیڕۆ دەڕوا و شێرە لە گەڵ بۆڕی‮ ‬و لولە بێگانەیە،‮ ‬ئەوەی‮ ‬هەشە سواوە و ناگیرێتەوە،‮ ‬ئەو‮ ‬ڕۆژانەی‮ ‬نۆبە ئاوە‮ ‬ڕووباراو بە شەقامدا دەڕوا‮. ‬هەستی‮ ‬دارچاندن نەك هەر لاوازە و گەڕەگ هەیە هیچ جیاوازییەكی‮ ‬لە گەڵ سەناعە نیە،‮ ‬بەڵكو دەبێ بۆ هەر دارێك كامێرایەك دابنێی‮ ‬نەوەك بیبڕن،‮ ‬بە سەری‮ ‬تۆ جاری‮ ‬وا بووە پۆلیسی‮ ‬ژینگە بەو هەموو قۆپچە و ماشەڵایەی‮ ‬داری‮ ‬تەڕی‮ ‬داوەتە بەر تەور‮. ‬دەچیە هەندێك فەرمانگە لە دەركەوانڕا بگرە هەتا مودیر ئادابی‮ ‬كەلام و قسە كردنیان نیە و تەنانەت لە وشەیەك كە باری‮ ‬ئەدەبی‮ ‬جوانی‮ ‬تێدا بێت هەر تێناگەن‮. ‬لە جیاتی‮ ‬فەرموو دەڵێ هااا،‮ ‬نازانێ بڵێ تكایە دەڵێ جێكە،‮ ‬هەندێك بازگە نازانن بڵێ تەشریف بێنە بۆ پشكنین،‮ ‬دەڵێ لادە،‮ ‬میوانی‮ ‬بیانییان لە سەر جام نەهێنانەخوارەوە هێناوەتە خوار و جامی‮ ‬كەسایەتییان شكاندووە و سوكایەتییان پێ كردووە‮. ‬لە زۆربەی‮ ‬جێیەكان وشەی‮ ‬تەشریف و تەشریب لێك ناكرێتەوە‮. ‬نووسینی‮ ‬سەر دوكان و شوێنەكان و تەنانەت ناوی‮ ‬زانكۆ دەبینی‮ ‬هەموووی‮ ‬هەڵە و پەڵەیە،‮ ‬بۆ وێنە نوسراوە زانكۆی‮ ‬هەولێری‮ ‬پزیشكی‮ ‬لە جیانی‮ ‬بنووسرێ زانكۆی‮ ‬پزیشكی‮ ‬هەولێر‮. ‬بە تەلەفزیۆنەكاندا دەڕۆی‮ ‬زمانی‮ ‬كوردییان بە كەیفی‮ ‬خۆیان سواندوووە‮. ‬لە باشوری‮ ‬كوردستان لەمێژە زمانی‮ ‬كوردی‮ ‬ئازادە،‮ ‬بەڵام سەیر لەوە دایە كوردەكانی‮ ‬پارچەكانی‮ ‬دیكە كە زمانیان قەدەغەیە بە شێوەیەكی‮ ‬ستوونی‮ ‬كوردیزانی‮ ‬باشتری‮ ‬لێیە لە ئێمە‮. ‬دەچیە مۆزەخانە چۆڵە و فیتە لێدەی‮ ‬دار و دیوار دەنگ دەداتەوە،‮ ‬بەڵام ئەگەر بێ سەروسامانییەك‮ ‬ڕوویدا بۆ تاڵانی‮ ‬شتی‮ ‬بە بەهای‮ ‬وەك كەتیبە،‮ ‬گۆزە،‮ ‬ڕم و تیر و لیرە،‮ ‬هێرش دەكرێتە سەر مۆزەخانە و نموونەكانی‮ ‬شارستانێتی‮ ‬خۆیان تاڵان دەكەن‮. ‬هەینی‮ ‬لە مزگەوت جێت نیە لێی‮ ‬دانیشی،‮ ‬هەر ئەو‮ ‬ڕۆژە سەرێك بڕۆ مەیخانەیەكی‮ ‬شار مێزێكت بەر ناكەوێ‮. ‬دەچیە پێشانگای‮ ‬سەیارە‮ ‬ڕێی‮ ‬ڕێدار نیە،‮ ‬سەد سوێند و تەڵاق لە سەر نرخ دەخۆن‮. ‬پیادەڕەوی‮ ‬شەوانیش هەر نیە،‮ ‬نێرە شارێكە هەر مەپرسە‮. ‬دەچیە مەلەوانگە لە بەر قاڕەقاڕ‮ ‬مێشكت دەچێ،‮ ‬دەچیە تێرمیناڵ هەرایە،‮ ‬نووسینگەی‮ ‬گواستنەوە هەن،‮ ‬بەڵام لە سەر جادە جاڕ‮ ‬لێدانی‮ ‬شۆفێران هێڕت دەكا‮. ‬جیاوازی‮ ‬لە نێوان كۆنسێرت و ئاهەنگی‮ ‬جەماوەری‮ ‬ناكرێت‮. ‬دانیشتنی‮ ‬تەلەفزیۆنی‮ ‬عەرەب ئاسا دەبێتە شەڕە قسە،‮ ‬ڕەخنە‮ ‬ڕێی‮ ‬نیە‮. ‬ژینگەیان كردۆتە پیسگە و هەر ئاو و كانییەك كە دەچی‮ ‬پڕە لە بتڵ و حەفازە و لە بەر نایلۆن و پاشماوە ئاو پینگاوی‮ ‬داوەتەوە‮. ‬لێرە بە سەیارە و خانووی‮ ‬جوان و‮ ‬ڕەقەمی‮ ‬جوان دەڵێن شەخسییەت‮. ‬لە ناو نەتەوەكانی‮ ‬دیكە داهات و پارە هەلی‮ ‬پێشكەوتن و هەلی‮ ‬خۆ پێگەیاندن ساز دەكات،‮ ‬بەڵام لێرە زۆربەی‮ ‬لە منداڵە بەرپرس و دەوڵەمەندە لاكچەرییەكان ئیملایان‮ ‬غەڵەتە و توانای‮ ‬چاوپێكەوتنێكی‮ ‬زانستییان نیە‮. ‬بە كوردی‮ ‬فەرهەنگ لە ئاستێكی‮ ‬قەیراناوی‮ ‬دایە و دەبێ فاتیحای‮ ‬بۆ بخوێنی‮. ‬ئەگەر میوانێكی‮ ‬بیانیت لە گەڵدا بێ دادەڕزێی‮ ‬و شەرم لە خۆت دەكەیەوە‮. ‬ئێمە وڵاتێكین لە قات و‮ ‬ڕیبات و ژمارەی‮ ‬ڕۆند و سەریارەی‮ ‬فەخم و پۆزێكی‮ ‬گەورە و ناوك بەتاڵ زیاتر هیچمان نیە،‮ ‬بۆیە ئەنگی‮ ‬جیهانی‮ ‬سێیەم بوون لە نێوچاوانی‮ ‬ئێمە دێ‮. ‬بە قەولی‮ ‬سوارە وای‮ ‬لێهاتووە بڵێین‮: ‬ئەڵێم بڕۆم لە شارەكەت‮.. . ‬ئێمە وادەزانین ئاسانسۆر و كوسپەی‮ ‬كارەبایی‮ ‬و بینای‮ ‬شووشەیی‮ ‬بەرز و سەیارەی‮ ‬مۆدێل بەرز و ژمارەی‮ ‬جوان و مۆڵ پێشكەوتن دێنێ،‮ ‬بەڵام پێشكەوتن كاتێك‮ ‬ڕوودەدا كە فەرهەنگسازییەكی‮ ‬چاك بكرێت و زانكۆی‮ ‬بەهێز لە وڵات درووست بن و بەرهەمی‮ ‬زانستییان لێ بچۆڕێتەوە و گوێ لە مەغزە پڕ‮ ‬نەغز و هزرەكان بگیرێ،‮ ‬فەرهەنگی‮ ‬كتێب خوێندنەوە و سینەما و شانۆ پتەو بكرێت و هونەر ببێتە كارێكی‮ ‬گشتی‮. ‬پێشكەوتن كاتێك سەرهەڵدەدات كە ئاستی‮ ‬خوێندەواری‮ ‬و سیوات و فەرهەنگی‮ ‬گشتی‮ ‬و زانیاری‮ ‬و زانست بچێتە سەرێ نەك وڵات پڕ‮ ‬بێ لە شەهادەی‮ ‬پووشاڵی‮ ‬و زانكۆی‮ ‬ژانكۆ‮. ‬سەیر لەوەدایە ئەو خەڵكانەی‮ ‬ئێمە كە لە هەندەرانیش دەژین زۆربەیان هەر خەریكی‮ ‬كاری‮ ‬بێ نرخ و مایەن و كەمتر هەڵكەوتوویان لێ هەڵكەوتووە‮. ‬دەچیە تاراوگە نەتەوەكانی‮ ‬دیكە دەبینی‮ ‬هەمووی‮ ‬لە شوێنی‮ ‬وەك ناسا و لە زانكۆ و توێژگە گەورەكان كار دەكەن‮ ‬یان لە نەخۆشخانەكان پزیشكی‮ ‬بەناوبانگیان لێ دەرچووە و بوونەتە مایەی‮ ‬شانازی‮ ‬نەتەوەكەی‮ ‬خۆیان،‮ ‬ئەوانەی‮ ‬ئێمە لە وڵاتانی‮ ‬ڕۆژئاوا كەمتر لە زانكۆكانن،‮ ‬بەڵكو زیاتر خەریكی‮ ‬پیتزا لێنان و شەڕە قسەن لە سەر فەیس بووك،‮ ‬كە دەشهێنەوە بێزیان لە ئێمە هەڵدەستێ‮. ‬تەنانەت ئەوانەی‮ ‬كە نەسلی‮ ‬دووەمی‮ ‬دیاسپۆران و لەوێ لە دایك بوون و هەرگیز كوردستانیان نەدیوە و لە ناو سیستەمی‮ ‬وڵاتێكی‮ ‬پێشكەوتووی‮ ‬جیهانی‮ ‬یەكەم گەورە بوونە،‮ ‬زۆربەیان نەبوونەتە هیچ‮. ‬زۆربەی‮ ‬خەڵكی‮ ‬ئێمە كە بۆ گەشت دەچێتە دەرەوە كاتێ كە دەگەڕێتەوە تەنها باسی‮ ‬خواردنەكان دەكەن و هیچی‮ ‬لە سەر مێژووی‮ ‬سیاسی،‮ ‬كۆمەڵایەتی‮ ‬و‮.. ‬ئەو وڵاتە وەرنەگرتووە‮. ‬سەیر لەوەدایە لە كۆندا ئەگەر گەشتیارێ‮ ‬یان بازرگانێك سەفەری‮ ‬وڵاتێكی‮ ‬دیكەی‮ ‬كردبا چەندین سەفەرنامە و حەیرەت نامەی‮ ‬دەنووسی،‮ ‬بە جۆرێك كە ئێستاش لێكۆڵەران بۆ زانینی‮ ‬مێژووی‮ ‬كۆمەڵایەتیی‮ ‬وڵاتان چاو بە سەفەرنامەكاندا دەخشێننەوە‮. ‬ئەو قسانە شتێك نین كە لە خۆڕا تاشرابن،‮ ‬بەڵكو ئەو فەكتە كۆمەڵایەتی‮ ‬و فەرهەنگیانەن كە بە بێ زانستێكی‮ ‬قووڵی‮ ‬كۆمەڵناسی‮ ‬بە چاوێكی‮ ‬سادە و ئاسایی‮ ‬دەبینرێن و هەموومان شاهیدی‮ ‬ئەم دیاردانەین‮. ‬ئەم بابەتە بۆیە بە چاوێكی‮ ‬گشتی‮ ‬سەیر كراوە چونكە،‮ ‬ڕێژەكەی‮ ‬زۆرە،‮ ‬بۆیە ئەگەر شەلم كوێرم نابوێرم،‮ ‬تەڕ‮ ‬و وشك پێكەوە بسوتێنین جێی‮ ‬گلەیی‮ ‬نیە،‮ ‬چونكە شتەكە لە ئیستیسنا دەرچووە و بۆتە دیاردە،‮ ‬بۆیە وا باشترە چیتر لە كودولەدا بانگ نەدەین و ئەوەی‮ ‬بن بەڕ‮ ‬بێنینە سەر بەڕ‮ ‬و باسی‮ ‬بكەین‮. ‬پێویستە‮ ‬ڕەخنە لە خۆمان بگرین و هۆكاری‮ ‬دواكەوتوویی‮ ‬لە خۆماندا ببینین‮. ‬ئەو دیاردانە ئەو پرسیارە دێزێننە ناو مێشك كە ئایا ئەو نەخۆشییە مەرگاوییە و ئەم خەفە بوونە مافی‮ ‬خۆمانە؟ ئاخۆ ئەو‮ ‬ڕۆژە دێ مەرهەمێك بۆ ئەو دەردە مرداراوییە بگیرێتەوە؟ ئەو دكتۆرانە كێن كە دەرمانی‮ ‬چارەسەر دەدۆزنەوە؟ چەندی‮ ‬پێدەوێ تاكوو ئەم نەخۆشیانە چارە دەكرێن؟ ئەم دەردە دەردی‮ ‬مردنی‮ ‬مەعنەوییە‮ ‬یان دەردی‮ ‬لە دایك بوونێكی‮ ‬پڕ‮ ‬لە هیوایە؟ لەو ناوە ئەركی‮ ‬فەرهەنگ سازی‮ ‬حكوومەتی‮ ‬كوردستان چیە و چۆنە و دەرئەنجامی‮ ‬كەی‮ ‬دەبینرێ؟ ئایا كاتی‮ ‬ئەوە نەهاتووە كە هۆی‮ ‬پەتایەكە بدۆزرێتە و كاری‮ ‬چارەسەری‮ ‬بۆ بكرێ؟‮ ‬یان ئایا ئەو نەخۆشییە بە سەد دكتۆر و نەشتەر چارە دەكرێ؟ ئایا نەسڵی‮ ‬ئێمە لە ناو ئەو پرسیارانەدا وەر دەداتەوە و هەر وا بۆنی‮ ‬سووتمانی‮ ‬بێ هیوایی‮ ‬بۆ دێت‮ ‬یان‮ ‬ڕۆژێك دێ شان لە شانی‮ ‬پێشكەوتوان بدات و ملی‮ ‬كەچی‮ ‬ڕاست بكاتەوە؟؟